8وتار

گرنگی ئەدەبی منداڵان لە پرۆسەی پەروەردەدا

2/14/2026 12:54:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی

پرۆسەی پەروەردە، پرۆسەیەکی گرنگ و پڕ بایەخە لە گشت کایە و ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەکان. چونکە داینەمۆی بەگەڕخستنی وزە و توانا و کارامەییەکانی تاکە لەپێناو ئامانجە  باڵاکانی  مرۆڤبون.

ئەدەبی منداڵان، فۆرم و شێوازێکی هونەری ئەدەبییە، کە تایبەت بێت بۆ منداڵان، جا ئەگەر گەورەکان  بینوسن، کە پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندیەکانی(خواست و ویست و حەز وخولیای  منداڵان بکرێت) لەلایەکیتر پێویستە لایەنی پەروەردەیی ئامانجدار، لەناو دەقەکەدا دیاریبکرێت. لەگەڵ هەستە سۆزداری و نەستە شاراوەکانی منداڵدا یەکانگیر بێت، وەک(گیانی لێبوردەیی، خۆشەویستی مرۆڤ و ژینگە و گیانداران، هاوکاری، گەیاندنی پرسیار تا منداڵان لەناو دەقەکە  بۆی بگەڕێن و وەڵامی بدەنەوە، هاندان بۆ کاری باش، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجەکەی پێدیاری بکرێت، مەبەست لە شیوەکەیە(شیعر، چیرۆک، ئۆپەرێت، نۆڤلێت، ڕۆمان) کارێکی تری ئامانجدار لە نوسین بۆ منداڵان، پەرەپێدانی خەیاڵ و هۆشیاری سۆزداری و ڕۆچونە بەناو خولیاکانی منداڵدا لە بەکارهێنانی وێنەی سەرنجڕاکێش، ڕەنگدانەوەی بەها کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام پێویستە دوربێت لە بانگەشەی ڕاستەوخۆ واتە پەیامێکی ئاراستەکراوی ناڕاستەوخۆیە بۆ منداڵان.

لەلایەکیتر کاتێ دەقێک منداڵ خۆی دەینوسێ، جیاوازە لەوەی گەورەکان دەینوسن ، ئەمەش ئەوەدەگەیەنێ منداڵ خۆی بە پێی ویست وحەزی ناخی خۆی بابەتەکە دەنوسێ.

لەناو دنیای ئەدەبی منداڵانی ئێمەدا تائێستا نەبۆتە کەلتور منداڵان خۆیان بۆ خۆیان بنوسن،  مەبەستم ئەوەیە گۆڤار و بڵاوکراوەی تایبەت بەخۆیان هەبێت و دووربێت لە نوسینی گەورەکان. 

لەوانەیە خوێنەرێک بڵێ چۆن منداڵان دەتوانن بەوکارە هەستن؟ ئەگەر ئێمە دنیایەکی جوانتر و ئەدەبێکی منداڵانی باشمان بوێ پویستە هاوکار و هاندەر و پشتیوانیان بین، وتەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێ (التجربة أقوى من الخبرة)واتە(تاقیکراوە، بەهێزترە لە شارەزایی بوون). بۆیە ئێمەی گەورەکان لەتەمەندا، ئەوەندەی هەڵپەمان کردووە بۆ خۆمان نەهاتوین بەرنامە و پلانکار بۆ ئەنجامدانی ئەدەبی منداڵان دابنێین. لەڕاستیدا ئەمکارە بە کەسێک یان چەند کەسێک  ناکرێت، ئەوە وەزارەت و دەستە و گروپ و ڕێکخراوی تایبەت پێویستە بەمکارە هەستن، لەگەڵ ئەوەی چی نوسین و بابەتێک لە ئەدەبی منداڵان نوسرابێت، جێی دەستخۆشی و پێزانینە هەم بۆ دڵسۆزان هەم بۆ منداڵانی کوردستان.نابێ لە بەرهەمی ئەو هەموو نوسەرە دڵسۆزانە کەمبکرێتەوە، من مەبەستم ئەوەیە بۆچی وەزارەتی پەروەردە ئەم بابەتەی بەگرنگ وەرنەگرتوە؟

یان چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوی تایبەت بە ئەدەب و ئەدەبی منداڵان و چەندین گۆڤار و بڵاوکراوە چاپدەکرێن، بۆچی تائێستا بیریان لەوە نەکردۆتەوە، کە منداڵ بۆخۆی لەگەڵ خولیا و ویستەکانیدا ئاوێتە ببێت و ببنە نوسەری ئەدەبی منداڵان؟

لەوانەیە خوێنەری بەڕێز ئەوە بەخەیاڵیدابێت، بە من بڵێ : ئەی تۆ بۆ ئەو کارەت نەکردوە؟ لە وەرامدا دەڵێم من ڕاستە دەیان وتار و بابەتم لەسەر پەروەردە نوسیوە، چەند کتێبێکیشم لەوبارەوە هەیە، بەڵام وا بۆ ساڵێکە سەرنوسەری گۆڤارێکی پەروەردەیی و ئەدەبی منداڵانم، نامەوێ بیشارمەوە،  کەم توانایی دارایی و نەهاتنە پێشەوەی ههیچ کەس و لایەنێک  هۆکار بووە، بەڵام دواجار دوای هەڵ و ماندوبون تەقەلایەکی زۆر ئەوەی مەبەستم بوو بەدیم هێنا، بەم توانا دیاریکراوەی خۆم، ژمارە چواری گۆڤاری هەرەوەزم تایبەتکرد بە ئەدەبی منداڵان وبەهرە و بەرهەمی خۆیان، ئەمە نە خود ئەڤینیە، نە خود بەپاڵەوانکردنە، بەڵام وابزانم بۆیەکەمجارە قەڵەمی نوسەرەکان بەشدار نەبن و هەر منداڵان خۆیان پاڵەوانی ئەدەبەکەیانن لەم ژمارەیەی هەرەوەزدا. 
پێشتر ئاماژەم بە تاقیکردنەوە و شارەزاییدا، ئەوەی ئێمە کردمان هیوادارم ببێتە تاقیکردنەوەیەکی باش و شارەزاکان و خەمخۆرانی بواری پەروەردە و ئەدەبی منداڵان قۆڵی دڵسۆزی لێهەڵبماڵن و بێنە پێش بۆ سەرپێخستنی ئەم ئەدەبە لەلایەن منداڵان خۆیانەوە.
مەرجنیە تەنها گرنگی بە پرۆسەی فێربوون بدرێت  لە ناو قوتابخانە و خوێندنگەکاندا بۆ منداڵان. ڕاهێنان و ئاراستەکردنیان بۆ خوێندنەوە، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕۆشنبیری نەتەوە لە ئایندەدا، ئەمەش بەوە دەبێت منداڵان بنوسن، بەتایبەت  لە ئەدەبی منداڵاندا، هەربۆیە (جۆرچ سانتانا) دەڵێ:(منداڵێک کە خوێندن و فێربوونی  لە فێرگە سنووردار بێت، منداڵێکی نەخوێندەوارئەبێ).


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن