له باره‌ی ڕووگرژیی و پێكه‌نینه‌وه
7/2/2022 3:31:00 PM
245 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار سیوەیلی
1. هه‌ر جۆره ئاماده‌كارییه‌ك بۆ گرژومۆنی،
جیدییه‌تی فه‌رمی، عه‌بووسی، ناوچه‌وان به‌یه‌كدادان، نیگای مدیرانه و مه‌سئولانه،
مۆڕبوونه‌وه و پێنه‌كه‌نین، له ڕۆحییه‌تێكی فاشیستییانه‌وه دێته ده‌ر. مۆڕه و
عه‌بووسی به‌شێكه له سیمای سیسته‌مه تۆتالیتا‌ر و سته‌مكاره‌كان. ڕووخساری مۆن،
به‌یانكه‌ری ڕۆحێكی شه‌ڕانیی و به‌خوێن تینووه.
2. ته‌سلیمبوون به‌م نیگایه و خۆبچووككردنه‌وه له ئاست ئه‌و عه‌بووسییه‌دا،
سه‌ره‌تای چوونه سه‌ر ئه‌و هێڵه‌یه، كه سته‌مكاریی و ڕۆحیی شه‌ڕانگێز ده‌یەوێ
له ئێمه‌دا بیڕوێنێت.
3. جاران سیسته‌مه‌كان ئه‌مكاره‌یان له ڕێگه‌ی
گشتاپۆ، بەرزەفتەكەرانی سەر شەقام، پۆلیسی بازگەكان، جه‌لاده‌كان و بیرۆكراسیه‌تی
ئیدارییه‌وه جێبه‌جێده‌كرد، ئه‌مێستا میدیاكاری ناوچه‌وان گرژ و لوتبەرز، خاوه‌ن
پۆستی حكومی، سكرتێری بەرپرس، پاسه‌وان و شۆفێری مه‌سئول، سێكته‌ری تایبه‌ت و كۆمپانیاكانی،
په‌روه‌رده‌بووی ئۆپۆزیسۆن، ڕۆژنامه‌نووس، خاوه‌ن بیروڕا ڕه‌هاخوازه‌كان، دكتۆر و
كارمەندی عەبووسی نەخۆشخانەكان، مامۆستای زانكۆ، بەڕێوبەری قوتابخانەكان، ئه‌مكاره
جێبه‌جێده‌كه‌ن و به خه‌ڵك ده‌ڵین: ژیان جێگه‌ی قۆشمه‌یی تێدا نابێته‌وه، پێكه‌نین
قه‌ده‌خه‌یه.. ئێمە بە پێكەنین و ڕووخۆشیی، لەبەرچاوی خەڵكی بچو‌وكدا، سووك دەبین
و سام و هەیبەتمان نامێنێت.
4. ئاگاتان لێبێت: "پێكه‌نین قه‌ده‌خه‌یه"!،
چونكه بۆ ئه‌وه‌ی پێبكه‌نین ده‌بێت ده‌م بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌م بكاته‌وه پێویسته
باجه‌كه‌ی بدات، چونكه مۆڵه‌تی وه‌رنه‌گرتووه بۆچی ده‌م ده‌كاته‌وه.. ئێمه له‌وه‌ها
كۆمه‌ڵگەیه‌كدا ده‌ژین، كه ده‌بێت باجی قۆشمه‌یی بده‌ین، چونكه پێكه‌نین و قۆشمه‌یی
هه‌میشه ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌نه نیشانه.
5. ئه‌و كه‌سه‌ی له خۆی به شك بێت، هه‌میشه
واده‌زانێت كه خه‌ڵك ده‌میان كرده‌وه، با بۆ باوێشكدانیش، بێت، وا هه‌ستده‌كات
به‌و پێده‌كه‌نن.. بۆیه پێكه‌نین هه‌ر ته‌نیا به‌رجه‌سته‌كردنی خۆشییه‌ك به شتێك،
نییە، كه چاوه‌ڕێمان نه‌كردووه، به‌ڵكو جۆرێكیشه له به‌رگریی له شتێك كه ده‌بوو
بیكه‌ین و نابێت بیكه‌ین. ئێمه به خۆمان پێده‌كه‌نین، كه‌چی ئه‌وان واده‌زانن مه‌به‌ستمان
ئه‌وانه..
6. پێكه‌نین و قۆشمه‌یی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا
له دۆخێكی تراژیكدایه.. ئێمه به تراژیدیای خۆمان پێكه‌نینمان دێ.. كەچی ئەوان
واتێدەگەن مەبەستمان بێڕێزییی بە ئەوان. پێكەنین و بزە و ڕووخۆشیی، كولتوورێكی بەرزی
مرۆییە، كە كرانەوە، چاوەڕوانیی و مەیل بۆ پێكەوەبوون، دەردەبڕێت. هەموو كەس
ناتوانێت ئەم كولتوورەی هەبێت، چونكە بەدەستهاتووییەكی كولتوورییە. هەموو ئەوانەی
دەم و زار و شەویلاگیان پێوەیە، بە پێویست ناتوانن پێبكەنن و ڕووخۆش بن. پێویستە فێری
بەهای ڕووخۆشیی ببن و وەك كولتوورێكی بەرز، فێری ببن.
7. پێكەنین بە خەڵكانیتر، دەتوانێت ئازاربەخش
بێت، بەڵام خودی پێكەنین و ڕووخۆشیی ئازارڕەوێنە و ئامانجە نەك ئامراز.. كاتێك مرۆڤ
لە ڕوانگەیەكی كولتوورییەوە، پێكەنین وەك ئامراز بەكار دەهێنێت، وا لێكدەدرێتەوە،
كە گاڵتە بە ئەوانیتر دەكات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ، یان تاكەكەس خاوەن كولتوورێكی بەرز
و لە خۆتێگەیشتنێكی شایان بوو، هەمیشە پێكەنین و ڕووخۆشیی، وەك ئامانج دەبینێت. مرۆڤ
لە بوونییەوە بوونەووەرێكە توانای پێكەنینی بەرزە، بەڵام ڕووگرژیی و مۆنیی، بەرهەمهاتوویەكی
كولتوورین.
8. مرۆڤ چەندە خۆی بێت و ببێتە تاكەكەس، ئەوەندەش
ڕووخۆشیی و پێكەنین دەكاتە ئامانج و دەرگاكانی پەیوەندیی بەسەر خۆی و لەسەر ئەوانیتر،
ئاوەڵا دەكات. مۆنیی و ڕووگرژی بەڵگەن لەسەر مانەوەی تاكەكەس لەناو ڕەشۆكییەت و
كولتووری تۆڵە و بەدگومانی و پیلانگێڕییدا. چونكە لەوێدایە، كە پێكەنین وەك ئامرازێك
بۆ گاڵتەپێكردن بەكار دەهێنرێت.
9. مرۆڤ هەمیشە پێناكەنێت و هەمیشەش ڕووگرژ
نییە. هێندە هەیە، نابێت هیچكات ڕێگرییەكی هەبێت بۆ ڕووخۆشیی و پێكەنین، ئەوكاتانەش،
كە ڕوورگرژە، واچاكە هۆكارەكەی ڕوون بێت، بۆ خۆی و بۆ ئەوانیتریش.
10. پێکەنین، تریقانەوە، قاقا، بزە، حیلکەحیلک،
پێناسەی مرۆڤ وە ژیانویست دەکەن..