8وتار

رۆژائاوا و ئەرکەکانی ئێمە:

1/24/2026 10:18:00 AM
د. محەمەد شوانی

هەموومان کۆک و هاوڕاین لەسەر ئەوەی ئایندەو چارەنوس و پێگەو ناو وناوبانکی نەتەوەیی کورد بە گشتی لەم قۆناغەدا پەیوەستە بەسەرکەوتن و ژێرکەوتنی رۆژئاواوە ،هەموومان دڵنیاین لەو راستیەی ئەگەر کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەسەرکەوتوویی  لەم چرکە ساتە مێژووییەدا دەرچێت ،و پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بە دەست بێنێت، پاش نزیکەی پازدە ساڵ لە خۆسەری و ئیدارەی خۆجێیی، جارێکی دیکە  داگیرکەران نەتوانن ناوچە کوردیەکان داگیر بکەنەوە، سەرەتای هەڵهاتنی خۆری ئازای کوردستانی گەورەیە و مایەی مانەوەی هەرێمە لە باشوور و ئومێدو هیوایە بۆ رۆژهەڵات و دەروازەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کوردە لە باکوور .

بە پێچەوانەوە ، شکستی ئەزمونی رۆژئاوا ، دروستبوونی ناوەندێکی بەهێز لە دیمەشق و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی سوریا ، بە تایبەت لە ژێر ناوی کۆماری سوریای عەرەبی ،لە لایەن گروپێکی توندرەوی باگراوند داعشی کۆنەپارێزەوە، سەرەتای قۆناعێکی تاریک و دووبارە بوونەوەی تەواوی ئەو کارەسات و مەینەتیانەیە، نەک هەر لە سوریا و بەسەر گەلی کورد ، بەڵکو بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکانی دیکەش، کە لە ماوەی نزیکەی سەد ساڵی رابردوودا لەم ناوچەیە بەسەریاندا هاتووە.

