سەرەتای مانگی ١٠ باران دەستپێدەکات
05:22 - 21/09/2026
زەمەن_هەواڵ
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ لەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی گەرمای کاتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا یەکەم شەپۆلی باران بارین دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سبەینێ سێشەممە بارستەهەوایەکی گەرم لە ناوچەکانی باشووری عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵدەکشێت و بەهۆیەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا و بەتایبەت لە یەکەم ڕۆژی وەرزی پایزدا کە دەکاتە چوارشەممە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو (٣ بۆ ٥) پلە بەرز دەبنەوە.
لە بەشێکی تری پێشبینییەکانیدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە، لە ڕۆژی پێنجشەممە (24ـی ئەیلول) تا کۆتایی مانگ، کاریگەریی ئەو گەرمایە کەمدەبێتەوە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی ئاسایی ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.
سەبارەت بە دەستپێکی وەرزی بارانبارینیش، ئاراس جەبار پێشبینی دەکات کە لەدوای ئەو گۆڕانکارییانە، لە نێوان 2 بۆ 5ـی تشرینی یەکەمی داهاتوودا، یەکەم شەپۆلی بارانبارینی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە.