17وتار

قەوارەی هەرێم لە لێواری هەرەسدا

7/9/2025 2:30:00 PM
عومەر عەلی محەمەد


ئەو دۆخەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدە بێت پێوەرێکە بۆ هەڵسەنگاندنی عاقڵییەتی سیاسی ئەو کەسانەی ئێستا جڵەوی حوکمڕانییان بە دەستەوەیە ،هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت ،لەبەر ئەوە بە لەبەر چاوگرتنی گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕ ڕاست و جەنگی ئێران ئیسرائیل و دۆخی ناوخۆی عێراق و هەڵوێستی شۆڤێنی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق وئەو دۆخە

نا هەموارەش کە ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەرک و بەرپرسیاریەتی حوکمڕانان زیاتر دەکات و پێویستی بەوە هەیە کە بە عەقڵیەتێکی کراوە و نیشتمانی مامەڵە بکەن و کۆتایی بە ئەو بازنە سیاسییە بەرتەسکە بهێنن کە هەتا ئێستا مامەڵەیان پێ کردووە و لە فەزایەکی داخراودا تەنها بۆ خزمەتی دوو بنەماڵە و چوار دەورەکانیان لە کۆمپانیا و ڕێکخراوو میدیا بەکاریان هێناوە.

حوکمڕانەکان دەبێت سیاسەت وەک بەرپرسیارێتی سەیر بکەن و بۆخزمەتی فەزای گشتی بەکاری بهێنن. بۆ ئەم مەمەستەش پێویستە کۆدەنگیەکی گشتی کۆ بکەنەوە و بۆ ئەو سیاسەتەی کە دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا پیادەی بکەن .لە ئەم ڕێگەیەشەوە سیاسەت دەبێ بێتە هۆکاری خزمەت بە نیشتمان وگەلەکەی .

بەڵام سەد مەخا بن سیاسەتی ئێستای حکومڕانانی هەرێمی کوردستان لە سنووری بەرتەسکی بنەماڵە و حیزب تێپەڕ ناکات و زۆر جاریش بۆتە مایەی ململانەی چەند بەرپرسێک و هەموو بیرکردنەوە و بڕیارەکانیشیان  لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان تێپەڕ ناکات .
لە ئاست ئەم قەیرانی کە ئێستا لە ئارادایە ،ئەگەر کۆدەنگیەکی نیشتمانی ڕەچاو بکرێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت لەم دۆخەدا بەسەر کەوتوویی هەنگاو بنرێت و بڕیارێک بدرێت کە خزمەت بە هەرێمی کوردستان و گەلەکەی بکات و ئەمجارەش نەبینە قوربانی ململانێکان بە ئاسانیش لە ئەو پلانانە دەر بچین کە بۆ هەرێمی کوردستان داڕێژراوە.

حکومڕانانی هەرێم پێویستە هەموو بڕیارە سیاسیەکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوە بێت کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ئەم دۆخە ناهەموارە ڕزگار بکەن و بتوانن هاوڵاتییان بە شێوەیەکی گشتی دڵخۆش بکەن و ژیانێکی خۆشیان بۆ فەراهەم بهێنن. ئەویش بە شێوەی پیادەکردنی سیاسەتێکی نەرم و هەوڵدان بۆ  گەیشتن بە ڕێکەوتن و وەڵام دانەوە بە داواکارییەکانی حکوومەتی ناوەند لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی فەرمانبەران و هاوڵاتیان نەک بنەماڵە و حیزب و کۆمپانیاکانیان .
حکومڕانانی هەرێم نابێت تەنها لە فەزایەکی داخراودا مامەڵە بکەن و تەنها بەرژەوەندی خۆیان ببینن ،چونکە دەبێت ئەو ڕاستییە هەست پێ بکەن کە ئێستا هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە ،ئەوەش لە دەستووردا دانی پێ دانراوە ،لەبەر ئەوە مامەڵەکانی هەرێمیش دەبێت لە ئەو چوارچێوە دەستووریەدا بێت و لە ڕووی مافە دارایی و مەدەنی و سیاسیەکانیش لە ئەو چوارچێوەیەدا مامەڵە بکات، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە مامەڵە نەکات دوور نیە ئەم جارەش خراپتر لە پرۆسەی ڕیفراندۆم تووشی کاردانەوەیەکی نەرێنی ناوەند ببێتەوە و بە هەمان شێوەی ئەو کاتەش وڵاتانی ئیقلیم بێنە سەرخەت و ئەمریکیەکان و ڕۆژئاواییەکانیش بێدەنگ بن.بە پاساوی ئەوەی کە هەرێم گوێی بۆ نەگرتون و بە پێی رێنماییەکانی ئەوان نەجوڵاونەوە.
بەمەش ئەم جارەیان حوکمڕانان بە دەستی خۆیان چاڵێک بۆ هەرێم هەڵدەکەنن و لە سەدا چل و نۆی ئەوەی کە ماوە دەیخەنە چاڵەوە ،ئەمەش دوا بزمارە لە تابوتی قەوارەی هەرێم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن