17وتار

لێکەوتەکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا:

6/26/2025 7:29:00 PM
د. محەمەد شوانی


لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و لەو چوار وڵاتەی کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە بە تایبەت ، بە شێوەیەک لە شێوەکان ،داوای دیالۆگ و دانوستان و لێکتێگەیشتن و بانگەوزای ئاشتی و ژیانی دەستوری و پەرلەمانی و راگرتنی توندوتیژی  دەکرێت، چ لەگەڵ کورد یان لە پەیوەندیە هەرێمی ونێودەوڵەتیەکانیاندا، ئێران ئامادەو خوازیاری دانوستانە، تورکیا پرۆژەی ئاشتی هەیە و شاندی گفتوگۆی دروستکردووە ، سوریا داوای دانیشتن و رێکەوتن و کردنەوەی لاپەرەیەکی نوێ دەکات، عێراق خۆی بە عێراقی نوێ و فیدراڵی ناساندووەو پابەندبوون بە دەستور دەکاتە مەرج و بۆ هەر پرسێک بە بریاری دادگای فیدرالی رازیە،.
 ئەگەر هەموو ئەمانە، بەراورد بکەین بە چل پەنجا ساڵی رابردوو ،گۆڕانکاری چۆنایەتی قوڵ و دەرفەتی زێڕینن بۆ کورد و بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە بۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێ و رزگاربوون لە مەینەتیەکانی رابردوو، بۆ بونیادنانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئایندەدا، بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، ئایا بە راستی دەسەڵات و سەرکردایەتی سیاسی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ئاشتین ؟ هەروەکو چۆن لەگەل لە خۆیان بەهێزتر داوای دیالۆگ دەکەن، بۆ لە خۆیان بێهێزتریش ئامادەن ناکۆکی و ململانێکانیان لە رێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکەن؟
 ئایا گۆڕانکاری ریشەیی لە زهنیەت و جیهانبینیاندا روویداوە ، یان هەلومەرجێکی بابەتیی نوێ هاتووەتە ئاراوە ، پێویستی بە خۆ گونجاندنی ئەم وڵاتانە هەیە بۆ مانەوەیان لەم قۆناغەدا؟ چونکە ئاشتی راستەقینە و رێزگرتن لە مافی مرۆ ڤ و یەکتر قبوڵکردن مایەی لەناوچوونی زۆربەی ئەم سیستەمانەی بەرێوەبردنە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ، ئەوانەی لە رێگای شۆرشی خوێناوی و کودەتای سەربازی و زەبروزەنگەوە دەسەڵاتیان وەرگرتووەو لەسەر بنەمای سەرکوتکردن و داگیرکاری و پیشێلکردنی مافەکانی ئەویتر دروست بوون! هەمیشە بۆ مانەوەیان دەبێ سەرقاڵی دێواندن و بە دوژمنکردنی ئەویتر بن، دەبێ دوژمنێکی وەهمی دروست بکەن ، ئەگەر نا،  ئاشتی هۆکاری نەمان و لەناوچوونی ئەمانە! .
ئاشتی کۆمەڵێک لێکەوتەی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و کلتوری لێ دەکەوێتەوە ، ئەگەر لە هەر کۆمەڵگایەکدا ، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئاشتی بەرقەرار بێت و هەست بە جێگیری و دڵنیایی و ئارامی بکرێت ، رەنگدانەوەی لەسەر جۆری ژیان و کوالتی خزمەتگوزاریەکان و  پرۆسەی پەروەردەو پێگەیانی کۆمەلایەتی و جیهانبینی تاکەکان و تەواوی لایەنەکانی ژیانی ئەو کۆمەڵگایە دەبێت ، لێرەدا لێکەوتەکانی ئاشتی لە چەند خاڵیکدا کورت دەکەمەوە :
١- ئاشتی وەکو ئاوێنە وایە، دەدرێتە دەست کۆمەڵگا و سەیری خۆی دەکات، لە قۆناغی ئاشتیدا کۆمەڵگا لە خۆی و دەوروبەرو شێوازی ژیانی ورد دەبێتەوە، لە ئاشتیدا کۆمەڵگا کەموکورتی و پێداویستی و ناشیرینیەکانی خۆی دەبینێت ، بۆیە مەیلی خۆرێکخستن و گۆڕانکاری و دووبارە داڕشتنەوەی بەرنامەکانی ژیانی لا دروست دەبێت ، پرسیار دەکات، بە دووای هۆکاری مەینەتیەکانیدا دەگەڕیت، ئەمەش قۆناغێکی زۆر ترسناکە بۆ هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و ستەمکار.   
٢-ئاشتی مەرجی بنچینەیی و ئامرازی سەرەکی گەشەکردنی ئابوری و کۆمەلایەتیە، لە جیاتی بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی ئابووری  و توانای مرۆیی کۆمەڵگا لە شەڕدا، لە ئاشتیدا هەموو تواناکان دەخرێنە خزمەتی گەشەکردنەوە، کۆمەڵگا پێش دەکەوێت، بە پێچەوانەوە لەشەردا هیچ کۆمەڵگایەک  پێشناکەوێت، باشترین نمونەش کوردستان و کۆمەڵگای کوردیە ، لە نزیکەی سەد سالی رابردوودا ، کوردستان شانۆی رووداوی خوێناوی و گەلی کورد قوربانی بووە، ، هیچ دە ساڵیک بێ کوشتن و بڕین و خوێن رشتن وێرانکردنی شارو شارۆچکەو گوندەکان تێنەپەڕیوە، لە جیاتی ئاوەدانی و گەشەکردن و  پیشکەوتن  و خۆشگوزەرانی ، کوردستان کاول و گەلی کورد بەجێماوی کاروانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بووە، ئەگەر سیمایەکی بچوکی ئاوەدانی وگەشەکردن بە روخساری شارە کوردیەکانەوە  دیار بێت ، بە دڵنیایی ئەوە بەرهەمی ئەو چرکە ساتانەیە کە ئاشتی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوەو کۆمەڵگا پشویەکی کورتی داوە.   
٣-ئاشتی باشترین زەمینەی پیادەکردنی یاسا فەراهەم دەکات، رێگا لە فەوزا و بەرەڵایی و بشێوی و بازرگانی رەش و قاچاغچیەتی و دەوڵەمەندبوونی ناشەرعی دەگیرێت ، سەروەری یاسا متمانەو ئارامی و دڵنیایی دروست دەکات، بواری فێل و گەندەڵی و تەزویر کەم دەکاتەوە، ئەو دەرفەتە ناهێڵیت بە بیانوی سەرقاڵ بوون بەشەڕ ،کەندەڵکاران لە سزای یاسایی رزگاریان بێت، بە تایبەت ئەگەر توانای لێپرسینەوە لە بەرپرسە باڵاکان و بازرگانەکانی شەڕ و بەرهەمهێنەرانی چەکە کۆمەڵکوژەکان هەبێت .
٤-ئاشتی باشترین دەرفەت دەرەخسێنێت بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی لایەنە نەیارەکان و لە یەکتر نزیکبوونەوەی وردە کلتورەکان ، دروستبوونی لێبوردەیی و یەکترقبوڵکردن و ژینگەیەکی گونجاوی پێکەوە ژیان، لە رێگای سەرورەی یاسا و هەستکردن بە هاوڵاتیبون و یەکسانی لەگەل ئەوانیتر ، لەشەڕدا بواری دیالۆک کەم دەبێتەوەو لێکتێگەیشتن دروست نابێت ، بە پێچەوانەوە کەلێنی نێوان پێکهاتەکان گەورەتر دەکات .     
٥-لە قۆناغی ئاشتیدا بە جوانترین شێوە جیاوازیە نەتەوایەتیەکان ، یان چینایەتیەکان بەدەردەکەون، چونکە خەمی خەڵک و سەرقاڵیان لە پاڵ ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا ،بۆ ئامانجە کەسی و خێزانیەکان زیاتر دەبێت ، ئەو ئامانجانەش بە پێی داهات و توانای دارایی و پێگەی کۆمەڵایەتی دێنەدی، لێرەوە لە هەر کۆمەڵگایەکدا جۆرێک لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و شەفافیەتی تێدا نەبێت، قۆناغی ئاشتی دەبێتە هۆی دروستبوونی رق و کینەو بوغزو نارەزایەتی و تەقینەوە ،چ ئەو نارەزایەتیە نەتەوەیی بێت ، وەکو ئەوەی کورد هەست بە پاشکۆیەتی و هاوڵاتی پلەدوو و پەراوێزخستن دەکات لە سنوری ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، یان نارەزایەتی چینایەتی بێت وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا کاتێک دەوڵەمەندبونی خێرا و پلەو پۆست و پێگەی هەندێک کەسی ناشایستە دەبینێت ..
٦- شەڕ بواری بیرکردنەوە دەکوژێت ، بۆیە لە ئاشتیدا تاکەکانی کۆمەڵگا بیر دەکەنەوە، لە بەفیڕچوونی ژیانیان ، لە هیواو ئاوات و خۆزگەکانیان، خۆیان بەراورد دەکەن ، یان ژیانی کۆمەڵگاکەیان بە ژیانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان یان هەر لە کۆمەڵگاکەی خۆیاندا، ژیانی ئەوان بە ژیانی مناڵ و نەوەی بەرپرسان ، ئەگەر دەسەڵاتیکی دادپەروەر و خەمخۆرو دڵسۆزی نەتەوەو نیشتمان نەبێت ، لە ئاشتیدا جەنگاوەرو شۆڕشگێرەکانی دوێنێ هەست بە نامۆیی دەکەن ،راهاتنیان لەگەڵ ئاشتی و بەرێوەبردندا سەخت دەبێت، کاتێک سیبەری ئاشتی باڵ دەکێشێت بەسەر کۆمەڵگادا ومەترسی شەڕ نامێنێت ، بیرکردنەوە لە ژیانێکی خۆشتر گەشە دەکات، چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا  داوای ژیانی باشتر دەکەن، رەخنە لە خزمەتگوزاریەکان دەگرن، مۆدیلی بەرێوەبردنی باشتر دەخەنەروو، داوای گۆڕینی یاسا و رێسا کۆنەکان دەکەن ، بە دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکاندا دەچنەوە. .  
٧-وەکو بەرئەنجامێکی بیرکردنەوە لە قۆناغی ئاشتیدا، نوسین و هونەرو ئەدەب و تویژینەوەو بڵاوکراوەکان گەشە دەکەن، ئەگەر سەرنجێکی خێرا بدەین لەو ماوە کورتانەی کە لە کوردستاندا جۆرێک لە ئاشتی هەبووە، دەیان رۆژنامەو گۆ ڤارو بەرنامەی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی و کاری شانۆیی و پیشانگای کتێب و چالاکی رۆشنبیری و کۆڕو سمینار ئەنجامدراون، قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆی زیاتر کراوەتەوە،  ژمارەی خوێنەران زیادیان کردووە، ئاستی هۆشیاری خەڵک بەرزبوەتەوە، داهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا هاتوەتە ئاراوە ، وەکو دەڵین (شەڕ چیی خراپە لە کۆمەڵگادا بەرهەم دێنێت ، بە پێچەوانەوە ئاشتی چیی باشە لە کۆمەڵگادا بەرهەم دێنێت).
٨- گەشەی دانیشتوان بەرهەمی قۆناغی ئاشتیە، بەرزبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزان ، مناڵبوون  و وەچە خستنەوە، فراوانبوونی شار ، جوڵەی بازاڕ و بەکاربردنی رواڵەتی و گەرمبوونی بۆنەکان لە قۆناغی ئاشتیدا هەمووان هەستی پێ دەکەن، ئەقڵی شارنشینی و مەدەنی وەکو سیمایەکی شارستانی بەدەردەکەوێت، تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی ژیانی کۆچەری و لادێیی لە شارەکاندا ون دەبن ، کە بە هۆی شەڕو نا ئارامیەوە لە شاردا دەمێننەوە ، بەدەرکەوتن و فراوانبوونی  شار لە میژوودا ، لە ئەنجامی ئاشتی و گەشەکردنی بازرگانی بووە، لە کاتی جەنگدا شارەکان وەکو سەربازگە بەدەرکەوتون..  
بە کورتی ،لە ئەنجامی هەموو ئەم لێکەوتانەی ئاشتیەوە ، دەسەڵاتە دیکتاتۆرو گەندەڵ و دژە مرۆییەکان ، کە ئابووریان لەسەر بازرگانی جەنگ راوەستاوە، لە فەوزاو بشێویدا سەرمایەی زیاتر کەڵەکە دەکەن، لە ئاشتی تۆقیون، زەندەقیان لە دێموکراتیزەکردنی دەسەڵات چووە ، ئیتر بە هەر نرخێک بێت شەڕو ئاژاوەیەک بۆ کۆمەڵگاکانیان  دەکڕن..  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن