بەدگۆڕانی درەختەكان
12/12/2019 4:59:00 PM
337 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار سیوەیلی
1. درەختەكانیش وەك مرۆڤەكان سرووشت و كەسایەتی جۆراوجۆر و
تایبەتیان هەیە. هەیانە ڕاشكاوە و خۆی سانسۆر ناكات و وەكئەوەی هەیە خۆی نمایش دەكات.
بە
ئاشكرا پێماندەڵێت ئەو
دەستی لە خۆی بەرداوە و توانای ڕاگرتنی خۆی نییە. بەهەرچوارلادا بەلادا هاتووە و
توانای ڕاگرتنی لقەكانی نییە.
2. ئەمە ڕێك لەو مرۆڤە پەژارە و شێواوە دەچێت، كە بەبێ ئەوەی
قسان بكات شت لەسەر خۆی دەڵێت، بەبێ بەكارهێنانی وشە، جەستەی دێتە گۆ. داكەوتن، شۆڕبوونەوە،
داهێزران، شەكەتی، شەپڕێوی، بە هەموو لەشییەوە دیارن و پێویستیش ناكات لێیبپرسین:
حاڵت چۆنە.. هەموو كەسێك ئەم دۆخە لە ناخی خۆیدا هەستپێدەكات و دەبینێ، بەڵام لێی
بێدەنگە تا ئەوكاتەی پرسیاری لێدەكرێت. زۆربەشمان لەبەر (من)ـەكەی ناخمان ڕاشكاوانە
ددانی پێدا نانێین و بەجۆرێك خۆمان دەنوێنین كە زۆر باشین!
3. لەناو درەختەكانیشدا ئەمجۆرە كاراكتەرەمان هەیە: بەپێوە
قیت و ڕوو لە ئاسمان، بڵندنۆڕ و بێ باك، لە كاتێكدا هیچ ڕۆحی تێدا نەماوە و وشك
بووە! مرۆڤ ئەم وشكبوونە بە كۆتایی و لێبوونەوە پێناسە دەكات، بەڵام خۆی وا نانوێنێت..
4. درەختانێكی دیكە هەن بەتەواوی سیمایان گۆڕاوە و بەشێكی زۆری
درەختبوونی خۆیان لەدەستداوە. كاتێك لە نزیكەوە تەماشایان دەكەیت خۆرەی ئاوارەبوون
لێیداون و ڕووخساریان هەڵوەریوە و شتێكی دیكە دەنوێنێت. پووكانەوەیەكی هەمیشەیی بۆتە
هۆی بەدیاركەوتنی ڕیشاڵە شاراوەكانی، كە ئیتر هیچ ژیانێكیان تێدا نەماوە. درەختەكانیش
دەتوانن كافكاییانە بەردەوامییەكی دەردەدارانە بە خۆیان بدەن: بەدگۆڕان ببێتە چارەنووسیان.
ڕەنگە ئەمە پێشبینی كافكاش بووبێت بۆ دنیای نوێ و بۆ سەرمایەدارییەت. چونكە لە ڕاستیدا
سەرمایەدارییەت جۆرێكی تایبەت لە بەدگۆڕان بەسەر ژیاندا دەسەپێنێت، بە جۆرێك كە هیچ
شتێك بەو جۆرە نامێنێت كە لە سرووشتی خۆیدا هەیە.
5. بوونەوەر لە مێژووی بوونی سرووشتیانە و گەشەی مێژوویی خۆی
دادەبڕێت و دەكرێتە شتێكی دی. بۆی هەیە جوانییەكی دیكەی پێببەخشرێت، بەڵام تام و بۆنی
خۆی لەدەستدەدات، پارچە دەكرێت و دەخرێتە قتووەوە، بەمەش شێوە و قەبارەی خۆی لەدەستدەدات..
درەخت بەجەستەكەری ئەم بەدگۆڕانەیە: لە نیشیمانی خۆی هەڵدەكەنرێت و لە شوێنكی دیكە
دەنێژرێت و لەوێش دەژاكێ و وشكدەبێت و دەپروێت و شێوەی ئاژەڵ و شتی ترسناك بەخۆیەوە
دەگرێت. ڕەنگە ئەم دۆخە بۆ درەخت خۆی جێی تێبینی نەبێت، چونكە ئەو هووشیار نییە، هەرەچەندە
هەستی هەیە، بەڵام مرۆڤ بە بینینی ئەم دیمەنانە هاوشێوەیی لە نێوان خۆی و درەختەكاندا
دەبینێ و لە دۆخەكەیان تێدەگات و ئەمەش ئازاری دەدات.
6. بۆ ئەوەی ناخی خۆتت
بۆ دەركەوێت، جاروبار لە درەختەكان بڕوانە، بۆ ئەوەی بۆت دەركەوێت، ئەوەی دەیشاریتەوە
و ماكیاژی دەكەیت، بۆ ئەوانەی دەتبینن ئاشكرا و ڕوونە. تۆش بۆ ئەوان وەك درەختێكیت،
كە بە گەشانەوەكانت دەیانگەشێنیتەوە و بە پەژارەییەكانت خەمباریان دەكەیت.