ئیسرائیل و گۆڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،لەنێۇان خواستی سیاسی و بازاڕی کۆمپانیاکان
6/23/2025 1:36:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
جارێکی تر نەتەنیاهۆ لە دوای لێدانی بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران ئەوەی دووپات کردەوە ،کە ئەوان دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن،لە دوای جەنگی کەنداویش ئەمریکیەکان دەیانوت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین،بەڵام ئەوەی بینیمان ئەو وێرانکاریە بوو.کە ڕوی لەم ناوچەیە کرد،لە دوای بەهاری عەرەبی نەک پشتیوانیان لە گەشەپێدانی دیموکراسی نەکرد، بەڵکو ئەو هێزە سیاسیانەش کەبە دیموکراسی گەیشتنە دەسەڵات ،پشتیان نەگرتن و ڕێگەیان خۆشکرد بۆ لە کارلادانیان و جارێکیتر گێڕانەوەی حوکمی عەسکەرو تاک ڕەوی.
هەندێک لە توێژەران و سەرکردە سیاسیەکان بە تایبەتیش کورد دڵیان خۆشە کە ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ گۆڕانکاری لە جوگرافیای سیاسی ناوچەکەو لە ئەم ڕێگەیەکەوە ئیسرائیلیەکان ڕێگە خۆش بکەن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی.
بەڵام ئەوەی لە پشتی ئەم جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە پێشڕەوی ئیسرائیل دەکرێت،گەورەترە لەوەی کە باس دەکرێت کەبۆ بەدەستهێنانی مافی گەلان یان گەشەپێدانی دیموکراسی بێت. یان بۆ بەرەو ڕوبونەوەی حەماس و گروپە توندڕەوەکان و ئێران بێت.بەڵکو لە ڕاستیدا بە هاندانی کۆمپانیا مۆنۆپۆڵە زەبەلاحەکانە و ئیسرائیلیش وەک کاراکتەرێکی سیاسی بەکاردەهێنرێت..
ئەم جەنگە لە کاردانەوەی تۆفانی ئەقساوە دروست نەبوە ،بەڵکو چەند ساڵ لەوەو پێش نەخشەی بۆ داڕێژراوە ،بەڵام هێرشەکەی حەماس پێشی خست و بەڵگەی دابەدەست ئیسرائیلەوە کە دەست بە جێبەجێکردنی نەخشەکەیان بکەن، بنیات نانەوەی ڕۆژهەڵات و دروستکردنی گۆڕانکاری هاوشێوەی ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ چەند ساڵێک دەخایەنێت،کە لە ڕێگەیەوە سنورەکانی ئیسرائیل فراوان دەکرێت،چونکە ترەمپیش لە لێدوانێکدا و تی سنورەکانی ئیسرائیل تەسکەو پێویستە فراوان بکرێت،ئیسرائیل لەم جەنگەدا بە تەنها نیە ،بەڵکو ڕۆژئاواییەکان بە تایبەتیش ئەمریکا لە پشتیەتی.ڕۆژئاواییەکان بە گشتی ئەو ڕاستیە دەزانن کە ئەوەی ئیسرائیل دژبە غەزە و لوبنان و ئێران و شوێنەکانی تر دەیکات دژە بە یاسای نێو دەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ .ئەوەش لە غەزە دەیکات بە تەواوی مانا جینۆسایدە ،کەواتە بۆچی ڕۆژئاواییەکان ئەو جەنگەی پێ ڕاناگرن.؟
تۆماس غڕین نوسەرو مامۆستای فیزیای ئیرلەندی لە وەڵامدا دەڵێت چونکە ئیسرائیل فەرمانی ڕۆژئاواییەکان جێبەجێ دەکات و ئەگەر وانەبوایە ئەم شەڕە ڕوی نەدەدا،
لە ئێستادا ڕودانی جەنگەکان بە نەخشەی کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکان ڕوودەدەن ،کە زۆربەیان ڕۆژئاواین و جولەکەکانیش باڵادەستن تێیدا،کیسنجەر لەکاتی جەنگی کەنداودا پێشنیارێکی هەبوو کە لەڕێگەی سوپای هاوپەیمانانەوە دەست بگیرێت بەسەر سەرچاوەکانی ووزە لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی،ئەو کاتە ئەوەیان نەکرد،بەڵام لە ئێستادا پلانی دروستکردنی حکومەتی سێبەریان هەیە ،واتە تەواوی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ملکەچی سیاسەتەکانی ڕۆژئاوابن ،کە زیاتر ئامانجی بازاڕ لە دوایەوە هەیە،واتە لێدان لە ژێرخانی ئابوری ئەم وڵاتانەو نەهێشتنی سەروەری و ملکەچ بوون بۆ خواستی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان،کۆتا خاڵی ئەم پلانە لێدان بوو لە ئێران،کەنابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی و موشەکی بالیستی بێت،چونکە ئەوانە لە ڕوی سەربازیەوە مەترسیان بۆ سەر ئیسرائیل هەیە،هەمولایەک بە خودی ئیسرائیل خۆشیەوە دەزانێت کە ئەگەر پشتیوانیەکانی ئەمریکاو ئەوروپا نەبێت ئیسرائیل ناتوانێت درێژەبەو جەنگە بدات ،بەمەش لە ئێستادا ئیسرائیل بوەتە پۆلیسی ڕۆژئاواو ناتوانێت لە فەرمانەکانیان دەربچێت،
لە پاش لێدانی بنکە ئەتۆمەکانی ئێران ڕۆژئاواییەکان ئامادەن بێنە سەرمێزی گفتوگۆ، بەڵام مەرجێکی گفتوگۆکانیان ئەوە دەبێت کە پێویستە ڕێگەبدەن بە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان وەبەرهێنان لە کەرتی و زەو کەرتەکانی تردا بکەن و ئێران بەروی کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکاندا بکرێتەوە و کۆتایی بە سیاسەتی سەربەخۆیی و خود بژێوی بهێنێت.