بەشی هەرە زۆرمان ، وەکو کورد، هیواوئومێدێکی گەورەمان لەسەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)و شەرڤانان بە گشتی دروست کردووە، نەهەقمان نیە ئەو هیواو ئومێدەمان هەبێ ،کاتێک سەیری رابردووی ئەم هێزانە دەکەین، دەبینین کچی کورد دەبێتە هێما وسومبلی قارەمانێتی، جلی شەرڤان دەبێتە شانازی بیانی و لە نمایشە نێودەوڵەتیەکاندا دەخرێتەروو، کاتێک بە مێژوودا شۆڕ دەبینەوە، یەکەمجارە نەک هەر لە مێژووی نەتەوەی کورد ،بەڵکو لە میژووی مرۆڤایەتیدا بەو ئاستە، ژنان و پیاوان پێکەوە ، لە رێکخستنێکی سیاسی و سەربازی تۆکمەدا رێکبخرێن و مەشق و راهێنانیان پێ بکرێت ، توانای مانەوەو بەرگریان هەبێت لە رووبەروبوونەوە سەختەکاندا، سەرکەوتن بە دەست بێنن لە شەری نابەڕامبەریدا، نەک لە هێرش و پەلاماری لە ناکاو و شەڕی پارتیزانیدا ،بەڵکو لە پاراستنی سەنگەرو شکاندنی هێزی پەلاماردەری دوژمندا ، بۆیە گەشبین و بە هیواو ئومێدەوە سەیری ئایندە دەکەین و سەرکەوتن نزیکە ..
بەڵام ئەوەی شایانی سەرنج و جێی بایەخە لەم کاتەدا، سەرکەوتنی سەربازی کۆتایی کاروانەکە نیە، مانەوەی رۆژئاوا و هاتنە ناوەوەی زلهێزێکی نێودەوڵەتی و پاراستنی ئەم قەوارەیە لە هێرشی داگیرکەران ، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە، ئەرکی ئێمە لێرەوە دەست پێ دەکات،
نزیکەی سێ ملیۆن دانیشتوانی هەژار وتێکەڵ و پێکهاتەی جیاوازلە رۆژئاوا، لە ناوچەیەکی جیۆپۆلەتیکی داخراو، سنوورگیراو بە دوژمن و نەیار، لە ژێر ئابڵۆقەی ئابووری ،هەرەشەو مەترسی دەستی دەرەکی ،ژێرخانێکی وێران، دوواکەوتوو لە رووی پیشەسازی و ئاوەدانی، لە کۆمەڵگایەکی نیمچە دەرەبەگایەتی کشتوکاڵی ..هتد رێکخستنی کارگێری و بەڕێوەبردن و بونیادنانی بناغەکانی دەوڵەت زۆر سەختە.بۆیە کۆمەڵێک ئەرک دەکەوێتە سەر شانی ئێمە چ وەکوکەسایەتی خاوەن پۆست، یان وەکو هاوڵاتیان ، یان وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو دەزگاو دامەزراوەی بەرێوەبردن ، یان ئەستۆی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور وەکو بڕیاری سیاسی و تاک بە تاکی کورد لە هەر پێگەو پلەو پۆستێک بێت ..
یەکەم: ئەرکی دکتۆر بەرهەم ساڵح وەکو کەسایەتیەکی کورد و لە پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتیدا، لە سەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئەو سنوورەی رێگا پێدراوە لە یارمەتی گەلانی بەش مەینەت ، فاکتەری خێر بێت و هەموو کوردێک هەست بەو لایەنگری و پشتیوانیە بکات ، جگە لە هاوکاری و بەدەنگەوە هاتن و ناردنی کۆمەک،هەوڵی پەیداکردنی دۆست بدات بۆ پرسی رەوای گەلەکەمان ، نەک هەر لە رۆژئاوا بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە لە خەمی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد بێت ، کەناڵەکانی فشار بدۆزێتەوە بۆ سەر سیستەمە دیکتاتۆریەکانی جیهان بە گشتی و بە تایبەت داگیرکەرانی کوردستان کە لە هەزارەی سێیەم وسەدەی بیست ویەکەمدا سەردەمی چەوساندنەوەی مرۆڤ بەسەر چووەو کاتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانە ، نەتەوەیەکگرتوەکان ئامرازی داکۆکیکردنە لە مافی چەوساوەکان ، دەزگای بە هاناوەچوونە لە کارەساتەکاندا، ئەمرۆش گەلی کورد لە رۆژئاوا رووبەرووی کارەساتێکی مرۆیی دەبێتەوە ..
دووەم:ئەرکی سەرۆک کۆماری عێراق ، کە لە پشکی کوردە، بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی لە دەستوری عێراقدا ، کە بە پێی مادەی (٧٣) بڕگەی (٤) دەتوانێت داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان بکات، لەسەر گرژی وئاڵۆزیەکانی سنوری باکووری رۆژئاوای عیراق ، و ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی سوریا و هاتنیان بۆ عیراق ، دەرکردنی بریارێک بۆهاوکاری و چۆنیەتی گەراندنەوەی ئەو ئاوارانە بۆ شوێنی خۆیان  هەروەها بۆ گفتوگۆی مەترسیەکانی داعش لەسەر سنورەکانی عێراق وچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکراوەکان ، لەو رێگایەوە بتوانێت وەکو کاری مرۆیی هاوکاری رۆژئاوا بکات .
سێیەم:ئەرکی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور بڕیاری بوێرانەیە ،پشتیوانی بە ئاشکرایە ، دۆستایەتی هەر دەوڵەت و لایەن و هێزێکە بەرنامەو نەخشەی بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەبێ و ئەو نەخشەیە لە بەرژەوەندی دۆزی کورد بێت  ،ئەگەر خۆڕاگری و قارەمانێتی خودی خەڵکی رۆژئاوا مایەی پاراستنی ئابڕو و شکۆ و سەربەرزی کورد بێت، ئەوا هەڵوێستی نەتەوەیی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور کۆڵەگەی ئەو پاراستنەیە، پەیدابوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی ،بێ سیاسەتێکی راشکاوانەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور ،و دەربڕینێکی ئاشکرا لە یەک هەڵوێستی باشوور و رۆژئاوا، ناکرێ ، دەبێ تێبگەین بێ هاوکاری بوێرانەی سەرکردایەتی سیاسی باشوور، سەرکەوتن لەم خەباتە زەحمەتە، بۆیە ئەرکێکی نەتەوەیی ومێژوویی سەخت و دژوار لە ئەستۆی پارتی و یەکێتیە، بە تایبەت کاک مەسعود بارزانی هەروەکو چۆن لە ریفراندۆم ئازایەتی نواند و گوتی (ئەوەندە حیساب بۆ هیچ کەسێک ناکەم ) هەموو بە جۆش و خرۆشەوە دەنگماندا، ئەمرۆش بە ئاشکرا و بەبەرچاوی جیهانەوە بڵێن ئەوەندە حیساب بۆ هیچ کەسێک ناکەین و رێگا نادەین گەلەکەمان لە رۆژئاوا لەبەردەم هەرەشەی داگیرکاری و ناچارکردن بێت بە زەبری هێز، داوا لە دۆستەکانی کورد بکات دژی دەستێوەردانە دەرەکیەکان لە سوریا بوەستنەوە ..
چوارەم: ئەرکی حکومەتی هەرێم ناردنی هاوکاریە بە ناوی حکومەتەوە، ناردنی هێز یان هاوکاری مرۆیی ،هەموو دەزانین ،ئەگەر شەڕیش راوەستێت و مەترسی پەلاماری داگیرکەرانیش نەمێنێت، پێویستە رۆژ لە دووای رۆژ پێویستیە سەرەکی و بنچینەییەکانی ژیانی هاوڵاتیانی رۆژئاوا پر بکرێتەوەو بە لایەنی کەمەوە پێداویستیە سەرەکیەکانی وەکو خۆراک و خواردنەوەو داودەرمانیان بۆ دابین بکرێت، بە دڵنیاییەوە لە باکوور و رۆژئاوا تورکیا و لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتیشەوە حکومەتی ناوەندی سوریا، رێگا نادەن هیچ هاوکاریەکیان بۆ بروات، هەروەها ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆتایی بە هاوکاریەکانی بێنێت، ئیتر ئەوەی کەناڵی هەناسەدان و مایەی مانەوەی خۆسەریە  لە حەسەکەو قامشلو و کۆبانێ دەروازەی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوایە ،هەتا برسییەتی و قاتوقڕی و گرانی لە رۆژئاوا دروست نەبووە،  هەتا کارەساتەکانی سەفەربەلکی دووای شەڕی جیهانی یەکەم و مردنی بە کۆمەڵ و  کۆچکردن و رەوکردنی دانیشتوانی لێ نەکەوتوەتەوە، حکومەتی هەرێم کاروانی هاوکاریەکانی دەست پێ بکات ، دەست بەجێ لە رێگای نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکانی لە دەرەوە ، یان نوێنەرایەتی و وڵاتان لە هەولێر داوا لەو وڵاتانە بکات کە بە دۆستی کوردیان دەزانین لەم شەرەدا لەگەڵمان بن ، دووپاتی بکەنەوە گەلی کورد گەلێکی بێ وەفا نیەو هاوکاریەکانتان لە بیر ناکات .
پێنجەم ، ئەرکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان یەکریزی و تەبایی و پێکەوە کارکردنی دەستە جەمعیە، هەماهەنگی نێوان هەموو ئاراستە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیە جیاوازەکانە، کاتی رەخنەو هەڵسەنگاندنی ئەویتر و کەمتەرخەمی و دەرخستنی هەڵە هزریەکانی یەکتر نیە، سەرەتایەکی نوێ و هەستیارە لە مێژووی کورددا ، پێویستە خەمی نەتەوە کۆمان بکاتەوە، بە خەباتی مەدەنی و جەماوەری و دروستکردنی فشار لە شێوەی خۆپیشاندان و دەربرینی نارەزایی و پشتیوانی خەباتی رۆژئاوا بکەین، کەمپین و کۆکردنەوەی کۆمەک و بەشداری لە دابینکردنی پێویستیەکانی خەڵکی رۆژئاوا بکەین ، هەروەکو چۆن لافاوەکەی چەمچەماڵ و بە دەنگەوە هاتنی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو کارەساتە سروشتیە وەکو پرۆفەو مەشقێک سەیر بکەین کە ئیستا لە رۆژئاوا لافاوێکی گەورەیە ، لافاوێک دەستکردی ئینسانەکانە، دەمارگیری و توندرەوی نەتەوەپەرستی عەرەبی دروستی کردووە، دوورە لە ئاینی ئیسلام ،با هیچ کەسێک بە ناوی دینەوە هەڵنەخەڵتێت ، ئەو هێزە بە ئاشکرا دەڵیت کۆماری سوریای عەرەبی ، ئەمە یەکەم هەنگاوی دروستبوونی دیکتاتوریەتە ،کوردو پێکهاتەکانی دیکە ستەمیان لێ دەکرێت هەروەکو چۆن لە رابردوودا ستەمیان لێ کراوە ، دەبێ دین هاندەرمان بێ بۆ دژایەتی ستەمکارو لایەنگری ستەملێکراو بین ،ئەرکی هەر هاوڵاتیەکە بە پێی تواناو ئەوەی لە دەستی دێت هاوکاری رۆژئاوا بێت ..  


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن