جەنگ یان هەژاری؟
4/25/2026 8:24:00 PM
لوقمان چاوڕەش
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دوو هێزی وێرانکەر هەمیشە
وەک سێبەری مەرگ بەدوای چارەنووسی گەلانەوە بوون، ئەوانیش جەنگ و هەژاری بوون. ئەگەرچی
هەردووکیان توانای گۆڕینی ڕێڕەوی مێژوویان هەیە، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە:
کام لەم دووانە برینێکی قووڵتر و درێژخایەنتر لەسەر جەستەی کۆمەڵگەکان بەجێ دەهێڵێت؟
جەنگ
وەک زریانێکی وێرانکەر وایە، زۆرجار بەهۆی ململانێی هەرێمایەتی و
فشارە دەرەکییەکانەوە هەڵدەگیرسێت.
جەنگ لە چاوتروکانێکدا هەموو شتێک سەروژێر دەکات؛ کوشتن، ئاوارەیی و وێرانکاریی
ژێرخانەکان دەبنە ناسنامەی ئەو قۆناغە.
جەنگ ژیان و باری ئابووری دەخاتە دۆخێکەوە کە گەڕانەوە بۆ پێشوو تێیدا کارێکی
سەخت و ئەستەمە، بەڵام سەرەڕای هەموو تۆقێنەرییەکەی، زۆرجار دوای بێدەنگبوونی چەکەکان،
ئیرادەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوە و بونیات نانەوەی
ژێرخانێکی بەهێزتر لەناو گەلاندا سەر هەڵدەداتەوە.
لە بەرامبەردا، هەژاری ئەو شۆڕشە بێدەنگە کتوپڕە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی داڕمانە کە لە ئەنجامی
چاوچنۆکیی فەرمانڕەوا و دەسەڵاتە ناوخۆییەکانەوە لەپلانێکی کاربۆ کراودا سەرچاوە دەگرێت.
هەژاری وەک جەنگ دەنگدارو تۆقێنەر نیە، بەڵکو بە هێواشی و لەسەرخۆ، دوای ساڵانێکی زۆرو
کاتێکی درێژخایەن کۆمەڵگە لە مەترسییەکەی بەئاگا دێتەوە.
ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە وەک ژەهر دەچێتە ناو
شادەماری سێکتەرەکانی ژیان و کەرتە گشتیەکانی
حکومەتەوە.
کەرتی پەروەردە لەگرێژنە دەردەهێنێت و توشی ئیفلیجی دەکات، دەرمان و
پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ نەخۆشەکان دەبنە خەونێک و،
هەلی کار وچالاکی بۆ مرۆڤەکان ناهێڵێت ،
سەرمایەی نیشتمانی مایەپووچ
دەکات. ئەمانەش هەمووی دەبنە بناغەی نائومێدییەکی گشتگیر کە تەواوی چین و توێژەکان
دادەماڵێت.
ئەگەر جەنگ بۆمبێکی تۆقێنەری ماڵوێرانکەر بێت،
ئەوا هەژاری ژەهرێکی کوشندەو بێدەنگە.
جەنگ لە کاتێکی کورتدا جەستەی مرۆڤەکان لەناو دەبات، بەڵام هەژاری هیوای نەوەکان و ئیرادەی مرۆڤبوون
بەتەواوی لەناو دەبات.
ئەوەی کە هەژاری لە جەنگ مەترسیدارتر دەکات، ئەو نادادییەیە کە لە نێوان
چینی دەسەڵاتداری خاوەن بڕیار و خەڵکی ستەملێکراودا دروست دەبێت. برینێک کە ڕەنگە
بۆ چەندین نەوە شوێنەوارەکەی نەسڕێتەوە.
پەیوەندی نێوان ئەم دوو هێزە ئۆرگانییە بەجۆرێکە
کە هەریەکەیان زەمینە بۆ ئەویتریان خۆش دەکات.
بەڵام ئەزموونی مێژوویی ئێمە لەم هەرێمەدا دەیسەلمێنێت، ئەو ڕژێمە
داگیرکەرانەی لە ڕابردوودا بە تانک و تۆپ و جبەخانەکان ڕووبەڕوومان دە بوونەوە، نەیانتوانی
وەک ئەم هەژارییە سەپێنراوەخۆماڵیە نائومێدیمان تێدا بچێنن.
ئەو مەترسییەی ئێستا کۆمەڵگەی ئێمەی گەیاندووەتە
لێواری داڕمان، برسیكردن و هەژارکردنێکی پلانداڕێژراوە کە تەنها (چەتە و مافیا و کۆیلە
مێشک پوچەکان) باکیان پێی نییە.
جەنگ دەتوانێت جەستە بکوژێت، بەڵام ئەوە هەژارییە کە ڕۆح و هیوای گەلێک لەناو دەبات.
کەواتە لێرەوە با خاوەن دەسەڵاتەکانی هەرێم لەهەردوو
زۆنە داگیرو دابەش کراوەکەدا لەو ڕاستیە باش تێ بگەن
سیاسەتی برسی کردنی خەڵک و نەدانی موچەو بردنی
داهات و وێران کردنی ژێرخانی ئابوری بوو بە هۆکاری نائومێد بوونی خەڵکی ئەم هەرێمە
هەر بۆیە هەرچی پیرۆزیەکانی نیشتمان و خۆشەویستی
هەیە لەناو هەست و بیرو هزری خەڵکی ئێمەدا سفر کران.
بەشداری نەکردنی خەڵک لەهەڵبژاردنەکان و تەزویرە ڕێکخراوەکانی ئەوان و پاشکۆیەتی بۆ داگیرکەران
هەموو ئەو ڕاستیانەی ئێمە پشت ڕاست ئەکاتەوە.