106وتار

ئاڵنگارییەکانی سستمی پەروەردە و فێربوونی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد

6/3/2025 8:10:00 PM
رەهێڵ دزەیى

ئاڵنگاریەکانی سستمی پەروەدەر و فێربوونی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی (زیرەکی دەستکرد).(AI) Artificial Intelligence 
 زیرەکی دەستکرد یەکێکە لەو داهێنانە تازانەی کە گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی و بەرچاوی لە بواری فێربوون هێناوەتە کایەوە و سودێکی یەکجار زۆری بەم بوارە گەیاندوە، نەک تەنها لە بواری فێربوون بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیان گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەدەستهێناوە و دەهێنێت.
 دیارە لەگەڵ ئەم هەموو سوودەی زیرەکی دەستکرد بە بواری پەروەردە و فێربوون دەبەخشێ، بێگومان لایەنی نەرێنیشی هەیە. فێربوون لە گەڵ زیرەکی دەستکرد چێژ بە فێرخواز دەبەخشێ و هانی زیاتری دەدات بۆ فێربوون و هەوڵی زیاتر بدات بۆ گەڕان بەدوای زانیاری زیاتر و گەشەکردنی ئاستی مەعرفی خۆی.
 لەگەڵ زیرەکی دەستکرد ئەرکی مامۆستا ئاسانتردەبێ و هاوکاری مامۆستا دەبێت بۆ ئەوەی پلانی وانەبێژیەکەی بە شێوازێکی سەردەمیانە بێت و مێتۆد و ئامرازی پێشکەوتوو و جیاجیا بەکاربهێنێت و وانەکەی بگونجێت لەگەڵ ئاستی هەریەک لە فێرخوازەکان بەجیا.
مامۆستا بەشەکی زۆری ئەرکی بەڕێوەبردنی لێ سووک دەبێت، وەک هەڵسەنگاندنی ئاستی فێرخوا . لە ئێستادا مامۆستا کاتێکی زۆر بەکاردەهێنێت بۆ سەیرکردن و ڕاستکردنەوەی ئەو ئەرکانەی بە فێرخوازەکانی دەدات، لەگەڵ زیرەکی دەستکرد ئەم ئەرکە لەسەر مامۆستا نامێنێت و کاتێکی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە، مامۆستا کاتی زیاتری دەبێ بۆ ئەوەی هەوڵ بدات و بگەڕێت بەدوای باشترین و سەردەمیانەترین شێواز بۆ گەیاندنی زانستەکان بە فێرخوازەکانی وە بە باشترین شێواز فێربن. زانست و زانیاریەکان لەلای فیرخواز دەبێت بە مەعرفەت و لە زاکرەی درێژخایەنی دەمێنێتەوە و سودی لێدەبێنێت لە ژیانی ڕۆژانە و کارەکانی لە دواڕۆژدا. لەگەڵ زیرەکی دەستکرد فێرخواز بەرپرسیارە لە پرۆسەی فێربوونی خۆی ڕۆڵی سەرەکی هەیە و مامۆستا ڕۆڵی نیشاندەر و رێنمایکەر دەبێنێت.
 سستمی کلاسیک ناگونجێ لەگەڵ سەردەمی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد. لە سستمی کلاسیک مامۆستا سەنترە، مامۆستا وانە دەڵێتەوە و فێرخواز گوێدەگرێت و هیچ ڕۆڵێکی نییە لە پرۆسەی فێربوونی خۆی
. سستمی پەروەردە و فێربوون گەشە و بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لەم وڵاتانەی گرنگی و بەهای سستمی پەروەردە وفێربوون دەزانن لە گەشەکردنی کۆمەڵگا و کۆی کایەکانی وڵات، بۆیە کات و هەوڵ و بوجەی زۆریان تەرخان کردوە بۆ ئەم بوارە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زانست و تەکنەلۆژیا هاوتەریب ڕۆیشتوون و سوودیان لێوەرگردتووە و زەمینەسازیان بۆ کردوە، بۆیە ئێستا لەگەڵ داهێنانی زیرەکی دەستکرد، کێشەی زۆریان ڕووبەڕوونابێتەوە، دەتوانن بە باشترین شیوە سوود لەم داهێنانە وەربگرن.
 لە هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا سستمی کلاسیک پەیڕەو دەکرێت، مامۆستا سەنترە ومەنهەجێکی قورس و کەم سوود بەخش چەسپێندراوە بەسەر فێرخوازان. فێرخواز تەنها ئەو زانیاریانەی لەلایەن مامۆستا پێدەوترێتەوە فێردەبێت زانیاری لە شوێندی تر وەرناگرێت. تەکنەلۆژیا بوونی نییە یان زۆر سنوردارە لە فێرگاکانی هەرێم ئەمەش وایکردوە وەک پێویست فێرخواز و تەنانەت مامۆستاکانیش شارەزایان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە پرۆسەی فێربوون سنورداربێت.
 هەوڵ نەدان و کارنە کرد بۆ گۆڕینی سستمی پەروەردە و فێربوون لە هەرێمی کوردستان، لە سستمێکی کلاسیکی دواکەوتوو بۆ سستمێکی هاوچەرخی پێشکەوتوو، ئاڵنگاری زۆر دەخاتە بەردەم پرۆسەی فێربوون لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد. سستمی پەروەردە و فێربوون هێشتان قۆناغی کلاسیکی بەجێنە‌شتووە ئاشنا و شارەزایی لەلا دروست نەبوو بە سستمی هاوچەرخ و دیموکرات و پێشکەوتوو، چۆن دەتوانێ پازبدات و لەگەڵ سەردەمی زیرەکی دەستکرد خۆی بگونجێنێ و سوودی لێوەربگرێت.
ئەم دواکەوتنە و بێخەمییەی بەرپرسانی کەرتی پەروەردە و فێربوون بۆ باشکردن و گۆرینی سستمی پەروەردە و فێربوون لە سستمێکی کلاسیکی کۆن کە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریە گەورە و زۆرانەی لە جیهان ڕوودەدەن وایکردوە نەکرێ سوود لەم داهێنانە وەربگرین و بتوانین نەوەیەکی پڕ لە مەرعرفەت و زانست و ئاشنا بەو زانست و داهێنانەی بەبەردەوام ڕوودەدات لە گشت بوارەکان بەرهەم بێنین، ئەمەش وادەکات کۆمەڵگاکەمان زیاتر بەرەو دواکەوتووی بچێت و نەتوانێ خۆی بگونجێنێ لەگەڵ گەشەکرد و گۆڕانکاریەکانی ڕوودەدات لە جیهان.
 لەگەڵ کرانەوەی جیهان و بوونی ئینتەرنێت، ڕێگری لە هاتنی زیرەکی دەستکرد بۆ ناو کۆمەڵگاکەمان ئەستمە. کە ئامادەباشی بۆ هاتنی ئەم داهێنانە و نەبوونی هۆشیاری بەکارهێنانی نەکرێ، کێشەی گەورە ڕوو لە کۆمەڵگاکەمان دەکات، لە پرۆسەی خوێندنیش بە هەمان شێوە مامۆستا بەربەستی زۆری ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لە هەندێ کات دا فێرخواز زانیاری زیاتر دەبێ لە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە مامۆستاکەی، ئەمەش وادەکات مامۆستا ئەو پایەی لەدەست بدات لەسەری ڕاهاتبوو کە تاکە سەرچاوەی زانیاریەکانە.
لە بری ئەوەی سوود لە لایەنە ئەرێنیەکانی ئەم داهێنانە مەزنە وەربگرین، لایەنە نەرێنیەکانی زیرەکی دەستکرد زیاتر زاڵ دەبێت لە کایەی فیربوون و گشت کۆمەڵگا. پرسیارکە ئەوەیە: ئایا دەسەڵات وبەرپرسانی کەرتی پەروەردە و فێربوون، پلان و بەرنامەیان هەیە بۆ خۆئامادەکردن و ڕووبەڕووی ئەم گۆرانکاریانەی لە گشت بوارەکان ڕوودەدات بە هاتنی زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی بە ئاستێکی زیاتر لە کایەکانی حکومرانی و کۆمەڵگا؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن