بچۆ بۆ كەرەنتینە!
3/18/2020 4:04:00 PM
376 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار سیوەیلی
سڵاو لە تۆی هاونیشتمانی و هاوڕێی سەردەمی ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
1. تۆ هیچ گوناهێكت نییە لەوەی گومانت لە تووشبوونت هەیە، یان تووشی ئەم ڤایرۆسە بوویت. ئەوە نە تاوانە و نە شەرمەزاریی مرۆڤ بووبێتە قوربانیی. تاوانی گەورە ئەوەیە كەسانیتر بكەینە قوربانی و گوێ بە چارەنووسیان نەدەین.
2. بۆیە وێڕای هەر كەمتەرخەمییەك، كە لە كەرەنتینەكاندا هەیە و وێڕای هەر شتێك لەبارەیانەوە بیستووتە و وێڕای ئەوەش كە بۆخۆت بیری لێدەكەیتەوە، بە زووترین كات بچۆرە دابڕگەو خۆت لە دەوروبەرت هەڵاوێرە.. ئەمە بەخشندەییەكی مرۆڤانەیە لە تۆوە بۆ دەوروبەرت و بۆ جیهان..
3. ئەم ڤایرۆسە شەڕانییەتێكە تەماعی لەوەدایە زۆرترین كەسانی بێگوناه بكاتە قوربانیی خۆی، یان ئەوانەی دروستیانكردووە. ئەگەر هاتبێتە ناو لەشی تۆوە، ئەوە بۆخۆی پەناگەیەكی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی لێوەی بپەڕێتەوە بۆ كەسانیتر و ئەوسا تۆ بكاتە بوونەوەرێكی شەڕانی.. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات، تۆ دەتوانیت پێشئەوەی زەفەرت پێ ببات، جەستەی خۆتی لێبكەیتە دۆزەخ و هەر لەوێدا ئاشكرای بكەیت و لەناوی بەریت و مرۆڤایەتی لەو شەڕانییەتە ڕزگار بكەیت..
4. ئاگابوون لەوەی كڕۆنا دەیەوێت زەفەرمان پێ بەرێت، نیوەی چارەسەرە، چونكە ئیتر لە شوێنێكی دیكە بۆی ناگەڕێین، بەڵكو لە ناو لەشی خۆماندا شەڕی لەگەڵ دەكەین.. بۆ ئەوەی بتوانیت ئەم شەڕە بەسەركەوتوویی ببەیتەوە، پێویستە سەرەتا بڕیار بدەیت خۆت نەشاریتەوە.. بڕیار بدەیت كەسانی نزیك تووش نەكەیت و بڕیاریش بدەیت هەستە جوانە مرۆییەكانی خۆت بریندار نەكەیت.. چونكە ئەگەر كەمتەرخەم بیت و نەچیتە ناو كەرەنتینەوە، هەست بە گوناهێكی زۆر دەكەیت و وەك تاوانێكیش بۆمان ئەژمار دەكرێت.. نابێت مرۆڤ ئەو جەنگەی لە (دەرەوە)ڕا یەخەی دەگرێت، بكاتە جەنگێك لە(ناوەوە) و لە ناخییەوە بیخوات. چونكە ئێمە ناخی خۆمانمان پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوە، نەك بۆ تەسلیمبوون..
5. ژمارەیەكی زۆر خەڵك لە جیهاندا بوونەتە قوربانیی ئەم شەڕە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت.. میللەتانێكی زۆر لەسای كەمتەرخەمی دەوڵەتەكانیاندا بەدناوبوون، كە بۆخۆیان وەك میللەت كەتەرخەم نین.. بەڵام دەبێت باجەكەی بدەن و ئازارەكەی بچێژن.. ئەگەر ئێمەی كوردستانی بمانەوێت كەمێك لە ئازاری جیهان كەمبكەینەوە دەبێت ئەو نەرێتە درێژەپێدەین كە هەمیشە گرتوومانەتەبەر: نەبین بە هەڕەشە بەسەر چارەنووسی هیچ نەتەوەو میللەتێكی دیكەوە.. ئەوەش بەشداریی میژوویی شارستانیانەی ئێمە بووە لە بەرگریكردن لە جیهان و مرۆڤایەتیدا..
6. تۆش دەتوانیت وەك تاكەكەس هەمان نەرێتی كوردستانیبوونت دووبارە بكەیتەوە، كە خەمخۆرییە بۆ مرۆڤایەتی.. لە ئێستادا نەبەشداریت لە شۆڕش و نە خەبات لە دژی ستەمكاری ئەو شانازییەت بۆ دابین ناكەن، ئەوەی تۆ وەك تاكەكەس شكۆدار دەكات، بەشداریتە لە جەنگ لەدژی ستەمكاریی كۆڕۆنادا بە قازانجی ویژدانی خۆت.. بۆیە هەستە بچۆ بۆ دابڕگە و خۆت هەڵاوێرە لە ئازیزانت چونكە ئەوە هەڵوێستێكی ئاكاریی بەرزە.