12وتار

گەورەتر لە هێزی چەک

7/12/2025 2:19:00 PM
عومەر عەلی محەمەد

پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان ،هەنگاویکی بوێرانە بوو، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی زیاتر بچێتە پێش و کۆتایی بە ئەو جەنگ و خوێن ڕشتنە بهێنرێت کە زیاتر لە ٤٧ ساڵە بەردەوامە و زیاتر لە ٤٠٠٠٠ قوربانی لێ کەوتووەتەوەو زۆرینەی هاوڵاتییانی کورد لە باکووری کوردستان زیان مەند بوون لێی. بۆ تێگەیشتن لە پڕۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکاران لە ئێستادا، پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی سیاسی و ئەکادیمی قوڵ هەیە و زۆرینەی هاوڵاتییانی سەر شاقام و بێ ئاگا لە گۆڕانکاریەکانی جیهان و ململانێ سیاسییەکان و شێوازی ئێستای خەباتی گەلان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان ،ناتوانن بە شێوەیەکی دروست لێی تێ بگەن و هەڵوێستی ئیجابی دەرببڕن.

ئەم پرۆسەیە کە لە مانگی ١٠/٢٠٢٤ لە پەرلەمانی تورکیا لە لایەن دەوڵەت باخچلی سەرۆکی مەهەپە بانگەشەی بۆ کراو تیایدا باسی لە برایەتی کورد و تورک کردوو بە هۆکارێکی گەشەپێدانی تورکیا و یەک پارچەیی خاکەکەی لە قەڵەمدا و دوای ئەویش ئۆردوغان پشتیوانی لە بانگەوازەکەی باخچلی کرد، مانای وایە هەردوو پارتی حکومڕانی تورکیا بە فەرمی دانیان نا بەوەدا کە هێزێکی کاریگەری وەک پارتی کرێکاران هەیە دەبێت دانوستانی لەگەڵدا بکرێت. گەلێکی فەرامۆشراو هەیە لە نێوخۆی تورکیادا، پێویستە مامەڵەی ئیجابی لەگەڵدا بکرێت و وەک برا سەیر بکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و کۆتایی بە ئەو هەڵوێستە بهێنرێت کە لە ڕابردوودا لەگەڵیدا کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو ، کورد وەک نەتەوە دانی پێدا نەنراوەو  لە دەستووردا بە تورکی کێوی باس کراوەو دەستوورەکەش تەنها دان دەنێت بە بوونی یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و یەک سروودی نیشتمانیدا.
کەواتە ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە ڕوویداوە کە دوو پارتە حکومڕانەکەی تورکیا بە تایبەتیش باخچلی کە بە ڕێبەری دەوڵەتی قووڵ دادەنرێت لە تورکیادا ،خۆی داوای دانوستان و کۆتایهێنان بە توندوتیژی دەکات و پرۆسەی چەکدانانەکەش بە هەنگاوی ئیجابی لە قەڵەم دەدات بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەی ئاشتی.

بە دەمەوە هاتنی دوو پارتە حوکمڕانەکە و پشتیوانی پارتە ئۆپۆسیۆنەکان لە پرۆسەکە و بە تایبەتیش جەهەبە مانای تایبەتی خۆی هەیە و گۆڕانکاری ئیجابیە بۆ  بە دەستووری ناساندنی
گەلی کورد و مافە ڕەواکەی.

لە تازەترین ڕاپرسیدا لە نێوخۆی تورکیادا لە ٦٨%خەڵک پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن. کەواتە لێرەدا دەبێت لەوە تێبگەین کە دۆخێکی نوێ لە ناوخۆی تورکیاو  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتۆتە پێش ،لەم گۆڕانکارییەشدا کێشەی کورد شێلگیرانە بۆتە بەشێک لە خواستی گرنگی پێدانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕۆژئاوا و چارەسەر نەکردنی ئەم کێشانەش لە تورکیا و سووریا و عێراق وئێران بۆتە مەترسی گەورە بۆ لێک هەڵوەشانەوەو لە نێوچوونی ئەو وڵاتانە.

بەم هۆیەوە نابێت هێزە سیاسیەکانی کورد دابڕاو و پەراوێز بن و بچنە دەرەوەی ململانێکان ،بەڵکو دەبێت زیرەکانە لەناو ڕووداوەکاندا بن و بە پلانی سیاسی ورد ئەو ئامانجە دیاری بکەن کە دەیانەوێت پێی بگەن .لەم ڕوانگەیەوە چەکدانانی پارتی کرێکاران سوود وەرگرتنە لە ئەم دۆخە نوێیە و سڕینەوەی ئەو وێنەیەیە کە تا ئێستا لای زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆی دروست کراوەو بە پارتێکی توندڕەوو تیرۆریزم لە قەڵەم دراوە.

لە لایەکی تریشەوە هەنگاونان بەرەو خەباتی مەدەنی سیاسی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی دیموکراتی لە تورکیادا  واتا گۆڕان و وەرچەرخانە لە شێوازی خەباتێکەوە بۆ شێوازێکی تر کە زۆر کاریگەرتر و بە بایەخترە لە خەباتی چەکداری.

ئەگەر سەرنج بدەین لە ئێستادا کورد هێزێکی کاریگەرە لە ڕووی سیاسییەوە، لەبەر ئەوە ئەگەر حوکمڕانانی تورکیا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو کورد پەراوێز بخەن ،دوور نییە هەر لە چوارچێوەی گەمەی هەڵبژاردندا کۆتایی بە حوکمی ئەو دوو پارتە حوکمڕانە بهێنرێت لەبەر ئەوە کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری و دەستکردن بە خەباتی مەدەنی ،واتە گەڕانەوەی هێزە بۆ نێو تورکیا و بەهێزکردنی کوردە لە ڕووی خەباتی مەدەنی و
سەندیکایی و حیزب و میدیاییەوە، بەمەش کورد دەبێتە هێزێکی کاریگەر و دەتوانێت ڕۆڵێکی باش ببینێت لەوەی پێگەی سیاسی خۆی لە پەڕلەمان بەهێزتر بکات و پارتە حوکمڕانەکان بە دیدێکی ترەوە سەیری بکەن و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن .لە ڕوویەکی تریشەوە هەموو ئەو بەربەستانە دەبڕێت و کۆتایی بە پاساوەکانی دەوڵەت دەهێنێت کە پشتی پێ بەستووە بۆ زیندانی کردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان بە یاسای تیرۆر یانلابردنی سەرۆک شارەوانییەکان و دانانی قەیووم لە شوێنەکانیان بە پاساوی پشتیوانیکردن لە پارتی کرێکاران .کەواتە لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین گەشەپێدانی دیموکراتی و ناساندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستوور و داننان بە مافە کولتوورییەکان و شوناسی کورد وەک نەتەوەیەک ،هەنگاویکی مەزنە و لە داهاشودا دەتوانرێت هەنگاوی گەورەتر بنرێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن