کێشە و گرفتەکان، کاریگەریان لەسەر پەروەردە
9/20/2025 11:30:00 AM
رەووف محەمەد ئالانی
کێشە یان گرفت ئەو ئاڵۆزیانە دەگرێتەوە، کە کار لە دەروونی تاک دەکەن و کاریگەری نەرێنی جێدەهێڵن لە سەر کەسێتی و شێوازی مامەڵەی ئەو کەسەی کە کێشەکەی توش بووە.
زۆرجار شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ لە ناو خێزاندا، بەهۆی نەبونی پلان و بەرنامەی زانستی و پەروەردەیی و نەشارەزایی مامەڵەکردن لەگەڵ تەمەنی منداڵدا دەبێتە هۆکار و ڕەنگدانەوەی کێشە و گرفت بۆ ئەو منداڵە.
ئەو چەند دێڕەی سەرەوە زیاتر دەچێتە قاڵب و بۆتەی کێشەی پەروەردیی، کە کاریگەری زۆر جێدەهێڵی و ئاوێتەی کەسێتی ئەو تاکە دەبێت، لەو کاتەدا تاکەکە دەبێتە کەسێکی شەڕەنگێز و توندڕەو، یان دەبێتە کەسێکی دورەپەرێز و گۆشەگیر و بێزار وخەمۆک.
کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە ئەو خانەیەی پێی دەوترێت مرۆڤی خەمۆک کە لەڕووی دەرونیەوە زیانی گەورەی بەردەکەوێت، چونکە ڕەفتارەکانی نامۆ دەردەکەون لە ڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هەست و سۆزلاواز دەبێت، یان گێچەڵکردن و شەڕەنگێزی و تەنانەت لەگەڵ کەسە نزیکەکانیشی نادروست دەبێت.
ئەو کەسانە هەستی کەمی متمانایان بە خۆ هەیە، ئەگەر زۆر بە وردی و باشی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت ئەو شێوازە نەرێنیە تا تەمەنی گەورەیی لە گەڵی بەردەوام دەبێت.
جۆرەکانی گرفت وکێشەکان لە ناو کۆمەڵگەدا:
کێشەکان بە پێی پێوەرە زانستی و جیاوازەکان دابەشدەکرێن، لێرە بەشێکیان دیاری دەکەین، کە ئەمانەن:
١-کێشەی دەرونی (خەمۆکی، شەڕەنگێزی، دورەپەرێزی.....
٢-کێشەی کۆمەڵایەتی(هەژاری، جیاکاری...)
٣-کێشەی ژینگەیی (پیسبونی ئاوو هەوا...)
٤-کێشەی پەیوەست بە سیستمی ڕەفتاری تاکەکەسی
٥-کێشەی تەندروستی(نەخۆشی زگماکی....)
٦-کێشەی سیستمی پەروەردیی(گرنگینەدان بە کوالیتی خوێندن و وابەستە بوون بە ئایدۆلۆژیای ناڕوون)
٧-کێشەی ئابوری و دارایی
٨-کێشە و گرفتە خێزانیەکان
زۆر دەوترێت هەرشتێک سەرەتای هەبێت، کۆتاییشی هەیە. کاتێ کێشە و گرفت بوونی هەبێت گومانی تیا نیە چارەسەریشی هەیە،
زۆربەی شارەزایانی بواری کۆمەڵناسی(سیسیۆلۆژیا) ئاماژە بە ڕێگاکانی چارەسەری کێشەکان لەمانەدا دەبیننەوە:
١-دەستنیشانکردنی کێشەکان: گرنگە کێشەکە دیاریبکرێت و شیکاری بۆ بکرێت و پێناسە بکرێت تا زانیاری لەسەر کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگەی چارەسەریان بۆ دیاری بکرێت.
٢-شیکاری کێشەکان: ئەم هەنگاوە دوای کۆکردنەوەی زانیاری ئەنجام دەدرێت و هۆکارەکانی دیاریدەکرێت.
٣-گرنگیدان بە چارەسەرو ئەگەرەکان: دوای شیکردنەوەی کێشەکە، چارەسەرو ئەگەرەکان، واباشە شێوازی ساکار و سادە و کارپێکراو بن، چارەسەرکردنی تەنگژەکان و گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو، ئەوەش گرنگە بزانین تا بیرۆکەکان زۆرتربن چارەسەرەکان ئاسانتردەبن.
٤-هەڵسەنگاندنی چارەسەرەکان: چارەسەرەکان بەراورد دەکرێن لەگەڵ یەکتر بە ڕەچاوکردنی شێوازی کارکردن لەسەریان و جێبەجێکردنیان دەکرت، لەم بوارەشدا پێویستە کۆمەڵێک خاڵ ڕەچاوبکرێن کە بریتین لەمانە:
أ-ئاکامەکان لە چارەسەرەسەرەکانەوە.
ب- ئەو چارەسەرانەی لەگەڵ ڕێگاو و یاساکان تەبان.
ج-بەراوردی چارەسەرەکان لەگەڵ ئەنجام و مەترسییەکان.
٥-ئەنجامدانی چارەسەری دیاریکراوی گونجاو: دوا هەنگاوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە ڕەچاوی هەموو هەنگاوەکان بکرێت کە پێشتر ئاماژەی پێدراوە، پلان و ڕێگەی چارەسەر وەک پێویست و هەنگاوەکان بڕوات و مەترسییەکان کەمبکرێنەوە و چارەسەربەدیبێت.
بەڵام ئەگەر ئەو هەنگاو و شێواز و ڕێگایانەی سەرەوە کە بۆ چارەسەری کێشەکان دیاریکراون، کاری پێنەکرا، هیچ چارەسەرێک نابینین، بەڵکو گرفت و کێشەکان بەردەوام دەبن و ئاکامێکی خراپ دێتە بەرچاو.
ئەوەی لە ئێستای پرۆسەی پەروەردەدا دیارە و ناشاردرێتەوە، بوونی چەندین کێشە و گرفت و ئاستەنگە، ئەگەر حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە پلانی خێرای جێگرەوە بۆ جارەسەرەکان دانەنێت، مەترسی ئەمساڵی خوێندن هەیە، یان شێواوی و شپرزەیی و نزم بوونەوەی ئاستی کوالیتی خوێندن دەبێتە ئاکامێکی نەخوازراو. ئەرێ براگەل لە کام شوێن و کام جێگا و جوگرافیای ئەم سەر زەمینە هەیە سێ مانگ مامۆستایان موچە وەرنەگرن و داوای ئاکام و کوالیتی باشبکرێت؟
ئەزموونی ئەم ماوەیەی کە سێ دەیە و نیوی تێپەڕاند لە حوکمڕانی خۆماڵی، دەکرێ بەرنامە و پلان و شیوازی کارکردن، بە ئاراستەیەکی تر بگۆڕدرێت و واز لەم شێوازی خراپ بەکارهێنانە بێنین کە نادادی و گەندەڵی خەریکە نوزەمان لەبەر دەبڕێت، بۆیە پێویستە ئاراستەی ڕێگەکە بگۆڕین.
هەروەک چۆن (فرانتس کافکا دەڵێ:(ئەو ڕێگەیەی کە پێیدا دەڕۆین، مەج نیە ڕێگە ڕاستەکە بێت، بەڵکو ڕێگەیەکی تر هەیە و پێویستە بیدۆزینەوە).
هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان کەوتوینەتە گومانێکی شاراوەی ناڕوون، کە کات کوشتن و ڕێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەند، باجێکی قورسە کە تەنها خەڵک دەیدات. دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە ناکرێ بێخەمبن، چونکە مێژوو ڕەح بە کەس ناکات، جگە لە پاشاگەردانی و دواکەوتوویی و هەژاری هیچ ئاکامێک بەدینایەت، پڕۆسەی پەروەردەش کە تاکە هەگاوە بۆ گەیشتن بە ڕێگەی ڕێبوارانی شارستانی، ناکرێ وا بخرێتە پەراوێزەوە، بۆیە بەڕای بەندە کاتێ چارەسەری ئەم کێشەیە نەتانهەژێنێ، واتە بێخەم و بێباکن لە ئایندەی نیشتمان و نەوەکانمان.
فایەق بێکەسی نەمر لە خۆڕا هاواری نەکردووە بۆ بێخەمانی گەل کە لە شێعری قەومی کورد، کە لە بەشێکی شێعرەکەدا دەڵێ:
وا وەتەن دیسان بەمەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان
بۆچی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین
ڕۆژی تێکۆشانە سا دەی هیمەتێ، تاکو زووە
بەشکو لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین
گەرچی هەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن
شەو بەبێ خەم سەر ئەنێنە سەر سەرین، هەر سەرسەرین
پیاو ئەبێ دائیم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ
ئەو کەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین.
سەرچاوەکان:
١-دیوانی فایەق بێکەس
٢-أنواع المشاكل التربوية
وليد سرحان
٣-خطوات حل المشكلة، كيف أحل مشاكلي؟
دلال قصري
٤-اقوال المشاهير عن حل المشكلة
٥- ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان
ژیوار سەلاح- ماڵپەڕی زانیاری
٦-فرانتس کافکا