48وتار

وێناکردنی دوژمن وەک فەوزایەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا

9/22/2024 3:47:00 PM
عومەر عەلی محەمەد

لە لای ماکیاڤیلی بوونی دوژمن شتێکی پێویستە بۆ حوکمڕانەکان ،چونکە لە بەرامبەر بوونی دوژمندا دەسەڵات هەموو ئامادەکارییەک دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پاراستنی شکۆی دەوڵەت. هۆ بز دەڵێت: خەڵک بەرامبەر بە یەکتر توندوتیژ مامەڵە دەکەن، بەمەش ئەو دەستەواژەیە جێبەجێ دەکەن کە دەڵێت مرۆڤ وەک گورگ وان بۆ یەکتر .مرۆڤی سەرەتایی لەسەر ئەو دیدە مامەڵەیان کردووە کە دەڵێت: هەمووان لە جەنگ داین دژ بە یەکتر .توندوتیژیش هیچ نییە تەنها پێشدەستیە بۆ ترسێک کە ڕووبەڕومان دەبێتەوە.

دوژمن بە شێوەیەکی گشتی ئەتوانین بڵێین دوو جۆرن، جۆرێکیان دەرەکیە کە مەترسیە لەسەر کیانی دەوڵەت، کە مەبەست لێی گەل و نیشتیمانە، جۆرێکی تریش ناوخۆییە کە هەر پارت و حوکمڕانێک بە جۆرێک وێنای دەکات و بۆ مەبەستێکی دیاری کراوبەکاری دەهێنێت.

 

لە هەرێمی کوردستاندا لەبەر ئەوەی حکوومەتێکی نیشتمانیی یەکگرتووی خاوەن سەروەری بوونی نییە و هەتا ئێستاش وەک دوو زۆن خۆیان وێنا دەکەن، لەبەر ئەوە نەتواندراوە خاوەنی دامەزراوەیەکی ئاسایشی نیشتمانی و پەرلەمان و حکوومەتێکی یەکگرتوو بن، هەتا بتوانن دوژمنە دەرەکییەکان دیاری بکەن و خاوەن ستراتیجیەتێک بن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی، لەبەر ئەوە ئەم دوو پارتە حوکمڕانە بە دیوەکەی تردا ئەو دوژمنانەی کە دیارییان دەکەن، لە ناوخۆدایە وتە هەمو هێزو توانایان لە ڕوبەڕوبەنەوەی ئەویتری کوردایەتی نەک ناکورد.

 

واتە بەردەوام کار دەکەن لەسەر وێناکردنی ئەوی تر بە دوژمن، ئەم وێنایەش لە ناخی هەر تاکێکی یەکێتی و پارتیدا بەرجەستە بووەو هەر لە سەرەتای شەستەکانەوە هەتا ئێستا درێژەی هەیە، و ئەم بە دوژمنی کردنی یەکترە بۆ تەمایەی کوژرانی دەیان هەزار پێشمەرگە لە هەردوو لاو ماڵ وێرانییەکی گەورەی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست کردووە بۆ گەلی کوردستان و نیشتمانەکەی، لە ئێستاشدا ئەم سیاسەتە هەر درێژەی هەیە، چونکە ئەم دوو پارتە کە لەسەر بنەمایەکی شۆڕشگێڕی و توندوتیژی دروست بوون،لە دوای ڕاپەڕین و بە دەستەوەگرتنی حوکمیش هەر لەسەر هەمان تیۆری بە دوژمنکردنی ئەوی تر مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر و هێزە سیاسییەکانی تردا کردووە، بەرهەمەکەشی شەڕە ناوخۆییەکانی دوای ڕاپەڕین بووە ،کە دەیان هەزار پێشمەرگە بوونە قوربانی و هەزاران زیندانی و بێ سەر و شوێنی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە.

 

مانەوەی ئەم دوو هێزە لە دەسەڵاتدا بەبێ بوونی ستراتیجیەت و فەلسەفەیەکی حوکمڕانی، وای کرد کە ئاراستەی حوکمڕانیەکەیان بە ئاراستەی گەندەڵی و خۆسەپاندن و حوکمێکی پووچگەرایی بڕوات، هێزێکی لەم جۆرەش ناتوانێت گەشە بە دیموکراسییەت و فرەیی و شەفافییەت و خۆشگوزەرانی بدات، لەبەر ئەوە ئەوان لەسەر هەمان سیاسەتی بە دوژمنکردنی بەرامبەرەکان وە بەهێزکردنی مەچەکی هێز هەنگاو دەنێن،  پشت دەبەستن بە بەهێزکردنی هێزی تایبەتی حیزب و  وەک پێشمەرگەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و بوونی هێزی ناوخۆ و دژە تیرۆر و چەندان دامەزراوەی تری ئەمنی و چەکداری کە وەلائیان بۆ حیزبە نەک نیشتمان.

هەموو ئەم هێزانە لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنە دەرەکییەکان و دروستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی نیشتمانی و ئاسایشی ناوخۆ ،بەردەوام ڕووی تیرەکانیان لە خۆیان و لە هێزە ئازاد و لیبرالەکانی ناو کۆمەڵگە بووە. لە ئێستاشدا کە ئێمە لە سەروبەندی هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە، جارێکی تر هەست دەکرێت یەکتر بە دوژمن وێنا دەکەن .یەکەیتی و پارتی لە ئێستا دا دەزانن کە ناتوانن پێشنیاری پرۆژەیەکی چاکسازی بکەن و بەڵێنی ئەوە بدەن کە لە ئایندەدا حکوومەتێکی چاک بنیات بنێن، لەبەرئەوە پەنا بۆ ڕێگەکەی تر دەبەن ئەویش ئەوەیە کۆمەڵگەی کوردی بکەن بە دوو بەرەی دژ بە یەک. لەبەر ئەوە ئەگەر سەیری گوتاری سیاسی هەر یەک لە یەکێتی و پارتی بکەین هەر یەکەیان دەیانەوێت ئەوی تر وەک شەیتان وێنا بکات ، لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت وێنای ململانێیەکی وەهمی بکەن هەتا کێشە سەرەکییەکان لە بیر خەڵک ببەنەو خەڵک بەم بابەتەوە سەرقاڵ بکەن وە ئەم قۆناغەش تێبپەڕێنن هەتا دوای هەڵبژاردن .وەک ئەخلاقی هەمیشەیشیان دوای هەڵبژاردن یەک دەگرنەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و جارێکی تر دابەشکردنەوەی سەروەت و سامانی کوردستان لە نێوان خۆیاندا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن