شکاندنی شکۆی پەڕلەمان
5/17/2025 1:10:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
پەڕلەمانی کوردوستان لە دوای ڕاپەڕینەوە وەک دامەزراوەیەکی دیموکراسی لە هەرێمی کوردوستان دروست بوە،سەرەتا جێگەی هیوای زۆرینەی گەلی کوردوستان بوو،کە سەرەتای ئازاد بوون بێت لە دیکتاتۆر یەت و چەسپاندنی مافە مەدەنیەکان و شەفافیەت و عەداڵەت بێت و هەنگاوێک بێت بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی کوردوستانی.
یەکەم پەڕلەمان خەڵک بە جۆش و خرۆشێکی کەم وێنە بەشداریان تێدا کرد.بەڵام سەد مەخابن دوای تێپەڕبوونی ٣٣ ساڵ بەسەر یەکەم دامەزراندنیدا ،ئێستا لە خراپترین دۆخدایەو دەرگاکەی داخراوەو ئەندام پەڕلەمانەکان لە ماڵەوە دانیشتون و موچەی دەیان ملیۆنی وەر دەگرن و پەڕلەمانیش بوەتە فەرمانگەیەکی بێ گیان.پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ٧ مانگ بە سەر هەڵبژاردن نەدەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراوە،نە کۆبوونەوە دەکات ،نەهیچ ڕۆڵێکی سیاسی هەیە کە جێگەی دڵخۆشی بێت.هەتا ئێستاش هیچ پلانێک نیە بۆ دەست بەکاربوون و هەڵسان بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی.
لێرەدا دەکرێت بپرسین ئایە بۆچی پەڕلەمانیان بەو شێوە لێکردوە، بۆچی بەو جۆرە شکۆیان شکاند؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ژینگە سیاسییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردوستاندا هەیە.بە تایبەتیش ئەو دۆخە ناهەموارە سیاسی و ئابوریەی کەهەردو پارتی حوکمڕان بەسەر هەرێمی کوردوستانیاندا هێناوە،پەڕلەمان لەلای گەلانی پێشکەوتوو خاوەن شارستانیەکانی جیهان ،پیرۆزی و پێگەی سیاسی بەهێزی هەیەو هەموو هاوڵاتیانیش شانازی پێوە دەکەن و بە پشت و پەنای خۆیانی دەزانن، لەکاتی ڕودانی هەر قەیران و گرفتێکدا.
پەڕلەمان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی دیموکراسی ،چونکە ئەندام پەرلەمان نوێنەری گەلە و ئەویش لە ڕوانگەی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی دەبێت ڕۆڵی گەورەی هەبێت لە بەدەمەوە چوونی کێشەکانی خەڵک و هەوڵدان بۆ چارەسەریان.
لە لایەکی تریشەوە دەبێت چاودێری حکومەت بکات و خاوەنی پڕۆژە یاسای خۆی بێت لە بواری پسپۆڕی و ئەندامێتی لیژنەکان.ئەویش لە پێناو بنیاتنانی حکومەتی چاک good governance کە یاسا تیایدا سەروەر بێت و مافەکانی هاوڵاتی تیایدا پارێزراو بێت.
بەڵام ئەگەر سەرنج لە ئەو دۆخە سیاسیەبدەین کە ئێستا لە هەرێمی کوردوستاندا هەیە،
لە دوای ڕاپەڕینەوە کاتێک کاتێک یەکێتی و پارتی جڵەوی حوکمڕانیان بەدەستەوە گرت ،خاوەنی دیدو ڕوئیایەک نەبوون بۆ فەلسەفەی حوکمڕانی ،بەڵکو بە هەمان عەقڵیەتی شاخ کاریان کردوو درێژەیان دا بە ململانێی سیاسی پڕلە توندو تیژی و نا لێبوردەیی و هەردوکیان لە هەوڵی شکاندنی ئێسقانی یەکتردا بوون،ئەوان خاوەنی پلانێکی ستراتیجی نەبوون بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و چەسپاندنی عەداڵەت و مافەکانی هاوڵاتی ،بەڵکو ئەوان دەیانویست هەمان دۆخی شاخ درێژە پێ بدەن و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیشیان کردبووە بنەما بۆ درێژەدان بە حوکمڕانی هەتا هەتایی ،هەر بە ئەم ڕێسایەش پەڕلەمانیان کردە دامەزراوەیەک بۆ شەرعیەتدان بە بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی و مانەوە بۆ هەمیشەیی لە حوکمدا،واتە پەڕلەمان بوە پاشکۆی حیزب ،نەک دەسەڵاتی گەل.لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی ٢٠٠٩،فەزایەکی سیاسی نوێ هاتە ئاراوە،بزوتنەوەی گۆڕان ٢٥ کورسی بەدەست هێنا،باڵانسی هێزی گۆڕی ،مەترسی لە سەر ئایندەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردوستاندا دروست کرد.
لێرەوە یەکێتی و پارتی دەستیان دایە جووڵەیەکی نوێ،بۆ ئەوەی ئەو دۆخە بخەنەوە شوێنی خۆی،هەمواری دەستوریان وەستاند،نەیانهێشت دەستور بخرێتە بەردەم ڕاپرسی ،سەرۆکی پەڕلەمانیان ناردەوە بۆ ماڵەوە ،دەرگای پەڕلەمانیان داخست.
ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی ئەم دوو هێزە کار لە سەر لاوازکردنی پەڕلەمان بکەن.نەهێڵن وەک دامەزراوەیەکی سیاس کۆمەڵایەتی چالاک بێت.
ڕۆژ بەڕۆژ یەکێتی و پارتی کاریان لە سەر لاوازکردنی ئەم دامەزراوەیە کرد.هەوڵی ئەوەیان دا پەڕلەمان دەستەمۆ بکەن و بیخەنە ژێر هەژمونی حکومەتەوە،چونکە ئەو ئامانجانەی ئەوان هەیانبوو لە مانەوە بۆ هەمیشەیی لە حوکم و دەست بەسەردا گرتنی سەرچاوەکانی دارایی و بەهێزکردنی پێگەکانی تاک ڕەوی و ستەمکاری، پێویستی بە هەنگاوی لەو جۆرە بوو.
بەم هەنگاوە حکوومەتیان رزگار کرد لە چاودێری و بانگهێشتی سەرۆکی حکومەت و وەزیر و بەرپرسەکان بۆ لێپێچینەوە. بەتایبەتیش وەزیری سامانە سروشتیەکان بۆ لێپرسینەوە لە داهاتی نەوت و گاز و کانزاکان ،چونکە لە ساتەوەختی ئێستادا ڕۆژانە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە دەفرۆشێت و داهاتیش سفرە و هیچی ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم.ئەوە سەرەڕای داهاتی گاز کە کەس هیچی لێ نازانێت.لەبەر ئەوە لە حوکمڕانیەکی لەو جۆرە دا شوێنێک بۆ بوونی پەڕلەمانێکی چالاک نیە،بەڵکو دەبێت بێ ڕۆڵ بکرێت و چالاک نەبێ و لە فەزای سیاسیدا پەراوێز بخرێت.ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە کەرتەکانی تری وەک تەندروستی و پەروەردە و ژینگەو کەرتەکانی تریش تا بینە قاقایان لە گەندەڵیدا ڕۆچوە.
حوکمڕانیەک کە ئەوە حاڵی بێت و خاوەنی سەروەری سیاسی نەبێت و ١٤ ساڵ بێت بووجەی نەبردبێتە پەڕلەمان و ئاستی بژێوی خەڵک لە خراپترین دۆخدا بێت و چەندان ترلیۆن دۆلار قەرزاری موچەخۆران بێت و تائێستاش سەرای زۆری دهاتی نەوت و نانەوتی ناتوانێت موچە لەکاتی خۆیدا بدات،ئایە حکومڕنیک کە فەلسەفەی حومکڕانیەکەی لە سەر دزی و تاڵانی و چەتەیی مۆدێرن بنیات نابێت ،چۆن دەتوانێت ڕێگە بە بوونی پەڕلەمانێکی چالاک و کارابدات کەڕۆڵی چاودێری و یاسادانان ببینێت.
لە ئێستادا پەڕلەمان لە خراپترین دۆخدایەو هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی لێ سەندراوەتەوە و کراوەتە دامەزراوەیەکی ناچالاکی بێ ڕۆڵ ،کە ئەوەش بۆ سێ ئامانجی سەرەکیە:
یەکەم:حکومەت بەردەوام بێت لە پلانی گەندەڵی و بردنی سامانی گشتی و دەوڵەمەند کردنی دوو بنەماڵەکە و کۆمپانیاو دۆستە نزیکەکانیان.
دووەم : لاوازکردنی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و نەهێشتنی ئەرک و بەرپرسیارێتی و دابەزاندنی ڕێژەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردندن.
سێیەم: بەهێز کردنی حکومەت بۆ ئەو ئامانجانەی دەیانەوێت و ڕێگرتن لە گەشەپێدانی دیموکراسی.