ئاڵا تاڵەبانی: پەرلەمانتار هەبووە بە 12 کاتژمێر بەر لە کۆبوونەوەکە سەنگەری خۆی گواستووەتەوە
01:43 - 05/11/2026
زەمەن_هەواڵ
لێدوانێکدا بۆ میدیای یەکێتی ئاڵا تاڵەبانی رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد داوای هاوبەشیی راستەقینە دەکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان خۆی ئەو بنەمایە جێبەجێ ناکات.
لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە، ئاڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی بیانی داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانیان بە بەشداریی هەردوو هێزەکە دەکرد، بەڵام لە واقیعدا پەرلەمانتار هەبووە بە 12 کاتژمێر بەر لە کۆبوونەوەکە سەنگەری خۆی گواستووەتەوە بە مەبەستی بەشداریکردن، ئەوەش بە هەنگاوێکی گوماناوی لەقەڵەم دەدات.
ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پێشووی پارتی لە بەغداد و وتی: "پارتی لە کابینەی رابردووی عێراق هەوڵێکی زۆری دا بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، بەڵام بۆی دەرکەوت ئەو سیاسەتە لە عێراق سەرناگرێت، بۆیە دەبێت دڵنیاش بێت لەوەی کە لە هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتوو نابێت."
راشیگەیاند، ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی پەرلەمان و حکومەتێکی تاکلایەنە، کە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو نابێت.
ئاڵا تاڵەبانی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد، کە پرسی سەنگەرگواستنەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشینەی هەبووە و بە یاسا قەدەغەکراوە پێش پێکهێنانی حکومەت ئەنجام بدرێت، کوردیش لە بەغداد ئەم بابەتەی بەلاوە نامۆ بووە و تەنانەت پەرلەمانتارانی پارتی دەیانگوت ئەم کارە لە پێناو بەرژەوەندیی کەسییە نەک نیشتمانی.