سنە و سلێمانی
11/2/2019 2:45:00 PM
574 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار سیوەیلی
1. هەرچەندە
سنە و سلێمانی لە دروستبوونی خۆیاندا لە گێچەڵی داگیركەران بەدوور نەبوون و زۆرجاریش
ئەم دوو شارە باجی ئەمەیان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە وەك دوو دراوسێ و داڵدەدەری
یەكتری ماونەتەوە. بەتایبەتی لەسەردەمی بابان و ئەردەڵاندا، هەمیشە ئەم دووشارە پێیەكیان
لەمدیو و ئەودیوی یەكتردا بووە. لە نەستی هەریەك لەم دووشارەدا، ئەویتریان داڵدەدەر
و مەنزڵی خۆپاراستن و ئاسایشی ئەمیتریان بووە. دووشار، كە هەردەم یەكتری دەژێننەوە
و یەكتری دەپارێزن و بەبارتەقای ئەمەش ئەو زوڵمە سەپێنراوانەی دووژمن و داگیركەران دەڕەوێننەوە، كە بەناچاری لە بەرامبەر
یەكتردا پێیانكراوە.
2. لەم
ئاشتەواییەدا، كولتوور و داهێنان، ئەدەب و موزیك، تەلارسازی و پیشەگەری نێوەندگیرییەكی
تەواویان كردووە، بە جۆرێ كە پەیوەندیی ئەم دوو شارەیان بە جۆرێك داڕشتۆتەوە، كە لێكجوداكردنەوەی
ئاسان نییە. سنە هەر لەسەرەتاوە شێوە بە سلێمانی دەبەخشێت و دەیڕازێنێتەوە. پیشەگەران،
تەلارسازان، كارناسانی ئاو و ئاوەڕۆ و حەمامەكان دەنێرێتە سلێمانی و باشترین هونەركارییەكانی
پیشەیی خۆی پێشكەش دەكات. لە ڕاستییداو لە ڕووی مێژووییەوە، سنە ژێرخانی سلێمانی پێكدەهێنێت
و سلێمانیش هەموو ئەمە لە سەرخانێكی كولتووریی و شوناسێكی گەورەتردا دادەڕێژێتەوە.
3. لەبەر
ئەوە مێژووی دەستەخوشكەیی و پێكەوەبوونی ئەم دوو شارە زۆر پتەوترە لەو مێژووەی كە
داگیركەران لە قاجاریی و عوسمانی، دەیانویست بیكەنە پنتی جیابوونەوەیان. ئەو دەمەی
سنە بە ھێزی دەست و پیشە و شارەزایی شێوەیەكی كوردییانەی بە سلێمانی دەبەخشی، لە هەمان
كاتیشدا ئەو چەپاندنەی خۆی لە ڕێگەی هێزی كار و بەخشینەكانییەوە، دەكردە نێو ڕۆحی
سلێمانییەوە. سلێمانییش لەگەڵ یەكەمین زمانپژان و خۆدەربڕینەكانیدا، زمانی بەخشییە
ئەو چەپاندنە و كردیە شیعر و بەرگریی و شوناسێكی پتەو، بەجۆرێ كە لەسەردەمی دووایین
پاشای باباندا (ئەحمەد پاشا)، ئەم هەست و خرۆشە، بووە خولیای جیابوونەوە و دامەزراندنی
دەوڵەتی سەربەخۆ.
4. پێشینەی
ئەمە لە كوێوە هاتبوو، كە كوردانی ئەم دوو دەڤەر و شارە خۆیان لە چوارچێوەی هەمان
شوناسی كوردبووندا بدۆزنەوە؟
حەوت لە مێژوونووسانی سنە، لە هەمان شوێنەوە دەستیان
بە نووسینەوەی مێژووی كورد و كوردستان كردووە، كە شەرەفخانی بەدلیسی تیایدا وێستابوو.
هیچكامێك لەم مێژوونووسانە بۆ گێڕانەوەیەكی دیكەی مێژووی كورد و كوردستان نەگەڕانەوە
بۆ پێش شەرەفخان! ئەوەش بە نیشانەی ئەوەیە، كە ئەوان سەردەستەیی و ڕابەرایەتی شەرەفخانیان
بۆ دەربازكردنی مێژووی كورد لە گەرووی خۆشخوانانی فارس، تورك و عەرەب، پەسەند بوو.
مێژوونووسانی ئەم سێ نەتەوەیە چاویان بە كورد هەڵنەدەهات و شەرەفخان لەبەرامبەر ئەمەدا
یاخیی بوو و كەوتە نووسینەوەی میژووی بنەماڵە كوردەكان. ئەو چرایەی لە شەرەفنامەدا
هەڵدەكرێت، لە سنە زیاتر شەوق پەیدا دەكات و لە سلێمانی دەبێتە پڕۆژەیەكی سیاسی بۆ
خۆ جیاكردنەوە و ڕەتكردنەوەی یەكجارەكی ژێردەستەیی دووژمنان..
5. بەمجۆرەش،
سلێمانی هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، شوناس بە مێژووییەك دەبەخشێت، كە پێشتر بە
پارچەپارچەیی و لەتوپەتكراوی و چەپێنراوی پێیگەشتووە. مێژوویەكی بێدەنگكراو و چەپێنراو.
بەڵام پڕ لە ئاگایی و هەستی ستەم و جیاكارەیی. وەلێ ئیتر سلێمانی وردە وردە زمان بە
ئازارێكی نەتەوەیی دەبەخشێت، كە هەمیشە قەدەخەی لەسەر بووە. بابانییەكان لەنێو دانیشتنەكانیاندا
دەزانن بوونی نوێنەرانی عوسمانی و قاجارییەكان، هەم بۆ سەرانەسەندن و هەم بۆ
جاسووسیكردنە بەسەریانەوە. ئەوان دەیانزانی خزمەتكردن بە بێگانە و چوونە ژێر سێبەریانەوە،
هیچ سوودێكی بۆ كوردبوونی وان تێدا نییە. بۆیە مانیڤێستی ڕانەگەیەنراوی ئەم شارە،
خۆجیاكردنەوەیە لە دەسەڵاتی بێگانە و ڕەتكردنەوەی شوناسێكی ژێردەستەیی و نۆكەرایەتییە،
كە دووژمن پێی بەخشێوە. هەر ئەو نەفەسەشە، كاتێك ئەرەدەڵان گڵۆڵەی دەكەوێتە لێژی،
سلێمانی وەك وێستگەی مانەوە و ئاساییش تەماشا دەكات و مەستوورەی ئەردەڵانی دەگرێتە
خۆی.
6. جیاكردنەوەی
ئەم دووشارە لە یەكتری ئاسان نییە، كە لە قووڵاییەكانی میژوودا زۆریان بەیەكتر بەخشێوە.
بەتایبەتی زۆر ئاڵوگۆڕی كولتوورییان لە نێواندا هەبووە، كە موزیك و ئەدەب، لە هەرە
دیارترینەكانیانن. لە ڕاستییدا سنە و سلێمانی هەردووكیان شاری موزیك و هەردووكیشیان
شاری ئەدەبن. زۆرینەی ناودارانیان لەم دوو بوارەدا، بە ئەسڵ خەڵكی ئەویتریانن! لەوێ
لەدایككبوون و لەمیانە ناویان پەیدا كردووە. لێرە هاتوونە دنیا و لەوێ بوونە ئەستێرە!
موزیك و ئەدەب پردیی هەمیشەیی ئەم دوو شارە بوون، بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێك هەبووبێت
لە پەڕینەوەیاندا لەمبەرەوە بۆ ئەو بەر و بە پێچەوانەشەوە، بوێری ئەوەی هەبوو بێت
داوای پیناسەیان لێبكات. هۆزی جاف كە گەرمیان و كوێستانی دەكرد، موزیك و ئەدەبەكەشی
لەگەڵ خۆی دەبرد، كە دەشگەڕایەوە، موزیك و ئەدەبی سنەشی لە سینەیدا دەپاراست.
7. ئەمساڵیش، كە یۆنسكۆ هەر بەم دوو هۆكارە (ئەدەب
و موزیك)، ئەم دوو شارە لە نێو لیستی شارە پارێزراوەكانی جیهاندا دادەنێت، ئەو قووڵاییە
دێرینەمان بیر دەخاتەوە، كە ئەم دوو شارە پێكەوە دەبەستێتەوە. بیرخستنەوەیەك، كە دەبێت
بۆ هەموو كوردێك، جێی شانازیی بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پێكەوەگرێدانەوەیە میژووییە،
ئەم دوو شارە دەگێڕێتەوە بۆ پەیوەستە میژووییەكەیان تاكو سەرمایەی ڕەمزیی یەكتر دەوڵەمەند
بكەن و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر هەر دەسەڵاتێكدا باڵادەست بكەن، كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم
پێكەوەبوون و یەكتری بەهێزكردندا.
2/11/2019، هەولێر