گەڕانەوە بۆ دیمەشق نەخشەڕێگای کورد بۆ بەشداری سیاسی
9/2/2026 11:32:00 AM
عومەر عەلی محەمەد
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر وتار نووسراون و لێدوانی جۆربەجۆر لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و یەکە کارگێڕییەکانی خۆسەری و تێکەڵکردنەوەیان بە دەوڵەتی سووریا دراون، هەریەکە لە ڕووی بیروڕا و ئایدیۆلۆژیای خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ پڕۆسەکە کردووە، هەندێکیان بە ئاشبەتاڵ و خۆبەدەستەوەدان گوزارشتیان لێ کردووە، هەندێکی تریش بە پشتیوانی لە پرۆسەکە و قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسی باسیان کردووە.
بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئێمە ئیتر دەبێت ڕابردوو تێپەڕێنین و چاو ببڕینە ئێستا و ئایندە.
مەزڵوم عەبدی وەک بەرپرسی یەکەمی هەسەدە و بەرپرسانی یەپەگە و یەپەژە، هەر یەکەیان لەوانەیە هەڵەیان کردبێت و کەموکوڕییان هەبووبێت و لە هەندێک وێستگەدا نەیانتوانیبێت وەک پێویست لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە هەنگاو هەڵبگرن. بەڵام ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی مێژوویی نوێداین؛ ئەمەش سەرەتایەکە بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ. پێویستە کوردانی ڕۆژئاوا ڕابردوو بە هەموو چاکە و خراپەکانیەوە تێپەڕێنن و بە پلانێکی ستراتیژییەوە بچنە ناو قۆناغێکی نوێوە. ئەم قۆناغە نوێیەش پێویستی بە نەخشەڕێگایەکی نوێ هەیە، چونکە دەستپێکردنی قۆناغێکە کە کوردانی ڕۆژئاوا نەیانبینیوە و ئەزموون نەکراوە، بەڵکوو ئەزموونێکی نوێیە ،کە لێرەوە چارەنووسی کورد و سنوورە جوگرافییەکەی و شوناسی کوردبوون دیاری دەکرێت.
قۆناغی پێشوو بۆ کورد لە سووریادا قۆناغێکی زۆر ناهەموار و پڕ لە ئازار بوو؛ رژێمی بەعس کاری کردبوو لەسەر تواندنەوەی شوناسی کوردبوون و تەنانەت وەک هاووڵاتییەکی عەرەبیش دانی پێدا نەدەنان، بەشێکی زۆر لە کوردان تەنانەت ناسنامەی عەرەبی سووریشیان پێ نەدەدرا، ئەمە سەرەڕای شاڵاوی تەعریب کە هەموو ناوچە کوردییەکانی گرتبووەوە و بە هەموو شێوەیەک زمانی کوردی و خوێندنی کوردی قەدەغە کرابوون.
بەڵام لە ئێستادا کە رژێمی بەعس کۆتایی هاتووە و گەلانی سووریا زۆرینەیان هەناسەیان بە بەردا هاتۆتەوە، لە ئێستادا هەموو هێزە سیاسییەکان و رۆشنبیران و وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتیش دایانەوێت سووریایەکی نوێ بنیات بنێن، لەم کاتەدا ڕۆیشتنی کورد بۆ دیمەشق و بەشداربوون لە بڕیاری سیاسی و چوونەنێو دامەزراوەکانی وەک حکوومەت و دادگاکان و پەرلەمان، سەرەتایەکی ئیجابییە. واتە لەم سەرەتایەدا کورد نەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر و دەست بکاتەوە بە دژایەتی و ناکۆکی لەگەڵ دەوڵەتە نوێیەکەدا، چونکە لە ئێستادا دەوڵەت لە سەرەتای دروستبوونەوەیەکی نوێدایە،لە لایەکی ترەوە لە ئەمڕۆدا ئەحمەد شەرع و دارودەستەکەی پێویستیان بە کورد هەیە،چونکە نە سوپایەکی بەهێزیان هەیەو نە دامەزراوەکانی دەوڵەت شوێنی خۆیان گرتوە،لە لایەکی ترەوە لە ئێستادا لە ژێر هەڕەشەی شیعەو دروزو ئیسرائیل و هەڕەشەکانی ئێران و حەشدی شیعەی عێراقدان،کەواتە کورد دەتوانێت سود لە ئەم دۆخە وەربگرێت و شوێن پێی خۆی لە دیمەشق زیاتر بەهێز بکات
دەوڵەتی قووڵی کۆن کۆتایی پێ هاتووە، شێوازی گوتاری سیاسی دەوڵەتە نوێکەش لە هەندێک ڕووەوە لەگەڵ کورددا ئیجابییە، بۆ نموونە:
1- رێگەدان بە خوێندنی کوردی و زمانی کوردی و کورد وەک نەتەوە لە دەستووردا بە فەرمی بناسرێت.
2- کورد ببێتە بەشێک لە پێکهاتەی پەرلەمان و حکوومەت.
3- هێزەکانی هەسەدە بچنە ناو سوپای سووریاوە.
4- پاراستنی ناوچە کوردییەکان بدرێتە دەست هێزەکانی ناوخۆی پەیەدەوپارێزگاری شارە کوردەکان، کورد بن.
5- لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە کورد ئازاد بێت و رادیۆ و تەلەفزیۆن و بڵاوکراوەی خۆی هەبێت.
لە ڕاستیدا ئەگەر ئەم دەستکەوتانە بەراورد بکەین بەوەی کە لە سەردەمی بەعسدا هەبوون تا ڕادەیەک باشن. لێرەوە قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات کە ئەویش قۆناغی بەشداری سیاسییە لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت لە دیمەشق، ئەم قۆناغە پێویستی بە کارکردن هەیە لە دوو ئاستدا:
١- ئاستی داڕشتنی گوتارێکی یەکگرتووی کوردی لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکاندا.
2- بوونی نەخشەڕێگایەکی یەکگرتووی کورد لە دیمەشق بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد. پێویستە کوردانی ڕۆژئاوا سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن، چونکە لاوازیی کورد لە هەرێمی کوردستان لەو کاتەوە بوو کە چوونە بەغدا؛ سەرەڕای چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا، بەڵام لە دوای ئەوەوە نەیانتوانی بە ئەرێنی لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا مامەڵە بکەن و لە هەردوو ئەو ئاستەی کە باسمان کرد شکستیان خوارد؛ چونکە نەیانتوانی گوتارێکی یەکگرتووی کوردییان هەبێت بەرامبەر بە بەغدا و ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی زیادی کرد. لە هەمان کاتدا پلە و پۆست و پارە ئەوەیان لە بیر بردنەوە کە ئەوان پێویستە خاوەنی نەخشەڕێگایەکی سیاسی بن بەرەو سەربەخۆیی و زیاتر چەسپاندنی مافەکان و گەڕاندنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان. لە ڕاستیدا مەزڵووم عەبدی و بەرپرسانی کوردی ڕۆژئاواش دوای ئەم گەڕانەوەیان بۆ دیمەشق لە بێژنگ دەدرێن و دەردەکەوێت ئایا لەم قۆناغە نوێیەشدا بە هەمان وزە و توانای پێشوو لێهاتووییەوە خەباتی سیاسی دەکەن یان ئەوانیش پۆست و پارە لە خشتەیان دەبات و مێژووی خۆیان و خوێنی دەیان هەزار شەهید لە یاد دەکەن و وەک مێژوویەکی لەبیرکراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.