دەستورە نوێیەکەی تورکیاو دەم پارتی وەک هێزی یەکلاکەرەوە
6/30/2025 1:38:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بەسەر دەستووری کودەتاچییەکان لە ساڵی ١٩٨٠ ،هەتا ئێستاش لە تورکیادا هەر کار بەو دەستورە دەکرێت و دەبێت حکوومەت و هاوڵاتیان ملکە چی بن .ئۆردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١ وە بەردەوام باس لە گۆڕینی دەستوور و دروست کردنی دەستوورێکی مەدەنی و دیموکراتی و لیبراڵ دەکات، چونکە ئەو وای دەبینێت کە لە ئێستادا تورکیا لە سەدەی خۆیدایەتی و گەلی تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی پێشکەوتوتر هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بە هەموو لایەک هەوڵ بدەن لە دەست دەستووری کودەچیەکانی ساڵی ١٩٨٠ خۆیان ڕزگار بکەن و بچنە قۆناغێکی تر و دەستوورێکی تر دابڕێژن کە وەڵام دانەوە بێت بە مەرجەکانی یەکێتی ئەورووپا و جارنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ.
پارتی داد و گەشەپێدان کە زیاتر لە ٢٣ ساڵە جڵەی حوکمڕانی تورکیای بە داوستەوەیە و لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بدەست هێناوە .دەیەوێت لە بواری دەستووریشدا هەنگاوێکی نوێ بنێت و بە تاواوی شوێنکاری کەمالییەکان بە سەر دەوڵەت و کایەی حوکمڕانیەوە نەهێڵێن و هەمووی بخاتە چوارچێوەی ئەو دید و جیهانبینیەی کە خۆی باوەڕی پێەتی.
بۆ ئەم مەبەستە بە سەرۆکایەتی جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا، لیژنەیەکی ١٠ کەسیان لە پارتی دادو گەشەپێدان دروست کردوە کە بە وتەی خۆیان پێک هاتوون لە کەسانی کنۆکرات و پسپۆڕ لە بواری حوکمڕانی و پەڕلەمان و یاسای دەستووری و کۆمەڵگەی مەدەنی.
ئەویش بە مەبەستی داڕشتنی دەستوورە نوێیەکە. بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت ڕای هەموو پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمیەکان و زۆر لە پەرلەمانتارانی حیزبەکانی تر وەربگرن ، چونکە بە ڕای ئۆردوغان ئەم دەستوورەی ئێستا جێگەی ڕەزامەندی هەمووان نیەو بەشێک لە کۆمەڵگەی تورکیا بە دەستووری خۆی نازانێت ،چونکە ئەم دەستوورە تەنها دان بە یەک ڕەگەز و یەک زماندادەنێت و وەک بنەمایەکی دیموکراسی سەروەری بۆ گەل نیە و لە بواری ئازادیە گشتییەکان کەمو کوڕی هەیەو و دانانی هەندێک ئەنجومەنی وەک ئاسایشی نەتەوەیی و دادوەرەکان لە ژێر دەسەڵاتی سوپادایە. هەروەها لە بواری خێزان و پەروەردەدا کەمو کوڕی تێدایە و دان نانێت بە فرە کولتووری و مافەکانی هاوڵاتی و شوناس و زمانی نەتەوەکانی تر.
ئەو ئاڵنکاریە گەورانەش کە دێتە ڕێگەی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور، بریتیە لە ماددەی یەک و دوو سێ و چوار ،چونکە ماددەی چوار دەڵێ بە هیچ جۆرێک گۆڕانکاری لە سێ مادەکەی پێشوودا ناکرێت و تەنانەت نابێت پێشنیاری گۆڕینیشی بۆ بکرێت.
مادەی یەکەم دەڵێت شێوازی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە، دووەم باس لە سیماکانی کۆمار دەکات کە دەوڵەتی یاسا و دیموکراتی و عەلمانی و کۆمەڵایەتییە.
سێهەم دەڵێت زمانی فەرمی تورکیەو ئاڵایەکی سووری هەیە و مانگێک و چەند ئەستێریەک لە چەقەکەیدایە، هەروەها باس لەسروودی کۆمار دەکات کە بریتییە لە کاروانی سەربەخۆیی، ئەنقەرەش پایتەختی کۆمارە.
ئۆردووغان دەڵێت ئێمە گرفتمان لەگەڵ چوار ماددەی یەکەم نییە و وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەم چوار ماددەیە بگۆڕێت و دەبێت وەک خۆی لە دەستوورەکەدا بمێنێتەوە ،لە لایەکی ترەوە جەهەبە دەڵێت ئێمە بڕوامان بەم لێدوانانەی ئۆردوغان نییە و دەڵێت تەنها بۆ تێپەڕاندنی دەستوورەکەیەو ئەگەری ئەوەی هەیە کە دەنگدانیان لە سەر ئەو ٤ مادەی یەکەم بۆ ئەوە بێت کە بەرامبەرەکان بێدەنگ بن لە ئاست سیستمی حوکمڕانی و دەسەڵاتەکانیی سەرۆک.
ئۆپۆزسیۆن دەڵێت نابێت ئۆردووغان ئەم گۆڕانکاریە دەستووریانە بکاتە پاساوێک بۆ درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی.
چونکە بە پێی دەستوور ئۆردوغان ناتوانێت بۆ خولی سێهەم خۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەگەر هەمواری ئەو ماددە دەستووریە نەکرێتەوە. ئۆردوغان دەڵێت ئەو نایەوێت بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتی خۆی بپاڵێتەوەو ئەو دەستوورە نوێیە دەبێت کایەیەک بێت بۆ خزمەتکردن بە دەوڵەت و گەلانی تورکیا و مەبەست لێی ڕزگاربوون بێت لە دەستووری کودەتاچییەکان.
پارتی داد و گەشەپێدان بەشێک لە ئامانجی کرانەوە بە ڕووی کورد و دەست پێ کردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئیمراڵی بۆ ئەم مەبەستە بووە ، چونکە ئەگەر ئەو دەستوورە نوێیە لە پەرلەماندا بخرێتە دەنگدانەوە، دەبێت خاوەنی ٤٠٠ دەنگ بێت لە کۆی ٦٠٠دەنگی پەرلەمان .بەڵام ئەگەر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی گەل ڕاپرسی لەسەر بکات ئەو کاتەش پێویستی بە ٣٦٠ دەنگ هەیە. لە کاتێکدا ئێستا هەردوو پارتە حکومڕانەکە خاوەنی ٣٢١ کورسین ، لەبەر ئەوە ڕۆڵی دەم پارتی یەکلاکەرەوەیە و ئەگەر لە پاڵ پارتەکانی تری وەک ئایندەی داوود ئۆغڵۆ عەلی باباجان سەعادە و هودا پار بچنە پاڵ هاوپەیمانی کۆمار ئەوە دەتوانن لە پەرلەماندا تێی بپەڕێنن.
بە پێی لێدوانەکانی ئەم دوایەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری ئێستای پارتی کرێکاران ، دەم پارتی پشتیوانی لە دەستوورە نوێیەکە دەکات و بەمەش دەستوورەکە ئەگەری ئەوەی هەیە سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، چونکە ئەوان وا دەبینن ئەمە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنی تورکیاو بەدەستهێنانی مافەکلتوریەکانی گەلی کورد دەکات و لە ئێستاشدا داواکانی ئۆج ئالان لە دەوڵەتی تورکیا هەر ئەوەندەیەو ناچێتە چوارچێوەی داوای ڕەهەندی سیاسی.