خەمی پەروەردە، هاوارێکی بێ ئاکام
8/16/2026 12:25:00 PM
رەووف محەمەد ئالانی
گرفتەکانی بەردەم پڕۆسەی پەروەردە لەم کات و ساتەدا زۆرن، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی پەروەردەیی پێویستە هەنگاوەکانی بەپلان و بەرنامەداڕشتن بن، هەر لەو گرفتانەی دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای پەروەردە کردن لەلایەن دایبابانەوە، ئەویش چارەسەرکردنی ئەو هەڵانەی لەشێوازی نادروستی مامەڵە کردن لەگەڵ منداڵدا، وەک توند و تیژی و سزای جەستەیی، یان زیادەڕۆیی لە پاراستن، پشتگوێخستن، ڕەنگدانەوەی ناتەبایی لە نێوان دایبابەکان، زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی ئامێرەزیرەکەکان کە دەبێتە هۆکاری کێشە و ئاڵۆزی دەروونی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی لەلای منداڵان و هەرزەکاراندا.
سەرەڕای گرفتەکانی پەروەردە لە ناوخێزاندا کە زیاتر دایک و باوک ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام ئەوانیش هەر لەبنەڕەتدا سیستمی حوکمڕانی و فەلسەفەی پەروەردە لێیان بەرپرسە.
ئەگەر بەشێوەیەکی دروستی پەروەردەیی و ڕەخنەیی سەیری پڕۆسەی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بکەین لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، کێشە و گرفتەکان زۆر و کەڵەکەبوون بە هۆکاری پەراوێزخستن و گرنگینەدان بە پڕۆسەکە و نا کامڵی و بێ ئاگایی بەرپرسانی پەروەردە لەم هەرێمەدا، دیارە تەنها یەک لایەنە نیە بەڵکو کۆی سیستمی سیاسی و بەرپرسان ئەو خەوشانەیان بەردەکەوێت، کە ڕووبەڕووی پەروەردە و سیستمەکەی بوونەوە، واتە لە ڕووی (ئابووری و دارایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کارگێڕی، .....)
بەجۆرێکی تر دەکرێ بڵێین، گرفتەکانی پەروەردە هەریەک لە خێزان و فێرگە و سیستمی پەروەردە کە لێی بەرپرسن، کاتێ سیستمی کارگێڕی و بەڕێوەبردن تووشی خراپی و تێوەگلانی گەندەڵی دەبێت، لایەن و سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگە بەجارێ تووشی ئیفلیجی و وێران بوون دەبن.
هەموو تاکێکی بەئاگا ئەزانێ دۆخی ئابوری و دارایی ئەم هەرێمە دەرگیری چ کارەساتێکی نادادی و پاوانخوازی بووە بە دەست کۆمەڵێ بەرپرسی نابەرپرس، کەتەنها هەوڵیان پڕکردنی گیرفانی خۆیان و منداڵەکانیان و کەسە نزیکەکانی خۆیانە.
جا پڕۆسەی پەروەردە چۆن لەم دۆخە نالەبار و سەختە بەدەستی ئەمانە، چۆن دەگاتە کەناری ئارام؟
لەوانەیە تۆی خوێنەری ئەم وتارە لەدڵی خۆتدا بڵێی بۆچی نوسەر وا توند و تووڕەیە و ڕەحم بە لایەنی پەیوەندیدار ناکات؟ بەڵام ئەوە بزانە کە چەندین ساڵە بەنوسین و کۆڕ و سیمینار پێشنیار و ڕەخنەکانم خستۆتەڕوو، هەر من نا بەڵکو چەندین کەسی دڵسۆزو خەمخۆر، نەک گوێیان لێ نەگرتووین بگرە خراپتریان کردووە، لەخۆڕانیە پیرەمێردی نەمر فەموویەتی:
کە کار کەوتە دەست تەبیعەت مردوو
فاتیحە دادەن بۆ ڕۆحی زیندوو
سەرم سوڕماوە لە کردەوەی خوا
زۆر مردوو بەشی زیندووان ئەخوا
وتمان تکایە بەبیری خراپ و بێفەڕی حیزب وێرانی مەکەن، خراپترتان کرد. وتمان تکایە کەسی شیاو بخەنە شوێنی شیاو لەپەروەردەدا، هەرچی خۆتان پێتان باش بوو ئەوەتان دانا، بۆیە وێرانترتان کرد.
وتمان تکایە بڕیارەکانی کۆنفرانسە پەروەردەییەکان جێبەجێ بکەن، کەخۆتان ڕۆڵتان هەبووە، لەدانانیان، نەتان کرد و خراپترتان کرد.
وتمان با داهاتی تایبەت بۆ پەروەردە دابنرێت، لەجیاتی ئەوە کەسوکاری فێرخوازانتان خسته ئەو بارە قورسە، خراپترتان کرد.
وتمان موچە دوامەخەن و بژێوی ژیانی مامۆستایان چاک بکەن، کەچی نەک موچەکانتان بڕی بەڵکو بەرزکردنەوەی موچە و ساڵانەشتان نەهێشت، خراپترتان کرد.
زۆرجار وتمان دەستی ئایدۆلۆژیای حیزب مەکەن بە پێوەر بۆ دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدەر، خراپترتان کرد.
وتمان دۆخەکە ناسکه و هەستیارە تکایە جوان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، کەچی خراپترتان کرد.
وتمان خولی تایبەت بە ڕاهێنان و کارامەییەکان بۆ مامۆستایان ئەنجام بدەن، نەک نەتانکرد خراپترتان کرد.
وتمان بینای فێرگە و خوێندنگەکان موڵکی گشتی و پەروەردەن، تکایە مەیکەن بە موڵکی کەسی و وەربەرهێنەر خراپترتان کرد.
وتمان بەهۆکاری تاقیکردنەوە شێواوی مەخنە پڕۆسەی پەروەردەوە، هەوڵ بدەن کاریگەریەکانی کەم بکەنەوە،کەچی تاقیکردنەوەتان بۆ وانەکانی کارامەیی و بەهاکانیش دانا، خراپترتان کرد.
لەکۆتاییدا ئەمەوێ وتارەکەم بە شیعرێکی شاعیری ناوداری کورد(شوکری فەزڵی) کۆتایی بێنم کە بۆ ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان گونجاوە،فەرموویەتی:
ئیش کە ڕووی ئێستە لە هەورازە سەرەولێژی نەکەی
فکری وردیشی ئەوێ، هەر بە دۆعا و نوێژی نەکەی
گێرەشێوێنێ کە کای کۆنی بە با دا لە کنت
چاکە هەر لێی خوڕی، سەیری دەم و کاوێژی نەکەی
سەرەتای ئیش هەموو یەک بوونە، ئەویش نابێ هەتا
هەر برینێ کە لە دڵدا هەیە ساڕێژی نەکەی
حەیفە چاوێ کە جەفا کۆڵەوەژی تێدەشکان
تۆ بە کلچێوکی وەفا عەینی گەلاوێژی نەکەی
قەومی بێ سەر نییە ئەمڕۆ لە هەموو عالەمدا
ئەتەوێ تاجی سەری بی، بە هەوا گێژی نەکەی.
Compose
Write to Sirwan Rashid