34وتار

ڕۆڵی پەروەردە بۆ گرنگی و هاندانی خوێندنەوە

6/1/2025 10:07:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی


بەشێکی گرنگ و دیاری ژیانی مرۆڤەکانە. ئەم کردارە تەنها خوێندنەوەی وشە و دەق نییە، بەڵکو پەنجەرەیەکی فراوانە بۆ ناسینی جیهان و پەرەپێدانی بیر و هزر. دەکرێ خوێندنەوە وەک خولیا و حەزێک لێی بڕوانرێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ هەر بابەتێکی یان زانیاریەکی کە مەبەستی هەبێت لەڕێیەوە دەستی بکەوێت. خوێندنەوەش دەکرێ پۆلێن بکرێت بۆ تەمەنی جیاواز، چونکە بەپێی تەمەنی مرۆڤەکان واباشترە ڕەچاوبکرێت، بەنمونە خوێندنەوە بۆ تەمەنی مناڵان پیویستە خولیاو خەون و ئەندێشەی ئەوان لەخۆبگرێت و دووربێت لە توندوتیژی و ئازاردان، دەکرێ پەروەردەیی بێت و هانیان بدات بۆ ڕێزگرتن و خۆشەویستی و هاوکاری و سۆزو میهرەبانی بەرامبەر مرۆڤ و گیانداران.
ئەو دەقانەی بۆ مناڵان دەونوسرێن پێویستە بەزمانی سادە و ساکار بنوسرێن، وابێت کە بەئاسانی لێی تێبگەن و چێژبەخش بێت، جادەقەکان چیرۆک یان شیعر و پەخشان (داڕشتن) بن لەهەمانکاتدا پێویستە ڕەچاوی ئاستی گەشەی بیرو لایەنی کۆمەڵایەتی و دەرونی و پەروەردەیی بکرێت.
 بێگومان ناکرێ ڕۆڵ و کاریگەری و بایەخی پەروەردە بە هەند وەرنەگیرێ لە پرۆسەی ئاراستەکردنی تاک بۆ خوێندنەوە، ئەو کاریگەرییە یان ڕاستەوخۆ دەبێت یان ناڕاستەوخۆ ڕۆڵ دەگێڕێت. خوێندنەوە چەندین سوودی گرنگی بۆ مرۆڤ هەیە لەوانە:
 ١. پەرەپێدانی زانست و زانیاری: خوێندنەوە دەرگایەکی فراوانە بۆ فێربوون و ناسین و زانستی نوێ. مرۆڤ لەڕێگەی خوێندنەوەوە دەتوانێت لە بوارە جیاوازەکاندا زانیاری وردی پێ بگات و گەشە بە زانستی خۆی بدات.
 ٢. فراوان بوونی هزر و بیرکردنەوە: کاتێک مرۆڤ دەخوێنێتەوە، توانای بیرکردنەوەی گەورەتر دەبێت. خوێندنەوە مێشک بەردەوام چالاک دەکات و بیرکردنەوەی ئەقڵانی و رەخنەگرانەی پەرە پێدەدات.
 ٣. دروست بوونی هەستی داهێنان: زۆرێک لە داهێنەران و نووسەران لەڕێگەی خوێندنەوەوە توانای داهێنانی خۆیان گەشە پێ داوە. خوێندنەوە بیری مرۆڤ فراوان دەکات و هەستی داهێنان بەهێز دەکات.
 ٤. کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی: خوێندنەوە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ تێگەیشتن لە هەستەکان، ژیان و بارودۆخی کۆمەڵگە. هەروەها خوێندنەوە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ فراوانکردنی تێگەیشتن و هاوسۆزی لەگەڵ کەسانی دیکەدا.
 ٥. دەوڵەمەندکردنی زمان: بەردەوام خوێندنەوە یارمەتی مرۆڤ دەدات زمانی خۆی بەهێز بکات، زاراوەی نوێ فێر بێت و بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر بیر بکاتەوە و دەربڕینی باش بکات.
 ٦. خۆپاراستن لە نەزانی: خوێندنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە نەزانی دوور بکەوێتەوە و زانیاری دروست وەربگرێت. هەر چەندە زیاتر بخوێنیتەوە، ئەوەندە زیاتر لە هەڵە و چەواشەکاری دوور دەکەویتەوە.
