15وتار

پەروەردە و هاندانی گیانی دڵسۆزی

8/27/2025 1:09:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی



دڵسۆزی بە مانای ئاکاری باش و بەرزی مرۆڤ دێت، ڕەنگدانەوەی هەستی پاکییە دوور لە دوفاقی ودوڕوویی و بەرژەوەندخوازی، ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییە لە مرۆڤدا لە گفتارو و ڕەفتار و بۆچون و هەست و خواست و ئارەزوو هەستەکانییەوە دەردەبڕێت و دەردەکەوێت.

هەمیشە پێوەری ڕاستگۆیی و هاوسەنگی لە نێوان وتە و کرداردا یەکانگیر دەبن ئەوسا  دڵسۆزی هەستی پیدەکرێت.

مرۆڤ لەسەرەتاوە و لە قۆناغی مناڵی ئەو هەستەی تیا بەدی ناکریت، لەبەر ئەوەی نە تەواو فێری  وتە و دەربڕین  بووە، نە ڕەفتارەکانی  بەچاوی  سەرنج  دەبینرێن، ئەگەر ڕەفتارێکی  نەشیاوی کۆمەڵایەتیش بکات، بێ چەند و چون دەڵێن منداڵە، کەواتە هەڵەکانی لەسەر کەسێتی  ناکەون.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کاتێ مناڵێک هەڵسوکەوت و وتەکانی باش و ڕاست و ڕەوانبن، دەبێتە جێی سەرنجی دەوروبەر، یەکسەر پێی دەڵێن ئەم منداڵە دایک وباوکی کێن و کاریان چییە؟

لێرەوە سەرنجی دەوروبەر بۆ شێوازی پەروەردەی خێزان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەگەر وتە و ڕەفتاری مناڵێک  پێچەوانەی مناڵەکەی تر بوو، سەرنجی خەڵک دیسان دەچێتە سەر دایک و باوکی، بەتایبەت دایکی مناڵەکە، ئەوەی فایەق بێکەس لە شێعرێکدا ئاماژە بە ڕۆڵ و بایەخی دایک دادات لە پەروەردەدا و وتوێتی:

تەربیەت  لەلای  داکە

داک چاک بێ ئەولاد چاکە.

جگە لە پەروەردەی خێزان کە کاریگەری  بنەڕەتی هەیە بۆ دروستکردنی کەسێتی مرۆڤ، بەتایبەت ناساندن و ئاشنا کردن و فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵ لەسەر بەها و ڕەفتارە ئەرێنییەکانی ناو کۆمەڵگە، چاندنی هەستی بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن و خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی، ڕەنگدانەوەکەیان هەستی ئاکاری مرۆڤ  لەڕووی پەروەردەوە دەخەمڵێنن، هەروەها  کارلێکی  گوتار و رەفتار ئاوێتە دەبن، دەبنە یارمەتیدەرلەپێناوی چاندنی هەستی ئاکاری بەرزی پەروەردەیی لە کۆمەڵدا، ئەمانە بەشێکن:

لایەنەکانی  چاندنی هەستی ئاکار:

١-فێرکردنی بەها ئاکارییەکان لای منداڵان(ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، دەستپاکی، ڕێزگرتن، بەرپرسیارێتی)فێرکردنیان لەژیانی ڕۆژانەیاندا

2- هێنانەوەی نموونەی  پێشەنگیی :

فێرکاران پێویستە نمونەی باش بن بۆ منداڵان لە ڕەفتاری ئاکاریدا، تا منداڵان بە سەرسامی و شێوازی ئەوان  ڕەفتار بکەن و لێیانەوە  فێربن.

3- هاندانی منداڵان بۆ ڕەفتاری  ئاکاری:

بە ستایشکردن و هاندان و پاداشت کردنیان و گرنگیدان بە لایەنی ئەرێنی  ڕەفتاری باش.

فێرکردن و چۆنیەتی بڕیاردانی ئاکاری:
یارمەتی منداڵان دەدات کە فێربن چۆن دەرئەنجامەکانی کردەوە و ڕەفتارەکانیان  لەبەرچاو بگرن و بڕیاری باشی لەسەر بدەن.

5- ئاراستەکردنی باش ڕووە و بەرپرسیارێتی:

فێرکردنی منداڵان کە بەرپرسیاربن  لە کردار و ڕەفتارەکانیان، بەئاسایی وەرگرتنی ڕەخنە و داننان بە هەڵەکان و دەرئەنجامەکانی و قبوڵکردن و فێربوون لێیان.

٦-دروستکردنی کەسێتی بەهێز:

ئەمەش  یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کەسایەتیی بەهێز و جێگیر لە منداڵاندا.

٧- بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان:

کاتێ منداڵان فێری بەها ئاکارییەکان دەبن، لە دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا خۆیان باشتر دەگونجێنن.

٨- بەهێزی و متمانە بەخۆبوون:

مامەڵەکردن بە شێوەیەکی ئاکاری متمانە بەخۆبوون و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرز دەکاتەوە.

٩-بەشداری و کاریگەری:

ئەو منداڵانەی فێری بەها ئاکارییەکان دەبن، زیاتر توانای بەشداریکردنی ئەرێنییان هەیە لە ناو کۆمەڵگەدا.

دەمەوێ وتارەکەم بە پەندێکی بیرمەندی گەورەی کورد  پیرەمێد، کۆتایی بێنم، کە ئەو پەندە ڕۆچوونی هەستی دڵسۆزی تاکە بۆ ئەوانی تر و وەرگرتنەوەی پاداشتی ئەو ئاکارە بەرزەیە لای کۆمەڵگە، بۆیە وتوێتی:

کەسێ دڵسۆز بێ بۆهەموو کەسێ

دەرگایشی نەبێ، لە دز نەترسێ.

سەرچاوەکان:

١-پەندەکانی پیرەمێرد

٢-بحث عن الاخلاص(مراد الشوابكة-2018)

3-الاحلاص فى التربية الابناء(د.طالب بن عمر حيدرة الكثيري)

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن