کورد و قەیرانی بیرکردنەوەی ستراتیجی ئەمریکاو هەسەدە وەک نموونە
1/23/2026 12:23:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
ئەوەی دەبینرێت بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو پارچەکانی
کوردستاندا ،شەعیەتی کاری پارتە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەکەدا شەرعیەتێکی شۆڕشگێڕیە،
لەبەر ئەوە هەموو جووڵە و هەڵوێست و گوتاری سیاسیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت. لەبەر
ئەوە کاتێک کە قۆناغی شۆڕشیش بەجێ دەهێڵن و سیستەمی حوکمڕانی بەدەستەوە دەگرن، بە
هەمان عەقڵییەت ئیدارەی کاری حوکمڕانی و سیاسی دەکەن.بەمەش دابڕانێک دروست دەبێت لە
نێوان ئیدارەی حوکمڕانی و کاری سیاسی لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی کە تێیدادەژین. ئەمەش
بۆ هەردوو ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆسەری ڕاستە. چونکە بەرپرسانی
هەردوو ئیدارەکە نەیان توانیوە سیاسە تێکی هاوچەرخ و واقیعی پیادە بکەن کە خاوەنی
پلانی ستراتیجی بن بۆ مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکە و ململانێ ئیقلیمی
و نێودەوڵەتییەکان.
لە ئێستادا پارتە حوکمڕانەکان بە دیدێکی ئایدیۆلۆژی
شۆڕشگێڕی مامەڵە دەکەن وەک لە ئیدارەی خۆسەردا دەبینرێت، یان بە دیدێکی حیزبی بەرتەسک
و نانیشتیمانی خۆی نمایش دەکات وەک لە هەردوو پارتە حوکمڕانەکەی هەرێمی کوردستاندا
دەبینرێت .ئەمەش لە هەردوو ئەزموونەکەدا بۆتە هۆی ئەوەی کە نەتوانن شرۆڤەیەکی سەرکەوتوانەیان
هەبێت بۆ ململانی و گۆڕانکاریە سیاسیەکان کە بە سەر ئەم ناوچەیەدا دێت.
بە تایبەتیش خوێندنەوەی سیاسیان بۆ وڵاتانی هەرێمی
و ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕووسیا و تورکیا و ئێران، چونکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە
نوێیەدا دەبێت پشت ببەسرێت بنیادنانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کە تیایدا پشت
ببە بسترێت بە کەسانی ئەکادیمی سیاسی و ئەو کەسایەتیە سیاسیانەی کە خاوەن ئەزموونن
لە بواری سیاسیدا ،بۆ ئەوەی توێژینەوەی سیاسی قووڵ لەسەر ئەو بابەتانە بنوسن و
بیدەن بەو سەرکردە سیاسی و حوکمڕانانەی کە بڕیاری
سیاسیان بە دەستە .بەڵام بە داخەوە لە نەبوونی ئەم دامەزراوە ستراتیجیە سیاسیەدا،
سەرکردە حیزبییەکان ناتوانن وەک پێویست خوێندنەوەی سیاسی دروستیان هەبێت یان بڕیاری
سیاسی گونجاو بدەن بۆ ئەو قەیرانە سیاسیانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
لە ئێستادا کە کوردانی ڕۆژئاوا تووشی ئەو قەیرانە سیاسیە بوونەوە لەگەڵ
دەوڵەتی ناوەند لە دیمەشق، زۆر لە سەرکردەی
پارتە سیاسیەکان و ڕۆشنبیران و جەماوەریش ئەمریکا تاوانبار دەکەن بەوەی کە خیانەتیان
لە کورد کردووە و پشتی هەسەدەیان بەرداوە و بێ نمەک بوون بەرامبەر بەو خەبات و تێکۆشانەی
کە هەسەدە بەرامبەر بە دااعش کردوویەتی و زیاتر لە پانزە هەزار پێشمەرگە بوونە
قوربانی.
لە ئێستادا ئەمە دیدێکی شەقامی سیاسی کوردییە و
وای لە قەڵەم دەدەن کە کورد کراوەتە قوربانی و پشتگیری لە گرووپێکی تیرۆریستی وەک
ئەحمەد شەرع دەکەن،کە لە ئێستادا سەرۆک کۆماری سوریایە. ئەم هەڵوێستە بۆ کەسێکی شەقام
و ناسیاسی و دوور لە تێگەیشتنی زانستی سیاسی بۆ ڕووداوەکان ڕاستە، بەڵام ئایا بۆ سەرکردەیەکی
سیاسی و پارتێکی سیاسی و نوخبەیەکی حکومڕان شیاوە بەو جۆرە لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان
تێ بگات و بەو شێوەیە
هەڵوێستی زلهێزێکی وەک ئەمریکا شرۆڤە بکات؟
چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی ئەکادیمی و وەک توێژەرێکی سیاسی بەدواداچوون بۆ هەڵوێستەکانی ئەمریکا بکرێت لە
کاتی ڕژێمی بەعسەوە هەتا ئێستاش, ئەمریکا دیدێکی ڕۆشنی هەبووە بۆ کێشەی کورد لە ڕۆژئاوا
و ئەوەی ئێستاش پیادەی دەکات درێژە پێدەری هەمان هەڵوێستی پێشووە و بەرامبەر بە
کورد هەڵوێستی نەگۆڕیوە و لە سەرەتای دروستبوونی هاسەدەوە چی وتووە، ئێستاش هەمان
هەڵوێستی هەیە..
ئەمریکا لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا لە سوریا مامەڵەی
لەگەڵ دەوڵەتدا کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕژێمی بەعس بە توندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ
کورد داکردووە و ڕێگەی نەداوە کورد خاوەنی ئازادی سیاسی بێت و بە زمانی خۆی بخوێنێت
و خاوەن مافەکانی هاوڵاتی بوون بێت و تەنانەت ڕەگەزنامەشی بە ناوی کوردەوە پێ نەدراوەو
زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان تە تەعریب کراون، بەڵام ئەمریکا و ئەورووپا هیچ هەڵوێستێکیان
نەبووە و هیچیان لەسەر کورد نەوتوە.
لە دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی گەلانی سووریاش لە
٢٠١١ _٢٠١٤ کە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لەوێوە دەست پێ دەکات,لەوکاتەدا یەکینەکانی
پاراستنی گەل YPG وەک
ئەمری واقیع دروست بوون، ڕژێم لە ناوچە کوردیەکان پاشەکشەی کرد و دایە دەست ئەوان،
لەم قۆناغەشدا ئەمریکا بە دوودڵیەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن ،چونکە ترسی لەوە هەبوو
کە ئەمە هۆکارێک بێت بۆ دابەشبوونی سووریا ،لە کاتێکدا کە هێرشی داعش بۆ سەر کوبانێ
دەستی پێکرد کورد وەک تاکە هێزی ڕێکخراو ڕووبەڕوویان بوونەوەو قوربانییەکی زۆریان
دا بۆ پاراستنی شارەکە ،لەم کاتەدا هێزی ئاسمانی ئەمریکا پشتگیریەکی باشی YPGی کرد و ئەمەش بووە هۆی شکاندنی داعش لەم
شەڕەدا ،ئەم پشتیوانەی ئەمریکاش لەو کاتەدا بۆ پاراستنی کورد و شارەکەیان نەبوو ،بەڵکوو
بۆ لەنێوبردنی مەتر سی داعش بوو لە سەر ناوچەکە.
لە پاش شەڕی کوبانێ ئەمریکا بیری لەوە کردەوە کە هێزێکی فرە نەتەوەیی دروست
بکات بە ناوی هەسەدە و لە هەموو ڕوویەکی سەربازی و هەواڵگری و ڕاهێنان پشتیوانی
کردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ،بۆ ئەم مەبەستەش هاوکاریکردن کردن بۆ ڕزگارکردنی مەنبەج
و ڕەقە و دەیرە زوور لە دەستی داعش و پاشان ئەو ناوچانەی دایە دەست هەسەدە ،کەواتە
هەسەدە کەهێزێکی فرە نەتەوەییە دروست کراوە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی
داعش. دروستکردنی هەسەدەش بە ڕاوێژکردن بووە لەگەڵ تورکیادا و ئەمریکا بەڵێنی بە
تورکیا داوە کە مەبەست لە دروستکردنی شتێکی کاتیە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشە و هەرگیز
ڕێگەیان پێ نادرێت کە کیانێکی سەربەخۆ بۆ
بۆ کورد دروست بکەن.
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ بەڵێنەکەی خۆی بۆ تورکیا
بردە سەرو لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ داگیر کردنی گرێ سپی و سەرێکانی و عەفرین هیچ هەڵوێستێکی
سەربازی نەبوو ،پشتیوانی هەسەدەشی نەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لە گەڵ سوپای تورکیادا.
ئەگەر خوێندنەوەیەکی سیاسی بۆ ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا بکەین تێدەگەین
کە ئەمریکا هەڵوێسی تورکیای بەلاوە گرنگە و کارێک ناکات کە زیان بە بەرژەوەندیەکانی
تورکیا بگەیانێت.
لە دوای ٢٢٠٣ ئەمریکا بە شێوەی بەڕێوەبردنی قەیران(
نەک چارەسەر )مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە .
پاش ئەوەی کە مەترسی داعش بە تەواوی کەم بووەوە،
ئیتر هەسەدە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە جێگەی گرنگی پێدان و بایەخ نەما ،لەو ساتەوە هەسەدە
وەک پاسەوانی زیندانەکانی داعش و پارێزگاری لە بیرە نەوتەکان بە کار دەهێنرا ،کە لە
لایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوە دەبرا ،لە لایەکی تریش دەیویست وەک قەڵغانێک بەکاریان بهێنێت بۆ وەستانەوە لەبەر دەم قەڵە
مڕەوی روسەکان و ئێرانیەکان کە لەو کاتەدا پشتیوانێکی
گەورە بوون بۆ ڕژێمی دیمەشق و حیزبوڵا.
هەتا ئەو کاتەش کە هەسەدە زیاتر لە سەدا بیست و
پێنجی خاکی سووریای لەبەر دەستدا بوو ،ئیدارەیەکی خۆسەری دروست کردبوو، بەڵام ئەمریکا
نەدانی پێدا نابوو نە لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە کارێکی کردووە کە دانی پێدا بنرێت.
هەر لە سەرەتای دروستکردنی هەسەدەوە ئەمریکا هەڵوێستی ڕوون و نەگۆڕی
هەبووە، کە هەرگیز وەک هێزێکی سیاسی خاوەن پەیام و دیدی ستراتیجی سەیری هەسەدەی نەکردووەو
بە نوێنەری گەلی کوردی نەزانیوە بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی .
چونکە لەناو هەسەدە ژمارەیەکی زۆری خێڵی عەرەب و سریانی هەبوون، سەرەڕای هێزەکانی یەپەگە
کە کورد بوون. ئامانجی سەرەکیش لە دروستکردنیان ڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی ئاسایشی
ناوچەیەکی جوگرافی بوو کە بۆشاییەکی ئەمنی هەبوو دوای تێک شکاندنی داعش.
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا
دوای ڕووخانی ڕژیەمی ئەسەد لە سوریادا بارودۆخێکی نوێ هاتە ئاراوە
،گروپی تەحریر شام بە سەرکردایەتی ئەحمەد
شەرع توانیان کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بهێنن و دەسەڵاتێکی سیاسی نوێ لە دیمەشق
بنیات بنێن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تورکیا لە پشتی ئەم هەموو گۆڕانکارییانەوە
بوو ،بە هەموو شێوەیەکی سیاسی و سەربازی و لۆجیستی پشتیوانی لە گرووپەکەی ئەحمەد شەرع
کرد و لە بنیاتنانی
دەوڵەتە نوێکەشدا بەشدار بوو ،هەموو جۆرە
هاوکاریەکی کردن، لێرەوە هەڵوێستەکانی ئەمریکا ڕوویان لە گۆڕان کرد لە چەندان لێدواندا
تۆم باراک وەک نێردەی ئەمریکا بۆ کاروبار و سووری سەفیری ئەمریکا لە ئەنقەرە ئەوەی
ڕاگەیاندوە کە ئیتر ڕۆڵی هەسەدە کۆتایی هاتووە ،تەنانەت وەک پاسەوانی زیندانەکانی
داعشیش پێویستیان پێیان نەماوە ،چونکە ئەوان لەو بڕوایەدا بوون کە هەسەدە خۆیان
بۆ بەرپرسیارییەتێکی تایبەت دروستیان کردوە و خۆیان
پشتیوانی دارایی و سەربازییان کردووە و ئێستاش دەتوانن بە بڕیارێک هەڵیان بووەشێننەوە،لەم
کاتەدا ئەمریکیەکان بوونە پشتیوانێکی بەهێزی دەسەڵاتەکەی شەرع و ڕێگەیان بۆ خۆش
کردن کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئەورووپی باش بکەن و سەردانی
ترامپیشی کرد لە ئەمریکا و ئەمریکا خۆیشی هەموو ئەو گومارۆیانەی لەسەر لابرد کە
خرابوونە سەری لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا
هەڵوێستی ئەمریکا بۆ چارەسەری کێشەی کوردو هەسەدە.
ئەمریکییەکان نەخشە ڕێگەیەکی نوێیان داڕشت بۆ ئەوەی کێشەی کورد و هەسەدە
لە سووریادا چارەسەر بکەن، بۆ ئەم مەبەستە ڕێگەیان خۆش کرد بۆ ڕێککەوتنی ١٠ی مارسی
٢٠٢٥ لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، ڕێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکهاتبوو، ئەمریکیەکان بڕوایان وا بوو کە دەبێت
یەک پارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت و لەم قۆناغەدا هیچ قەوارەیەکی لامەرکەزی بۆ
سوریا جێگەی ڕەزامەندی نیە.
و هەسەدەو هەموو پێکهاتەکانی ئیدارەی خۆسەر تێکەڵ
بە حکومەتی سوریا بکرێنەوە ،بەم هۆیەوە کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن شوناس مامەڵەی لەگەڵدا
بکرێت و مافەکانی لە دەستووردا بچەسپێت،لە ڕاستیدا ئەمە قۆناغێکی سیاسی نوێ بوو بۆ
کورد ،دەبوایە مەزڵوم عەبدی و سەرانی بڕیار بە دەستی یەپەگە هەستیان بە گرنگی ئەم
قۆناغە نوێیە بکردایە، چونکە هاوشێوەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوو لە ٢٠٠٣ لە عێراقدا،
کە یەکێتی و پارتی چوونە بەغدا و بەشداری نووسینەوەی دەستووری عێراقیان کرد و مافە
دەستووریەکانیان لە دەستووری عێراقدا چەسپاند. لەبەر ئەوە هەلێکی مێژووی بوو کە دەبوو
کورد دانەبڕێت لێی و بەرەو دیمەشق بچێت و ئەو ئەزموونەی کە لە دوای ٢٠١١ لە ئیدارەی
خۆسەری هەیبوو لە دیمەشق لە دەستوور و حکوومەتی نوێ و پەرلەمانی نوێدا بیکاتە واقیع
و بەشداری سیاسی هەبێت و بە عەقڵیەتێکی سیاسی نوێوە بوونی خۆی بسەلمێنێت. بەڵام بە
داخەوە نەیتوانی سوود لەم هەلە وەربگرێت بە دەستی خۆی خۆی پەراوێز خست ،کە ئەوەش ویستی
فاشیستە عەرەبەکان و گرو
پەتوندڕەوەکان بوو، کە دەیانویست مافەکانی
کورد لە دەستوور و حکوومەتی نوێ و پەرلەمانی
نوێدا بەرجەستە نەبێت و کوردیش بەشداری سیاسی نەکات و لە ڕێگەی توندوتیژیەوە جارێکی
تر هێرش بکرێتە سەر کورد و سەرکوت بکرێت و خاوەنی هیچ مافێک نەبێ وەک لە ڕژێمی پێشوودا
نەیبووە.
بەڵام پاش تێبەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بە سەر ئەو ڕێکەوتنەدا هەسەدە نەیتوانی
هەنگاوی بوێرانە بنێت و هەوڵی ئەوە بدات کە پشتیوانی ئەمریکیەکان لە دەست نەدات .
تەنانەت ئەم ڕێککەوتنە جێگەی ڕەزامەندی
تورکەکان و سەرجەم وڵاتانی ناوچە بوو.
ئەگەر هەسەدە ئەو کاتە ئەو هەنگاوەی بنایە و
ئامادە بووایە لەگەڵ دیمەشق بەندەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، نە تووشی ئەم دۆخەی ئێستا دەبوو کە تیایەتی لە ڕووی سەربازییەوە،نە ئەو شارانەی لە دەست دەدا،نەبیرە
نەوتەکان بەو شێوە دەکەوتنە دەست دیمەشق.
لە دوایەمین دیداری تۆم باراک لەگەڵ مەزڵوم عەبدی
جارێکیتر ئەمریکیەکان جەختیان کردۆتەوە لە سەر ڕێکەوتنەکەی ١٠ی مارس و کۆتایی هێنان
بە کوشتارو توندوتیژی و ڕێکەوتن لەگەڵ دیمەشق.
پوختە
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە خاوەنی هەڵوێستی
نەگۆڕی خۆی بوە بەرامبەر بە کورد، کە هەڵوێستێکی پراگماتی بوو ،جەختی کردۆەتەوە لەسەر
پاراستنی بەرژەوەندیە ستراتیژییەکانی خۆی، ئەمریکا هەرگیز هەسەدەی بە نوێنەری کورد
نەزانیوە و تەنها وەک فاکتەری شەڕی داعش
مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، ئەمریکا نە لە عێراق و
نە لە سووریا ئەجیندای دروستکردنی دەوڵەتی کوردی نیە، بەڵکوو مامەڵەی ئەو لەگەڵ بەغداو
دیمەشق و ئەنقەرەدایە و هەرگیز لەبەر کورد پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئەو سێ وڵاتەدا
تێک نادات.