 ٧. پاراستنی تەندروستی دەروونی: خوێندنەوە چالاکییەکی گرنگی دەروونییە کە مرۆڤ لە باری دەروونی ساغ و گونجاو ڕادەگرێت. هەروەها دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی خەم و پەژارە بدات. بۆیە دەبێت هەموومان گرنگی بە خوێندنەوە بدەین، کاتی پێویستی بۆ تەرخان بکەین و ببینە خوێنەرێکی بەردەوام و چالاک. خوێندنەوە گەنجینەیەکی بەنرخە کە هەرگیز بەسەر ناچێت و هەمیشە سوودی هەیە.
لەم کات و ساتەدا بەهۆی گەشەکردنی بەربڵاوی تەکنلۆژیاو تۆڕەکانی پەیوەندی و کۆمەڵایەتی، لەئێستادا خۆیندنەوە زیاتر لەم تۆڕانەدا کارایە و ڕۆڵی کتێب کەمبۆتەوە، بەڵام چێژی خوێندنەوە بۆ خوێنەر هەمیشە لە کتێبدا کاریگەرتر و خۆشترە لەڕووی دەرونیەوە، هەرچەندە تۆڕەکان ئاسانتر زانیاری و بابەتی ویستراو دەخەنە بەردەست.
 لەسەر خێزان پێویستە هەوڵی ئاراستەکردنی مناڵەکانیان بدەن بۆ خوێندنەوە، بە کردار واتە چاولێکردن و لاسایی خۆیان لە مناڵیەوە، بەهۆی ئەوەی کتێبخانە لەماڵەکانیاندا هەبێت و لە دیار چاوی ئەوان کاتی دیاریکراو دابنێن بۆ خوێندنەوە، تا ئەوانیش چاویان لێبکەن و بەشێک لەکاتەکانیان بۆ خۆیان بەخوێندنەوە تەرخان بکەن، هەوڵیش بدەن لەکتێبخانەدا بابەتی گونجاوی تێدابێت بۆ تەمەنی ئەوان، تا تامەزرۆیی و خواستیان زۆرتر بێت و هاندەر بێت بۆ بەردەوام بوون لەسەر خوێندنەوەی کتێب. دەکرێ پەروەردەش لەڕێگەی بابەتەکانی ناو پرۆگرامەکانی خوێندن گرنگی بە هاندان بۆ خوێندنەوە بدات، لە ڕێگەی چیرۆک و هۆنراوە و بابەتی پەند و ژیانی ناودارانی جیهان، تا بکرێنە وانەی ژیان و ئاراستەی تاک بەرەو خۆشەویستی کتێب بکرێتە ئامانج.
لای زۆربەی نوسەران و کەسانی ناسراو و ناوداری جیهان، خوێندنەوە جێی بایەخ بووە و گرنگیان پێداوە و لەسەر خوێندنەوە بۆچون و ڕای خۆیان دەربڕیوە، چەند کەسێک لەوانەی کاریگەریان بەسەر مرۆڤایەتیەوە هەیە دەهێنمەوە کە لەسەر خوێندنەوە وتەی بەجێ و بەنرخیان وتوە، وەک ئەمانەی خوارەوە:
 ١. ماهاتما گاندی وتوێتی: "کتێب باشترین هاوڕێیە، هیچ کاتێک بێدەنگ نابێت و هەمیشە فێرت دەکات"
 ٢. ئەلبێرت ئەنیشتاین: "ئەگەر تۆ دەتەوێت زیرەک بیت، با کتێب خوێندنەوە هاوڕێت بێت.
کتێبەکان گرنگترین جۆری پەروەردەن."
 ٣. مالکۆم ئێکس: "خوێندنەوەی کتێب، شۆڕشی مێشکی منی بەڕێوەبرد. کتێب چەکی هزری مرۆڤەکانن بۆ گۆڕانکاری."
 ٤. نێڵسۆن ماندیلا: "کتێب و خوێندنەوە دەتوانن گۆڕانکاری بکەن. کاتێک مرۆڤ دەخوێنێتەوە، دنیایەکی نوێ دەناسێت."
 ٥. ستیڤن کینگ: "خوێندنەوە مانای گەشتکردن بەبێ ئەوەی شوێنی خۆت جێ بهێڵیت."
 ٦. مەحمود درویش : "کتێب پردی نێوان مرۆڤەکانە، ئەو پردەی کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت."
 ماریا تریزا : "کتێبەکان تاکە شوێنن کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت هەموو کاتێک فشار وناخۆشیەکانی ژیان لە بیر خۆی بباتەوە." سەرچاوە: بۆ نوسینی ئەم بابەتە سودم لەچەند ماڵپەڕێکی عەرەبی و وتەی ناوداران لەسەر خوێندنەوە، وەرگرتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن