42وتار

لە چاوەڕوانی حکومەتێکی شکخستخواردودا .

11/23/2024 10:56:00 AM
عومەر عەلی محەمەد

ئەگەر سەیری بارودۆخ و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەین، لە سایەی حکوومەتی ڕابردوودا تووشی دەیان گرفت و قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی بووە، هاوڵاتی هەستی نەکردووە کە خاوەنی حوکمڕانیەکە کە هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات لە ئاست ژیان و کەرامەتیدا، بەڵکو گرووپێک بوون بە عەقڵیەتێکی حیزبی کاریان کردووە کە هەموویان خاوەنی ئەجیندا و پلانی تایبەتی خۆیان بوون، کە لە ورگ و گیرفانیان تێپەڕی نەکردووە. لەبەر ئەوە هاوڵاتی ڕۆژ بۆ ڕۆژ هەستی بە گرانبوونی باری گوزەران و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی پلانی پەرەپێدان کردووە.  لە کۆتا ڕۆژەکانی حکوومەتی ڕابردووشدا تەواو مانای حکوومەت لە دیدە سیاسیەکەی دابڕاو تەنها ڕۆڵی حەواڵەیەکی بینی بۆ گواستنەوەی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 حکوومەتی پێشوو بەو جۆرە مێژووی خۆی نووسیەوە و بەو وێنایەوە خواحافیزی لە هاوڵاتییانی کرد.

  لە ئێستادا کە هەڵبژاردنی پەرلەمان تەواو بووە و ئەنجامەکانی ڕاگەیانراوە، بەهۆی ئەوەی کە هەڵبژاردنەکە بە ویستی پارتە حوکمڕانەکان دیزاین کرابوو، کورسییەکانیشیان بە نزیک لە هەڵبژاردنی پێشوو بوو، واتا هەڵبژاردن گۆڕانکارییەکی ئەو تۆی لە نەخشەی سیاسی پارتەکان نەگۆڕی، بەڵکوو لە سیناریۆیەک دەچوو، کە هەمان دۆخی سیاسی بەرهەم هێنایەوە بۆ ئەوەی دوو پارتە حوکمڕانەکە بە هەمان ستایلی پێشوو درێژە بە حوکمڕانی دوو لایەنە بدەن ،کە پڕ بووە لە ململانەی حیزبی لەسەر زیاتر دەستگرتن بە سەر دەرامەت و سامانی نیشتمانی و زیاتر ڕێگە خۆشکردن بۆ ئەوەی کۆمپانیا حیز بیەکان دەست بگرن بە سەر داهاتی نەوت و گاز و ناوخۆ و زیاتر دەستخستنە بینی هاوڵاتی بۆ ئەوەی بە تەواوی بیخنکێنن.

حکوومەتی داهاتوو هەمان نەخشە و پێکهاتەی حکوومەتی ڕابردووە، سەرۆک و جێگر هەمان کەسایەتین و ستراتیجیەت و پلانی حکوومەتیش درێژەکێشانی هەمان ئەجیندای حیزبیە و هەموو ڕێککەوتن و کۆبوونەوەکانیشیان بۆ بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەییەکانیانە و ئەوەی کە باس نەکرێت پلانی گەشەپێدان و بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی و مافەکانی هاوڵاتیە .

لە لایەکی تریشەوە دروست کردنی پەرژینێکی ئەمنی و سەربازییە بۆ پاراستنی حیزب و بنەماڵەکانیان ،لە چوارچێوەی کۆمەڵێک دەزگاو هێزی پێشمەرگە کە تایبەتن بەحیزب،نەک وەک هێزێکی نیشتمانی .بەم هۆیەشەوە هەرێمی کوردوستان زیاتر بەرەو کۆمەڵگەیەکی سەربازی دەچێت نەک مەدەنی،بەمەش زیاتر کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن ی سیاسی دەکەوێتە ژێر گوشارو لە جوڵەو گەشەکردنیدا لاواز دەکرێت،بەم هۆیەشەوە دیموکراسی لە هەرێمی کوردوستاندا زیاتر لاواز دەبێت و دامەزراوەکانی بێ ڕۆڵ دەکرێن و تەنها هەڵبژاردن دەهێڵنەوەو ئەویش تەنها بۆ مەبەستی شەرعیەت دانەوەیە بە حوکمی دوو بنەماڵەکە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن