لە گەشەپێدانی دیموکراسییەوە بۆ چەسپاندنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
3/4/2025 12:46:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
ئەگەر سەرنج لە پەیامەکەی ئۆجەلان بدەین لە چوارچێوە و ڕەهەندێکی فراوانی جیهانییەوە دێتەوە بۆ ناو کێشەی کورد و ئەو دەیەوێت لەو ئاستە فراوانەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ،چونکە سەرەتا لە پرسی دیموکراسییەوە دەست پێدەکات،دوایی دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر تەوەری مافە سیاسی و مەدەنیەکان.
بە بڕوای ئەو ئەگەر دەوڵەت هەنگاو بەرەو دیموکراسی بنێت و دامەزراوەکانی لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە لەگەڵ جیاوازییەکاندا بکات، ئیتر کێشەی کورد لەوێدا دێتە چارەسەرکردن .چونکە لە ڕاستیدا هەر وایە ئەگەر تورکیا دەستورێکی هەبێت و ئەم دەستورە پشت بە بنەمای هاوڵاتی بوون ببەستێت لە دەستەبەرکردنی مافە مەدەنی و سیاسیەکاندا،ئیتر ئەو کاتە ڕێگە ئاسان دەبێت بۆ بەدەست هێنانی مافە کولتوورییەکان و سیاسییەکان و هیچ ڕێگرییەک نابێت لەوەی هاوڵاتی کوردیش لە ڕووی شوناسەوە شانازی بکات بە نەتەوەو کولتوور و نیشتمانی خۆیەوە، ئەگەر سەرنجی وڵاتانی ڕۆژئاواش بدەین هەر لەسەر ئەم بنەمایە سیستەمی حوکمڕانیان بەڕێوە دەچێت و هاوڵاتییەکانی هەست بە بوونی خۆیان دەکەن و هەر یەکە وەک چۆن بیەوێت بەو شێوازە گوزارش لە کەسایەتی و ویست و خواستەکانیان دەکەن .ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بەرەو ئەوە بنێت کە لەسەر بنەمای دیموکراسی دەستو سوورێکی نوێ دابڕێژێت و هەمواری ئەو بەندانە بکات کە خزمەت بە یەک نەتەوە و یەک جۆر لە هاوڵاتی بوون دەکات، ئەو کاتە بەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن. چونکە ئەگەر کورد هاوڵاتیەکی لە مافدا یەکسانی وەک تورک بێت، ئەوا ئەمە سەرەتای ڕێگە ڕاستەکەیە و ئەو کاتە ئەو دەستەواژانە دێنە دی کەسەرانی دەوڵەتی وەک باخچەلی و ئۆردوغان گوزارشتی لێ دەکەن و باس لە برایەتی تورک و کورد و پێکەوە ژیان و کۆتایی شەڕ و کوشتار و خوێن ڕشتن دەکەن و دەیانەوێت لە جیاتی بە فیڕ ڕوودانی تواناکان لە جەنگ و یەکتر سڕینەوەدا هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی لە گەشەپێدان و پێشکەوتندا بە کار ببرێن. پەیامەکەی ئۆجالان زۆر جەخت لەسەر جەوهەری دیموکراسی دەکاتەوەو خوا زیارە زەمینەی گفتوگۆی ئاشتی لەوێوە دەست پێ بکات و بە دیدێکی نوێوە پەیوەندیەکان دابڕێژرێنەوەو هەردوو لا بە خۆدا چوونەوە بکەن و بە عاقڵیەتێکی نوێوە سیاسەت بکەن.
لءئئئئءە کاتێکدا کە ئۆجەلان داوای چەکدانان لە پارتی کرێکاران دەکات و تەنانەت دوای چل و یەک ساڵ لە خەباتی چەکداری داوای هەڵوەشاندنەوەیشی دەکات، ئەمە دەستپێشخەرییەکی بوێرانەیە و لەسەر خودی خۆی و قەندیل و هەموو چەکدار و لایەنگریانیشیان کارێکی ئاسان نییە و سەختە، بەڵام ئەو دەیەوێت یەکەم هەنگاو لە خۆیەوە دەست پێ بکات و ڕازیبوونی پارتی کرێکارانیش بەم هەنگاوە و پشتیوانی لە پەیامەکەی ئۆجەلان و لە قەڵەمدانی وەک ڕێبەری ئێستای پارتی کرێکاران و بە گوێکردنی ڕێنما ییەکانی لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا زیاتر پشتیوانی بۆ پەیامەکەی ئۆجالان زیاد دەکات و تۆپەکە دەخاتەوە گۆڕەپانی دەوڵەت، کە ئایا تا چەند ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا دەکەن
و چ هەنگاوێکی نوێ دەهاوێن بۆ گەشەپێدانی چارەسەری ئاشتییانە، وەک ئەوەی کە ئەردووغان و سەرانی دەوڵەت دەیڵێن بۆ کۆتایی هێنان بە خوێن ڕێژی و بنیادنانی تورکیایەکی نوێ لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان و چەسپاندنی مافەکانی هاوڵاتی.