کاریگەری کەسێتی مامۆستا، ڕەنگدانەوەی لەسەر فێرخواز
3/10/2026 1:16:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی
کەسێتی بریتیە لەو کۆمەڵە تایبەتمەندیەی کە هەموو مرۆڤێک لە هەڵسوکەوت و ڕەفتار و مامەڵەیدا دەردەکەوێت. لە لایەنی جەستەیی و دەرونی و سۆزداری کە لە بواری تێکەڵ بوون و بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی ڕەنگدەداتەوە.
واتە جیهانبینی و شێوازی بیرکردنەوەی هەر تاکێک لەگەڵ هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی ژیانی ڕۆژانەیدا کارلێک دەکات، بەمە دەوترێت کەسێتی(کەسایەتی).
ئەوەی سەرەوە پێناسەیەکی کورتی کەسێتی بوو بۆ هەموو مرۆڤێک، جا هەر کەس و تاکێک لە هەر پێگە و شوێنی کارکردن و مامەڵەی کەسێتی ئەو مرۆڤە جیادەکرێتەوە و دەناسرێتەوە.
کاریگەری کەسێتی مامۆستا لەسەر فێرخواز(قوتابی) گەورەیە و بڕیاردەرە لە پرۆسەی فێربوون و پرۆسەی پەروەردەکردندا، ئەم کاریگەرییە لە چەند بوارێکدا دەردەکەوێت:
١. هاوکاری و هێزپێدان و هاندان:
کەسایەتی مامۆستا ـ وەک بەڕێوەبەری پۆل ـ ڕۆڵێکی گرنگ دیاری دەکات لە بەرزکردنەوەی هەوڵ و بەشداری قوتابی و فێرخواز.
مامۆستا دەتوانێ گیانی ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لە ناو هەستی فێرخواز دروست بکات بە ئاراستەی جوان بیبنین و هەڵسەنگاندن لەلایەن فێرخوازان، کە دەکرێت وەک سەرچاوەی هێز و چالاک ببینرێت و لە بواری ئەرێنی بەهێز بۆ ئایندەیان ڕەنگڕێژبکرێت.
لەم حاڵەتەدا هەستی نەرمونیانی و جوان بڕیاردان، فێرخواز دوور دەخاتەوە لە ترس، شەرم، توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی ئەوانیدی.
٢. دروستکردنی پەیوەندییەکی باوەڕپێکراو ومتمانە بەخش:
مامۆستای خاوەن کەسێتی بەهێز، باوەڕ و هێز لای فێرخواز دروست دەکات، وایلێدەکات هەست بە ئاشنایی، ئارامی بکات و ئیتر سڵ لە هەڵە کردن نەکاتەوە.
کەسێتی مامۆستای دڵسۆز و خاوەن کەسێتی گەورە، ئاکامی باشی دەبێت بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە.
٣.نموونەی باڵاو گونجاو:
فێرخواز زۆرجار مامۆستایەکی باوەڕپێکراو و باش، وەک نموونەیەک دەبینێت بۆ ڕەفتار و ڕەوشتەکانی ژیانی.
کەسێتی مامۆستا لە ڕوخسار، ڕەفتار، مامەڵەی کاردانەوە، ڕەنگدانەوەی درێژخایەنی دەبێت لەسەر بیر و رەفتاری فێرخوازان.
٤.ئەرک وبەرپرسیارێتی:
مامەڵەی دروست و هاوڕێیانە و نەرمونیانی و وتەی شیرین و بەجێ وا لە فێرخواز دەکات، بەباشی هەست بە ئەنجامدانی ئەرک و بەپرسیارێتی بکات و بەسەر کێشە و گرفتەکاندا زاڵ بێت.
٥. کاریگەری بۆ هەستی خودویستی و ژیانبینی و خۆشەویستی ژیان و ژینگە:
مامۆستای بەهێز و سەرکەوتوو خاوەن کەسیتی بەهێز وا لە فیرخواز دەکات گرنگی بە خۆی بدات و ژیان و ژینگەی لا مەبەست بیت و ڕۆڵ و بایەخی خۆی و ئەوان بەرز بنرخێنێت، هەستیارانە مامەڵە بکات و هەست بە کەسێتی بەرز بکات.
ڕۆڵ و کاریگەری کەسێتی مامۆستا دەبێتە پەخشی ڕوناکی بۆ ژیان، لەوێوە ڕێز و شکۆ بۆ خۆی و پیشەکەی دروست دەبێت.
لەناو ئەدەبیاتی کوردی و جیهانیش کەسێتی مامۆستا بایەخی وەرگرتووە، ئەوەتا عەبدوڵا گۆران شاعیری ناسراوی کورد لەسەر کەسێتی و ڕۆڵ و ئەرکی مامۆستایان بەمجۆرە وتوێتی:
ئەگەر دوێنێ مامۆستاکان
سوڵتانێکیان پێ ئەگەیان
ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای کورد
دانیشێ، بە ڕاوێژی وورد
ڕێگەی پێگەیاندن دانێ
بۆملیۆنان، نەک سوڵتانێ
هەروەها شاعیری ناسراوی عەرەب (ئەحمەد شەوقی) بە ڕەچەڵەک کورد، لەسەر ڕێزگرتن لە کەسێتی مامۆستایان وتوێتی:
قم للمعلم وفه التبجيلا
كاد المعلم ان يكون رسولا
واتە:
هەستە لەبەر مامۆستا دەستە ونەزەر
مامۆستا خەریکە ئەبێت بە پەیامبەر
لەم وتارە کورتەدا، ئەوەی گرنگ بوو لەسەر کاریگەری کەسێتی مامۆستا لەسەر فێرخوازان، ئاماژەمان پێدا، دەکرێ لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار بە ئەرکی ئاکاری و پەروەردەیی هەڵبستن و بایەخ و ڕۆڵی مامۆستا لە ناو کایەی ژیان و پرۆسەی پەروەردەدا بەرز ڕابگرن، تا شکۆی مامۆستا و کەسێتی ببێتە بۆتەی داڕشتنی کەسێتی قوتابیان و فێرخوازان بەشێوازێکی زانستیانە و پەروەردەییانەی سەردەم.