وتار

بەرماوە و بەفیڕۆدان

7/11/2022 3:03:00 PM 257 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار سیوەیلی

1.مرۆڤ هەر تەنیا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، ژیر و سیاسیی نییە، بەڵکو بەفیڕۆدەریشە. هەم خۆی بەفیڕۆ دەدات و هەمیش دەستکەوت و دەوروبەر و کاتەکانی.. ئەگەر تەحەموولم بکەن کەمێک باسی ئەم بوونەوەرەتان بۆ دەکەم.. چونکە ئیتر وا دەچینە بەرەجەژنانەوە و ئەمەش وەرزی زێڕینی بەفیڕۆدانە. ئەگەرچی ئەوەی کاتێک بۆ کەسانێک زێڕین بێت بۆ ئەوانیتر قوڕبەسەرییە..

 

 

 

ئێمە هەر بەتەنیا بە بەرماوەكاندا نازانین مرۆڤەكان چییان خواردووە، بەڵكو دەشزانین ئەوان كێن. بەڵام كێشەی گەورە لەوەدایە بۆچی مرۆڤ بەرماوە بەرهەمدەهێنێت؟! بۆ ئەوەندە داوا ناكات كە پێی دەخورێت، بۆچی بەرماوە وێنەیەكی كەشخە و گیرفانپڕی دەداتە خاوەنەكەی؟ بۆچی خواردنگەكان، تەندروستی و ژینگەپارێزان و ئابووریناسان ڕووبەڕووی بەرهەمهێنانی بەرماوە نابنەوە، كە بەشێكە لە سیستەمی ساخلەمی و ژینگەیی و ئابووریی وڵات؟

 

 

 

2.وشەكە پێماندەڵێت ئەو ڕێژەیە لە خواردن كە لەبەر دەمماندا دەمێنێتەوە، بەهای خۆی لە خواردنەوە بۆ بەرماوە لەدەست دەدات. كولتووریش پێمان دەڵێت، ئەو بەرماوەیە چیتر ناخورێت، ناكرێتەوە نێو دەفری خواردنە سەرەكییەكە. پێویستە وەك بەرماوە فڕێدرێت بۆناو زبڵدان.. چونكە ئەوكەسانەی بەرماوە بخۆن بە سووك تەماشا دەكرێن. وشەكە لەگەڵ وشەی (بەر)یش هاومانەیە و ئەمەی دواییان ئاماژەیە بەو بەشەی جەستەمان كە دەكەوێتە دەوربەری كۆئەندامی سێكسیمانەوە. لەبەر ئەوە بەرماوە لە خۆیدا هەڵگری مانایەكی نێگەتیڤە. وشەكە ڕێگەی ئەوەی لێبەستووینەتەوە كە سوود لە بەرماوە وەربگرین. ئەوە نەبێت كە بەرماوە بۆ مریشەكەكان ڕۆ دەكرێت، یان لەبەردەمی سەگ، یاخود فڕێدەدرێت، وەك چۆن (بەر) دەتاشرێت و مووەكانی لێدەكرێنەوە و تووڕ دەرێن و پاك دەكرێتەوە.. لە جێگەیەكی دیكە باسی بەشی خوارەوە و سەرەوەی جەستەم كردووە، كە چۆن بەپێی پێوەری كولتووری ئەم بەشانە بەها و پێگەی جیاوازیان هەیە. (سەر) دەبێتە نیشانەی سەربەزی و جێی عەقڵ و ژیرییە، (بەر) سەرمان شۆڕ دەكات و دادەپۆشرێ و جێی شەرمە و نزیكە لەو ئەندامانەی جەستەمانەوە كە پاشەڕۆكیان لێوە دەكرێتە دەرەوە...

 

 

 

 

3.بەرماوە هەڵگری تێگەیشتنێكی تایبەتی مرۆڤیشە لە خواردن بە گشتی: ئەگەر مرۆڤ لە سەرەتاوە ئەوەی فێركرابێت، كە هەموو شتێك لە پێناوی ئەودایە و خۆی سێبەری خودایە لەسەر زەوی، ڕەنگدانەوەی ئەم بیروڕایە لەسەر نانخواردنیش دەردەكەوێت: مرۆڤ لەم ڕوانگەیەوە خواردن لە پەیوەندییەكانیدا بە سرووشت و گیاندارانی تر و ئەخلاقیی خۆیەوە نابینێت، چونكە ئەو سەییدی هەر شتێكە كە هەیە لە سرووشت و دنیای دەرەوە و بوونەكەیان دەبێت لە خزمەتی ئەمدا بێت. ئەم ڕوانگەیە ڕێدەگرێ لەوەی مرۆڤ لە ڕێگەی خۆراك و كەرەستەكانی خواردنەوە پەیوەندیی بە سرووشت و گیاندارانی دیكەوە بكاتەوە و لەبەرژەوەندیی پێكەوەژیاندا هەڵوێست وەربگرێت، بەڵكو ڕوانگەیەكی خودسەنتەرانەی بۆ دروستدەبێت كە بە شیاوی بزانێت ئاوانیتر بخاتە خزمەت خۆیەوە!.

 

 

 

4.بەڵام بەرماوە هەر ئەمەش نییە، زۆر زیاتریشە: نیشانەیە بۆ دەسەڵات و دەوڵەمەندی و مەیدانێكە بۆ نواندن و نمایشی گیرفان و پێگەی ئابووریی و كۆمەڵایەتی.. بەرهەمهێنانی بەرماوە، مەرج نییە هەمیشە كردەی دەوڵەمەندەكان بێت، زۆرجاریش كردەی مرۆڤە ئاساییەكان و خاوەن پسپۆڕیی و ڕۆشنبیرەكانیشە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە پیشانی بدات كە ئەویش هەبوووە! پارەدارە، مەسرەف دەكات، چاوی لێ نییە.. لە هەموو حاڵەتەكاندا، بەرماوە هەر بەتەنیا (بەر/ماوە) نییە. بەڵكو هەمیشە شتێكیتریشە و لە ململانێی نێوان كەسەكاندا بۆ خۆناساندن بە ئەوانیتر، یان لە ململانێی نێوان خێزانەكاندا، بەشداریی پێدەكرێت.

 

 

 

5.ئەوەی بەرماوە دروستدەكات، بەفیڕۆدانی بەلاوە گرنگ نییە. بەرماوە لە خۆیدا بەفیڕۆدانە. بە فیڕۆدان هەڵوێستی مرۆڤی بێ هزر و بێ دەروەستە لە ئاست جیهاندا. بەفیڕۆدان بێڕێزیی مرۆڤە بە خۆی و دەوروبەری و بە سەرچاوە سرووشتییەكان و ژینگەییەكان. ئەوەی بەفیڕۆ دەدات، شەق لەو سامانە هەڵدەدات كە خەڵكانیتر بەرهەمی دەهێنن، یان سرووشت پێمانی دەبەخشێت.

 

 

 

6.بەرماوە، لە ڕووی مێژوییەوە،  وا دەردەكەوێت كولتووری چینی باڵا و ئەو توێژانەیە كە دەسەڵاتی كۆمەڵایەتییان هەبووە و مەیلی خۆنواندن و خۆدەرخستنیان بەهێزە.. هەر لە سوڵتان و پاشاكانەوە بگرە، تا ئاغا و خان و هاوچەشنەكانیان.. لە ئێستادا سیستەمی سەرمایەدارانەی خواردنگەكان بەرهەمهێنەری بەرماوەن، بگرە خەڵك لەسەر دروستكردنی بەرماوە ڕادەهێنن. لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە خواردنگە و كەبابخانە، بەرماوەی زۆر بەرهەمدەهێنن. هەرسێ خواردنگەی (داوە) و (ABC) و (هێرۆ) بە خێرایی كار لەسەر ئەم مامەڵەكردنە دەكەن و لە گۆڕێنی ئاكاری بخۆری ئێمەدا، كاریگەرییەكی نەرێنی باڵایان هەیە. لەوەش زیاتر ئەم زنجیرە خواردنەگەیە تێگەیشتنی مرۆڤیش لە خودی خۆی دەگۆڕن و لە مرۆڤێكی ئیشكەر، ژیر و چێژەرەوە بچووكیدەكەنەوە بۆ بوونەوەرێك لە پێناوی خواردندا. تۆ كە دەچیتە ئەم شوێنانەوە، سرووشتی سرڤیس و كارەكە و ماوەی مانەوە و ڕێنماییەكان بەجۆرێكن، كە هانت دەدەن بۆ ئەوەی خۆت تەنیا وەك بخۆرێكی تێر نەبوو ببینی و هەوڵبدەیت زۆرترین بخۆیت لە چاو ئەو پارەیەی پێشەكی لێت وەرگیراوە..

 

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە، كە پێشەكی پارە دەدەیت بۆ هەر كەسێك، مرۆڤی ئێمە دەكەوێتە نێو ململانێیەكەوە، كە پێشتر بیری لێناكاتەوە. ئەو بڕە پارەیەی  دەیدەیت، زۆر زیاترە لەوەی تۆ پێویستت بەو بڕە خواردنە هەبێت كە بەو بڕە پارەیە بەدەستی دەهێنیت. هیچكەس ناتوانێت ئەو بڕە خواردنانە بەتەواوی بخوات، كە دەخرێنە بەردەمی. هەموو كەسیش دەزانێت كە بایی ئەو بڕە پارەیەی نەخواردووە كە داوێتی! بەمجۆرەش هەستێكی لەلا دروست دەبێت كە غەدری لێكراوە. بۆ تۆڵەكردنەوە لەم غەدرە ئەوەی لە خواردن ماوەتەوە دەیباتەوە بۆ ماڵەوە. ئەم سیستەمە لە ئەی بیی سی نییە، بەڵكو تۆ دەخۆیت و بە پڕی دەچیتە دەرەوە، بەبێ ئەوەی بۆت هەبێت یەك شت لەگەڵ خۆت ببەیت.. هێرۆ بەهەشتی بەفیڕۆدەران و ڤی ئای پیی کوردستانییەکانە، بۆیە خوڵقێنەری ڕاستەقینەی دۆزەخێکیشە بۆ هەژاران.. لێرەوەشەوە دەردەكەوێت كە ڕێژەی بەرماوە و بەفیڕۆدان لە ئەی بی سی زۆر زیاترە وەك لە داوە، بەڵام مەیلی بخۆری و زۆرخواردن لە هەردووكیان هێندەی یەك دروست دەبێت و مرۆڤ ئیغرا دەكات. لە هێرۆ، بەفیڕۆدان وەک دەستکەوتێکی چەندسەد دۆلاری لێکدەدرێتەوە.

 

 

 

 

7.بەمجۆرەش ئێمە كەوتووینەتە ناو سیستەمێكەوە، كە بەو جۆرە مرۆڤ لە بیركردنەوەو  پاشەكەوت وڕێزگرتن لە ژینگە و ژیان دوور دەخاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرماوە و بەفێڕۆدانی لەلا ئاسایی دەكاتەوە. ئەمە جگە لەوەی مەیلی خواردن لە پیناوی چێژبینیندا، دەگۆڕێت بۆ مەیلی خواردن لە پێناوی تێرخواردندا. هەر ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە خێزانی ئێمە لەناو ئەمجۆرە سیستەمانەی خواردن و خزمەتگوزارییدا، هەم لە ڕووی مادیی و هەم لە ڕووی مەعنەوی و كولتووری و تەندروستیشەوە دەچەوسێتەوە. ئەمە جگە لەوەی پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشت و سامان و بەرهەمەكانیشییەوە، دەبێتە پەیوەندییەكی ئامرازگەرایانە و بازاڕیانە و بەكاربەرانە، نەك پەیوەندییەكی شوناسبەخشانە و هارمۆنی وتێگەیشتن و هاوسەنگیی دروستكەر.. بەرهەمهێنانەوەی چەمكەكانی وەك تۆڵەكردنەوەو دەستبڕینیش بەشێكی  دیكەی ئەم سیستەمەیە. هێندە هەیە بەرماوە و بەفێڕۆدان پێشئەوەی پێویستییان بە بڕیارێكی یاسایی هەبێت، پێویستە لەسەر ئاستی تاكەكەسی بڕیاری لێبدرێت: ئەوەندە بخۆ كە چێژی لێدەبینیت، ئەوەندە داوا بكە كە تیرت دەكات. دەستهەڵگرتن لە نمایشەكانی خواردن، زیادە تێكردن و بەجێهشتن و بەفیڕۆدانی خواردنەكان، تاقیكردنەوەیەكن تاكەكەس لە ئەزموونی ئاكاریی سەردەخەن.. بەرماوە و بەفێڕۆدان شوناسی مرۆڤی هۆشمەند دەخەنە مەترسییەوە. عەقڵ و بیركردنەوە دەوەستێنن و گەدە و غەریزە دەئاوسێنن. سەردەمەكە بەرەو و شوێنێك دەچێت كە جیاوازییەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ كاڵ و كاڵتر دەبنەوە و خەریکە مرۆڤ لە ئاژەڵیش دەباتەوە.

 

 

ئەوە تەنیا تۆڕی كۆمەڵایەتیی نییە، مرۆڤی ئێمەی بەرەو هەرزەگۆیی و سادەیی و لەبیرچوونەوەی زمان و ڕێنووس و خاڵبەندیی بردووە، بەڵكو ئەوە ڕێستۆرانتە شێوە سەرمایەدارییەكانیشن، كە مرۆڤی ئێمە بەرەو بیرنەكرنەوە و بەكارنەهێنانی ژیری دەبەن. ئەم سەرەدەمە، بەهەموو مانایەك سەردەمێكی مەترسیدارە، هەربۆیەشە بەرخۆدان لەناو ئەم سەردەمەدا سەخت و پێویستیشە.. بەتایبەتی لەسەر ئاستی تاكەكەس كە ساڵانە بۆی هەیە زیاتر لە سەد كیلۆ خواردن بە فیڕۆ بدات..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن