وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵی و مەینەتیەکانی جوتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکاندا
5/13/2025 11:16:00 AM
د. محەمەد شوانی
کەرتی کشتوکاڵی بە یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکیەکانی
ئابوری هەر وڵاتێک دادەنرێت، لە سیاسەتی کشتوکاڵیدا دەڵێن کشتوکاڵ نەوتێکی
هەمیشەییە و کۆتایی نایەت، هەموو ئەو وڵاتانەی سیاسەتێکی کشتوکاڵی زانستی و
پێشکەوتوویان هەیە و پشت بە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی دەبەستن خاوەن ئابوریەکی بەهێزن
و توانای گەشەکردنیان لە بوارەکانی دیکەدا زۆرە.
لەم
ساڵانەی دووایدا بە هۆی گۆڕانی ژینگەیی و وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو و
فراوانبوونی شارەکان و پشت بەستان بە کەرتی پیشەسازی و بازرگانی مەترسی کەمبونەوەی
خۆراک هاتوەتە ئاراوە، بۆیە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا هەوڵی رووبەرووبونەوەی
ئەو بارودۆخە نەخوازراوە دەدرێت ، کار بۆ فراوانکردنی رووبەری کشتوکاڵی و
باشترکردنی سیستەمی ئاودان دەکرێت بە مەبەستی بەرزرکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی
کشتوکاڵی وەکو دانەوێڵە یان سامانی ئاژەڵی وەکو شیرەمەنی.
عێراق
یەکێکە لەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە سامانی نەوت دەبەستێت ،سەرەرای
هەبوونی سەرچاوەی ئاو و زەوی بەپیت و مێژووی دێرینی وڵاتی نێوان دوورووبار لە کاری
کشتوکاڵی و دروستکردنی کەناڵی ئاودان و ژینگەی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵەو سەوزەوات
و میوەی جیاواز ، بە تایبەتی گەنم و جۆ وخورما هەروەها ژینگەی گونجاو بۆ
بەرهەمهێنانی سامانی ئاژەڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ بە تایبەت ماسی و گامێش لە نزیک
رووبارەکان و لە زۆنکاوەکان و مەڕو بزن لە ناوچە گردۆلکەیی و چیاییەکانیدا.
سیاسەتی کشتوکاڵی پەیوەستە بە سیاسەتی گشتی هەر
دەوڵەتێکەوە، لە وڵاتێکدا سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافی مرۆف و نەبوونی ئازادی و
چەوساندنەوەی بەشێک لە پێکهاتەکانی تێدا بێت ، چاوەروان ناکرێ و لۆژیکی نیە
،سیاسەتێکی کشتوکاڵی مۆدێرن و پێشکەوتووی هەبێت، لە عێراقدا بە هۆی شەڕو وێرانکردن
و چۆڵکردنی گوندەکان و وشککردنی زۆنگاوەکان و چارەسەرنەکردنی کێشەی زەویوزارو
گرتنەوەی ئاوی رووبارەکان لە لایەن وڵاتانی هەرێمی و گۆڕانکاریە ژینگەییەکانەوە
،کەرتی کشتوکاڵی تا رادەیەکی زۆر پەکی کەوتووە، لە جیاتی ئەوەی ئەم کەرتە وەکو
لقێکی زۆر گرنگ و کاریگەری ئابووری ، بەشداری چالاکانەی هەبێت لە داهاتی
نیشتمانیدا، بە پێچەوانەوە برێکی گەورەی
بودجە ،کە لەسەر داهاتی نەوت مەزەندە دەکرێت ، بۆ هاوردە کردنی خۆراک و بەرهەمی
کشتوکاڵی و شیرەمەنی تەرخان دەکرێت، زۆربەی پێویستیە خۆراکیەکان لە
دەرەوە هاوردە دەکرێت و عێراق بووەتە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵاو شمەک و بەرهەمە
خۆراکیەکانی وڵاتانی دیکە ، بەشە خۆراکی هاوڵاتیان کە بە بریاری نەتەوە
یەکگرتوەکان لە چواردەی نیسانی ساڵی ١٩٩٥ەوە وەکو بەرنامەی خۆراک بەرامبەر نەوت
جێبەجێ دەکرێت ، بەسەرپەرشتی وەزارەتی بازرگانی عیراق لە دەرەوە بە پارەی نەوت
دەکڕدرێت ، ساڵانە ئەگەری هەیە زیاتر لە پێنجسەدهەزار تەن گەنم هاوردە بکات بە هۆی
ئەوەی عێراق توانای خودبژێوی نیە .
کەرتی کشتوکاڵی لە عێراقدا نەک هەر لە زۆر ڕووەوە
پشتگوێ خراوە ، بەڵکو فشاریش دەخرێتەسەر جوتیاران و ئاژەڵدارو ئەوانەی لەم بوارەدا
کار دەکەن!، دەرگای هاوردە کردن خراوەتە سەر پشت لەبەردەم بەرهەمی کشتوکاڵی و
ئاژەڵی وڵاتانی هەرێمی ،بە بێ هیچ سنوردارکردنێک هاوردە دەکرێن !. ئەمەش هۆکاری
سەرەکی نەهێشتنی چالاکیی کشتوکاڵیە لە عێراق ، بووەتە هۆی کۆچکردنی هێزی کار لە
گوندەکانەوە بۆ شار و بەرزرکردنەوەی رێژەی بێکاری و بە دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی بەدوای
خۆیدا هێناوە.
وێرانکردنی کەرتی کشتوکاڵی لە کۆتایی حەفتاکان و
سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە لە عێراق دەستی پێکرد، دووای رێکەوتنی جەزائیر
و نسکۆی ١٩٧٥ و دەستپێکردنەوەی شۆرش لە ساڵی ١٩٧٦ و فراوانبوونی چالاکی پێشمەرگە ،
حکومەتی عێراقی بریاری چۆڵکردنی ناوچە سنوریەکانی دا ، بە قوڵایی بیبست کیلومەتر
لە سنورەکانەوە رووبەرێکی چۆڵەوانی دروستکرد ، زیاتر لە شەشسەد گوندی کوردستانی
راگواست و لە ئۆردوگا زۆرەملێکان لە نزیک شارە گەورەکان نیشتەجێیکردن،بەم هەنگاوەش
نزیکەی دووسەدهەزار کەسی لە کاری کشتوکاڵی وئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی میوەو دانەوێڵەو شیرەمەنیەوە گۆڕی
بۆ بەکاربەر و کڕیاری هەموو ئەو پێویستیانە.
لەگەڵ
دەستپێکردنی شەڕی عێراق –ئێراندا لە ساڵی ١٩٨٠ نزیکەی ٨٠%ی دارخورماکانی شاری
بەسرە بڕانەوە، بە پیی ئامارێک لە ساڵی ١٩٨٩ ئەنجامدراوە، لە سیازدە ملیۆن
دارخورما کە لەساڵی ١٩٧٧ هەبوون، تەنیا یەک ملیۆن و نۆسەدهەزاری مابوو دووای
شەڕەکە ، بەم کارەش بە هەزاران دۆنم زەوی لە دارستانی خورماو سەوزیەوە بوون بە
بیابان ، بە دەیان جۆری خورما لە عێراقدا بە تەواوی لە ناوچوون کە لە باشترین
جۆرەکانی خورما بوون. .
لە عێراقدا زیاتر لە بیست هەزار کیلۆمەتری
چوارگۆشە زۆنکاو (زەلکاو) لە نێوان سێ پارێزگا (عەمارە، ناسریە، بەسرە)هەبوو، بریتی
بوو لە رووبەرێکی تەختی بە ئاو داپۆشراو، شوێنی دەیان جۆری پەلەوەرو ماسی و ئاژەڵی
ئاوی و گامێش و قامیشەڵان و رووەکی جۆراوجۆر بوو، مایەی راگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی
و بەربەستی بە بیابان بوون بوو، سەرچاوەی کارو بژێوی زیاتر لە نیوملیۆن هاوڵاتی
بوو، لە ناوەراستی هەشتاکاندا بە هۆکاری سیاسی تەواوی ئەم رووبەرە وشک کرا و
دانیشتوانەکەی ناچار کرا چۆڵی بکەن ، بەمەش گورزێکی کوشندە بەر سامانی ئاژەڵی
کەوت.
لە ساڵانی ١٩٨٧ بریاری راگواستنی گوندەکان و
دوواتر لە ساڵی ١٩٨٨ لە نۆ پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا زیاتر لە چوار هەزار و پێنجسەد
گوندی کوردستان وێرانکران، رەزو باغ و دارستانەکانیان سوتێنران و مەڕو ماڵات و
ئاژەڵەکانیان بە تاڵان بران، بە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە بریارەکانی
ئەنجومەنی بەناو سەرکردایەتی شۆرش دەستیان بەسەرداگیرا ، یان بەناوی وەزارەتەکان
تۆمارکران یان بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکران، بەم سیاسەتەی حکومەتی عێراقی
زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتوانی گوندەکان لە ئۆردوگا زۆرەملێکان کۆکرانەوە، سەدو
هەشتاودووهەزار ئەنفال بوون و بە دەیان هەزار ئاوارەی وڵاتان بوون، بەرهەمی
کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی لە کوردستاندا لە ناوچوون و کۆمەڵگای لادێی کوردی لە
بەریەک هەڵوەشایەوە، تا ئیستاش دووای نزیکەی چل ساڵ نە کەرتی کشتوکاڵی و سامانی
ئاژەڵی لە کوردستاندا کەوتوەتەوە گەڕ و نە کۆمەڵگای لادێیی راستبوەتەوە، هێشتا ئەو
بریارانەی ئەنجومەنی بەناو سەرکردایەتی
شۆرش هەڵنەوەشاونەتەوە کە بۆ دەست
بەسەرداگرتنی زەویوزاری کورد دەرچوبوون.
سەرەڕای گۆرانکاریەکانی دووای ٢٠٠٣ و نوسینەوەی
دەستورو دانانی مادەیەکی دەستوری بە ژمارە (١٤٠) بۆ چارەسەرکردنی ئەو ستەمانەی
بەسەر کورد و هەندێک لە دانیشتوانی ناوەندو باشووری عێراقدا هاتبوون ، بەڵام لە
کۆتاییدا جێبەجێ نەکرا ، ئەگەرچی هەر لەسەرەتاوە بۆ جێبەجێکردنی چەندین نوسینگە
کرایەوە و لیژنەی تایبەتی بۆ دروستکران.
یەکێک لەو بڕیارە گرنگانەی لیژنەی جێبەجێکردنی
مادەی ١٤٠ی دەستور دەریکرد، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کشتوکاڵیانەبوو کە
بە مەبەستی گۆڕانی دێموگرافی بۆ عەرەبی هاوردە کرابوو لەسەر زەویوزاری لادێنشینانی
کورد لە ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکاندا، لە رێکەوتی ١٩/٤/٢٠٠٧ ئەم لیژنەیە بە
نوسراوی ژمارە (ق ٢/١/٢٧/٦٧٥٦) بریاری هەڵوەشانەوەی دەرکرد و لە لایەن سەرۆک
وەزیرانی عێراقی ئەو کاتە (نوری مالیکی) پەسەند کرا، بریارەکە بریتی بوو لە
هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان و ئاساییکردنەوەو گێڕانەوەی بارودۆخەکە بۆ پێش
گرێبەستەکان، واتە ناردنەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ ناوەراست و باشووری عێراق و
گەراندنەوەی جوتیارە کوردە راگوێزراوەکان و پێدانەوەی زەویوزارەکانیان بە شێوەیەکی
یاسایی ،بەڵام نەک هەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرا بەڵکو تا ئیستا مەینەتیەکانی سەر
جوتیارانی کورد بەردەوامە .
لە نوێترین ستەمدا وەرنەگرتنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی
جوتیارانی کوردە لە سایلۆکانی عێراق، بە بیانووی ئەوەی ، جوتیارانی کورد لە
دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی عێراقن ، کەسێکی بە ویژدان ناپرسێت بۆچی جوتیارانی کورد لە
دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین؟ چونکە تاپۆی
زەویەکانیان بە ناوی خۆیان نیە! لێرەش کەسێکی بە ویژدان ناپرسێت بۆچی جوتیارانی
کورد تاپۆی زەویەکانیان بە ناوی خۆیان نیە؟ چونکە حکومەتی عێراقی لە ساڵی ١٩٨٧ بە بریاری ئەنجومەنی بە ناو سەرکردایەتی
شۆڕش دەستی بەسەر تەواوی ئەو زەویوزارانەدا گرتووەو بە ناوی وەزارەتی دارایی یان
وەزارەتی ناوخۆ تۆماری کردووە.
بۆیە تا بە ویژدانێک نەبێ و بریارەکانی
ئەنجومەنی بە ناو سەرکردایەتی شۆڕش هەڵنەوەشێنەوەو زەویە کشتوکاڵیەکان رادەستی
خاوەنە رەسەنەکانیان نەکرێتەوە ، جوتیارانی کورد هەر لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی
دەبن . بیانو بۆ ئەنحام نەدانی هەر کارێک زۆرە..
.