34 کوردستان

هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەگەر کورد خۆی ببێتە دوژمنی خۆی، ئەوا "بنەتۆوەکەشی" نامێنێتەوە

01:57 - 29/04/2026

زەمەن - هەواڵ

پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و نوخبەی ڕۆشنبیری کرد و داوای لێکردن کۆتایی بە دووبەرەکی بهێنن و یەکگرتوویی بپارێزن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە ڕاگەیێنراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر دەستەبژێری حیزبی و بەشێک لە کایەی ڕۆشنبیری و تۆڕەوانەکان، ژیانیان کردبێتە مەیدانی ناکۆکی و دووبەرەکی و دژایەتیی یەکتر، ئەوا کاتی ئەوە هاتووە ئەو ڕێڕەوە بگۆڕدرێت. ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت "گوریسی یەکترخستن" لە گەردنی یەکتردا توند بکرێت.

پارێزگاری سلێمانی داوا دەکات ئەم دۆخە ڕاست بکرێتەوە و نەک تەنها ژیان، بەڵکو کارەسات، نەهامەتی، لێقەومان و تەنانەت مەرگیش بکرێنە دەرفەتێک بۆ بەیەکەوەبوون، سەبووری و پشتیوانیکردنی یەکتر. هەروەها داوای کردووە کە مەکۆیەک بۆ کۆکبوون و یەکترتەواوکردن دروست بکرێت و هەمووان دوور بکەونەوە لە "خۆپەسەندی، خۆسەپێنی، خۆپەرستی و خۆبەخودازانی".

لە پەیامەکەیدا هاتووە کە پێویستە جیاوازی و ناکۆکییەکان بکرێنە دەرفەتی خۆیەکخستن و گەشەکردن، نەک بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی یەکتر. هەڤاڵ ئەبوبەکر هۆشداری دەدات و دەڵێت، کورد دوژمنی زۆرە و دۆستی کەمە، بۆیە ئەگەر کورد خۆی ببێتە دوژمنی خۆی، ئەوا "بنەتۆوەکەشی" نامێنێتەوە و ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون دەبێتەوە.

پارێزگاری سلێمانی بۆ دووپاتکردنەوەی پەیامەکەی، سوودی لە هۆنراوەیەکی قانعی شاعیر وەرگرتووە کە تێیدا دەڵێت: "برا بن، غایەتان یەک بێ، برایی؛ غایە یەکبوونە. ئەوی کۆمەک بە فیکرت بێ؛ لە هەر لا بێ؛ براتانە." بەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئامانجەکان یەک بخرێن و هەر کەسێک هاوکاری فیکری بێت، بە برا هەژمار بکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن