12وتار

کورسی هاوڕێیەتی

12/25/2025 2:44:00 PM
رەهێڵ دزەیى

ئەرکی فێرگا تەنها ئەوە نییە فێرخوازەکان فێری خوێندن و نوسین و زانستەکان بکات، بەڵکو ئەرکی زۆر لەوە زیاتر و گەورەترە.

فێرگا ئەرکێکی زۆر گەورە و پیرۆزی لەسەرشانە، ئەرکیەتی مرۆڤێکی تەندروست باش لە ڕووی جەستەیی و دەروونی پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات، مرۆڤێکی باوەڕ بەخۆ و پڕ لە زانست ومەعرفەت بتوانێت وڵات بەرەو گەشکردن و پشکەوتن ببات. 

ئاشکرایە لە کۆمەڵگای ئێمە پەروەردەیەکی یەکگرتوومان نییە، خێزانەکان بەپێی ئاستی هوشیار و تێگەیشن و ئەو شێوازەی لەسەری پەروەردە کراون منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، بە گشتی شێوازی پەروەردەی خێزانەکان شێوازێکە لە باوانیان بۆیان بەجێ ماوەتەوە و تاڕادەیەک سەردەمیانە نییە و هەڵەی پەروەردەیی زۆری تێدایە و نزیک نابنەوە لە ناخی منداڵەکانیان و هەست بە کێشە وردەکانیان ناکەن، دەکرێ ئەم کێشە وردانە گەورەبن و ببن بە گرێیەکی دەروونی و کاریگەری هەبێ لەسەر دروست کردنی کەسایەتیان، فێرگاش وەک پێویست کاری نەکردوە لە پەروەردە کردنی فێرخوازەکان بە فەلسەفەیەکی یەکگرتوو. 

لە سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان، بوونی فەلسەفەیکی پەروەردەیی دیاری کراو نابیندرێ، بۆ ئەوەی بتوانرێت فێرگاکان کاری لەسەر بکەن و هەوڵ بدرێت لە ڕێگایەوە پەروەردەیەکی یەکگرتوومان هەبێ، یان پەروەردەیەکی تا ڕادەیەک نزیک لەیەکترمان هەبێ. 

یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی فێرگا، پێش فێرکردنی خوێندن و نوسین و زانستەکان، فێرکردنی فێرخوازەکان، شێوازی مامەڵەکردن و گفتۆکردن و دروستکردنی پەیوەندیەکی دروست لەگەڵ یەکتر و هاوکاری یەکتر و هەست کردن بە یەکتر و  چۆنیەتی دروست کردنی هاوڕێیەتی و پاراستنی. 

بەشێک لە منداڵان بە هەر هۆیەک بێت، پەروەردەی خێزان یان هەر هۆکارێکی تربێت توانای دروست کردنی هاوڕێیەتیان نییە، یان بوێری ئەوەیان نییە دەستپێشخەربن لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوپۆلەکانیان و کاتەکان بەتەنیا بەسەر دەبەن لە فێرگا، ئەمەش وادەکات هەست بە تەنیایی و نارەحەتی بکەن و  چێژ لە فێرگا وەرنەگرن. 

بەهەند وەرنەگرتنی ئەو کێشەیە، کاریگەری دەبێت لەسەر کەسایەتی فێرخواز و بەردەوام دەبێت لەگەڵی، لە گەورەبوونیشی توانای دروستکردنی پەیوەندیەکی باش نابێت لەگەڵ دەورووپشتی. 

فێرگا ئەرکیەتی چارەسەری ئەم کێشانە بکات و پلان و بەرنامەی هەبێت، لە قوناغی سەرەتایی فێری فێرخوازەکان بکات مانای هاوڕێیەتی چییە و چۆن هاوڕێیەتی دروست بکەن و چۆن پارێزگاری لێبکەن و شێوازی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بەکام ئاراستە بێت. 
مێتۆدی گرووپ یەکێکە لە میتۆدە باشەکان یارمەتی فێرخوازەکان دەدات کار بەیەکەوە بکەن و بەرکەوتەیان لەگەڵ یەکتر هەبێت. 

کورسی هاوڕێیەتی:  یەکێکە لە بیرۆکە سەرکەوتوەکان بۆ نزیک کردنەوەی فێرخوازەکان لەیەکتر و هەست بە یەکتر کردن و گیانی هاوکاری کردنی لە ناخیان دروست دەکات. 

لە گۆڕەپانی فێرگا لە شوێنێکی دیاری کراو چەند کورسیەک، سێ یان چوار کورسی دابندرێت و لەسەری بنوسرێ کورسی هاوڕێیەتی. شوێنەک بێت بۆ ئەو منداڵانەی هاوڕێیان نییە یارییان لەگەڵ بکەن بچن لەسەر کورسیەکان دابنیشن. 

مامۆستاکان لە پۆلەکانیان باس لە گرنگی کورسی هاوڕێیەتی بکەن، فێرخوازەکان فێربکەن هەر کە بینیان منداڵێک لەسەر کورسی هاوڕێیەتی دانیشتوە بچن بۆ لای و داوای لێبکەن بەشداربێت لەگەڵیان لە یاری کردن. 

ئەمە وادەکات منداڵەکان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و گیانی هاوکاری کردن لەلایان بەرزبێتەوە، لەبەرامبەردا ئەو منداڵەی لەسەر کورسی هاوڕێیەتی دادەنیشێ، بوێری ئەوەی لەلا دروست دەبێ ڕووبەڕووی کێشەکانی ببێتەوە و بەدوای چارەسەر بگەڕێ و فێردەبێت داوای هاوکاری بکات کاتێک بەخۆی نەیتوانێت کێشەکەی چارەسەربکات، لەگەر ناخی خۆی ئاشت دەبێتەوە. 

منداڵەکان فێردەبن هەموو مرۆڤێک ئاساییە لە ژیانیدا تووشی کێشە ببێتەوە  و  دەکرێ هانا بۆ کەسە نزیک و هاوڕێ دڵسۆزەکانیان ببەن بۆ وەرگرتنی هاوکاری، نەک لە ناخی خۆیان بیهێلنەوە و گەورەبێت و کاریگەری هەبێت لەسەر ژیانیان. 

بە هاوکاری کەسە نزیکەکان و بە قسەکردن و دەربڕینی هەستەکانمان دەکرێ بەشەکی زۆر لە نارەحەتیەکانمان بڕەوێتەوە و ژیانمان خۆشتر و ئاسانتربێت. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن