وتار

لەبارەی گەرماو یادوەریی بەفرینی منداڵییەوە..

8/12/2019 1:16:00 PM 660 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار سیوەیلی

(ئەو كەسەی بیەوێت لەگەرما خۆی بپارێزێت، پێویستە لە منداڵییدا بۆ سەرما بگەڕێت)، نووسراوی سەر بەردێكی سوورەوەبوو..


1. ئه‌مڕۆژانه‌ گه‌رمای كوردستان زۆر به‌تام و ئازارە! گەرما دوو چێژیی ئەبەدیی ژیانمان بیر دەخاتەوە. (تام/خۆشیی) و (ئازار).. مرۆڤ زۆر لە مێژە بەم دوو ڕەهەندەی ژیان ئاشنایە. ڕەنگە یەكەم تامكردنی ژیان بۆ مرۆڤ لە قۆناغی نیشتەجێبوون و ئەشكەوتنشینییەوە، سەریهەڵدابێت. نیشتەجێبوون و هەستكردن بەوەی ماڵێكت هەیە، چێژێكی كۆن و ڕەسەنە. ئەو چێژە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاسوودەیی مێشكەوە هەیە. مێشك لە ماڵ و شوێنی حەوانەوەدا ئاسوودەیە. زۆربەمان لە ماڵی خۆماندا نەبێت، لە شوێنی دی خەومان لیناكەوێت. لێرەدا ئێمەی دوو پێ لە بزن جیا دەبینەوە، چونكە وەك قەییمیی گوتویانە: ئەو گیاندارە چوارپێیە "بۆشەوێكیش بێت جێگەی خۆی خۆشدەكات"!
2. ئازاریش ڕەهەندێكی قووڵی ژیانە. ڕەنگە بوونخوازیانەتریش لە حەوانەوە و خۆشیی بێت.. ئازار بەرهەمی جێهێشتنی ڕەحمی دایكە، چونكە ئەوێ ماڵی یەكەمی هەر كەسێكە، بۆیە لەگەڵ هاتنە دنیاوە یەكەم شۆك، بەو گریانە گوزارش لە خۆی دەكات، كە هەموومان پێی ئاشناین: (ئنگا.. ئنگا..)! ئەگەر چێژی ماڵ مەسەلەیەكی ئەزموونی و كردەیی بێت، ئەوە ئازاری ژیان مەسەلەیەكی وجودیانەیە. مرۆڤ لەگەڵ بەیانكردنی ئازار دێتە ژیانەوە و بەرگەی ژیانیش دەگرێ و دەژی، بە خەونی گەیشتنەوە بە ماڵێكی هەمیشەیی و ئاسوودەوە..


3. چەندین ساڵە، من له‌م هه‌رێمه‌دا گه‌رمای وام ئه‌زموون نه‌كردووه‌. ناوێرم بێمە بەر دەرگاكەش. وەلێ گه‌رماش چێژی خۆی هه‌یه‌: خاو خاوت ده‌كاته‌وه‌ بۆسه‌ر ئاستی خاویی یه‌كه‌مین خانه‌ی زیندووی بوون، كه‌ ده‌شێت ژیانی لێوه‌ په‌یدا بووبێت. ڕێك پاش یه‌كه‌مین ته‌قینه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌.. ئه‌گه‌ر له‌م گه‌رمایه‌ ڕزگارمان بوو، پێده‌چێت زیاتر قه‌دری سه‌رما و باران بگرین بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین ئاو چه‌نده‌ پیرۆز و ژیانبه‌خشه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ش گه‌رما هرووژم و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌بڕواوه‌كه‌ی سرووشت له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێ، بیركردنه‌وه‌ له‌سه‌رما و ئاو، سوودیی ڕۆحیی خۆی هه‌یه‌. یاده‌وه‌ریی زستان و به‌فر، باران و ته‌رزه‌، ڕه‌شه‌با و تۆفان، ئه‌م گه‌رمایه‌ له‌ هه‌ستماندا كه‌مێك فێنك ده‌كاته‌وه‌. ئەزموونكردنی ئەم گەرمایە، مرۆڤ لە ئاست عەزابی جەهەننەمدا، چاو قییم دەكات.


4. سرووشت وه‌ك به‌شێ له‌ فه‌یله‌سووفه‌كان گوتویانه‌: فره‌ییه‌ و یه‌كایه‌تیی نییه‌. یه‌ك ڕووی نییه‌ و چه‌ندین سیمای هه‌یه‌، یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ و چه‌ندین باڵاده‌ستیی هه‌یه‌. پێده‌چێت پێشینه‌كانی ئێمه‌ كاتێ ماڵ و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونیی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ چێكردبێ، سرووشتیان له‌ ئێستای ئێمه‌ باشتر ناسیبێ: خانووه‌ كۆنه‌كان و كه‌ره‌سته‌ی بیناسازیی ته‌قلیدی، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی باووباپیرانمان له‌ سرووشتی وڵاته‌كه‌، ڕوونتر ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه،‌ شێوازیی ته‌لارسازیی نوێی ئێمه‌یه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حسابی ئه‌م گه‌رمایه‌ی تیا نه‌كراوه‌: بۆی هه‌یه‌ خۆشترین ته‌لاره‌كان، خۆشترین گونده‌ هاوچه‌رخه‌كان به‌ بڕینی یه‌ك خوله‌ك كاره‌با، چۆك دابده‌ن. گەرما، هەر مرۆڤ ناخاتە بەردەم تاقییكردنەوە، كە پێویستە بۆ بژێوی ژیان ڕوومەتی خۆی بداتە بەر قەڵمبڕەكانی خۆر، بەڵكو ئەم گەرمایە پێوەرێكیشە بۆ فەشەلهێنان بەو چاوبەستانەی كە پرۆسەی سەرمایە بە ناوی تەلارسازیی و مۆدێرنەشارەوە، بە كۆمەڵگەی دەفرۆشێتەوە.


5‌ له‌پشت ته‌لارسازیی مۆدیرنی ئێمه‌وه‌ نه‌زانیی و ئاگادارنه‌بوونێكی كوشنده‌ له‌ سرووشتی وڵاته‌كه‌ هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت، كه‌ ئیتر ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ سرووشته‌وه‌ نه‌ماوه‌ و نایناسین و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیمان بیرچۆته‌وه‌. گەشتی بەردەوامی گەنجەكان بۆ چیا و شاخەوانی، هەوڵێكی جوانن بۆ ئاشتكردنەوەی سرووشت و مرۆڤ. به‌ڵام سرووشت به‌م گه‌رمایه‌دا نامه‌یه‌كی بۆ ناردوین، ڕه‌نگه‌ سزایه‌كیش، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێزی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بگرین و سه‌رله‌نوێ له‌گه‌ڵیدا ئاشتبینه‌وه‌. ئه‌و دایكێكی میهره‌بانه‌ و نایه‌وێت به‌جارێ بماسووتینێ، به‌ڵكو ته‌نیا ئاماژه‌یه‌كی به‌ تینی خۆردا بۆ ناردووین، تا بیری لێبكه‌ینه‌وه‌. تا خۆمانی له‌گه‌ڵدا بگونجێنین و ڕێزی بگرین بۆ ئه‌وه‌ی داخمان نه‌كات.. ئازاری داخكردن، زۆر له گووشاری گه‌رما ده‌رده‌دارتره‌..


6. لەناو نامەكەی گەرمادا چەند ئاماژەیەك دەخوێنمەوە: ئێمە ئیتر لە قۆناغی كەرەستە سرووشتییەكانی بیناسازییدا ناژین و كەوتووینە ناو باوەشی كەرەستە پلاستیكی و ئەلیكۆپۆنی و پی ڤی سییە قێزەوونەكانەوە.. دار و تەختە و بەرد و گڵ و قامیش و خشت لە دنیای ئێمەدا نەماون، كە پەیوەندییەكی ڕیشەیی و مێژووییان بە شێوەژیانی ئەم ناوچەیەوە هەیە. هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات و نەبوونی یادوەرییەكی ڕەسەن لە نیشتیمانی خۆیدا. هەر دەسەڵاتێك یادوەرییەكی نیشتیمانیانەی نەبوو، نیشتیمانەكەی دەكاتە زبڵدانی كەرەستە بازرگانییەكان و لەوێشەوە دەستی لە گۆڕێنی شیوەژیانی ئێمەدا بەرەو خراپتر دەبێت.. هۆكاری دووەم نەبوونی هووشیاریی خەڵكە لە گەڕانەوەیدا بۆ بەكارهێنانی كەرەستەی خۆماڵی و تەسلیمبوونی بێمەرجییان بە ئەوەی كە هەیە و باوە و هەرزان و هەڕەمەكیانەیە.. هۆكاری سێیەم تەختبوونی نەتەوەیە لە ژێر ستەمی بازرگانانی بێ ویژدان و كەمتەرخەم، كە كێبڕكێیانە لەسەر هێنانی خاشاكی وڵاتانی وەك توركیا و ئێران، لە غیابی چاودێریی حكومەتدا. هۆكاری چوارەم ئەو كڕكەوتنەی بەشەكانی تەلارسازیی زانكۆكان و بێدەنگییان لە ئاست ئەم ئیرهابە بازرگانییەدا كە بەچارەنووسی ئەم وڵاتەوە دەكرێت. ئەو بەشە بەناو زانستییانەی كە دەبوو لە بیناكردنەوەی میعماریانەی ئەم وڵاتەدا ڕۆڵی "یەكێتی زانایانی میعماریی" بگێڕن، وەك "یەكێتی زانایانی ئیسلامی" لە سوودەكانی ئەم موباحییەی بازرگانی، ئینتەلایان كردووە!. بەتاییەتی كە بۆنی گۆشت تێكەڵ بەم گەرمایە دەبێت، پەیوندیی ئەو دوانەت بەباشی بۆ دەركەوێت.. هیچكامێك شتێك لە دژی بەرژەوەندیی ئەوانیتر ناڵێن، هەموو بەرژەوەندیی یەكتریی دەپارێزن.


7. كەس گەرمای پێ ناوەستێت، بەڵام تەنانەت گەرماش سەرەداوێكمان دەداتێ، تاكو تیری ڕەخنە ئاراستەی ئەوانە بكەین، كە وڵاتەكەیان بە پیرۆزكردنی بازرگانی و هێنانی كەرەستەی گەرمكەر و پیسكەری ژینگە، سەیارە و جۆرەها مەكینە و ئامێر، لێكردووین بە دۆزەخی سەر زەوی.. گەرما ناوەستێت بەڵام پێویستە هەرشتێك كە خۆی وەك پیرۆز و موقەدەس بەسەر ئەم نەتەوەیەدا دەسەپێنێت، بوەستێنرێت.


8. من بارانم خۆشناوێت، نامەوێت ڕۆمانیسانە لە ژێرباراندا ڕێكەم.. زستانم بە خۆی و بەفر و چلوورە و پرووشەیەوە، خۆشدەوێت. ئەگەر لە منداڵییمدا و لە لادێ، زستانم ئەزموون نەكردبا، مەحأڵ بوو بەرگەرگرتنی هاوینانی دەشتایی و گەرمێن.. ئەو ساڵانەش كە لە هەندەران بووم، دیسانەوە، سەرما و بەفر لە ئامێزیان گرتبووم و ڕۆحیی منداڵێمییان تازەكردمەوە. وا هەستدەكەم ئێستاش مشەخۆرانە لە منداڵیی و ئاوارەییمەوە، وزە بۆ بەرگەگرتنی گەرما وەردەگرم و لە ناخەوە فێنك دەبمەوە. من زستانم لە ڕندووی بەفردا ئەزموون كردووە. لە نۆ ساڵیمدا بەفریان پێ ماڵیوم و باگردێنیان داوەتە دەستم بانم گێڕاوە. شڵپەی بەفراوی دوای هەتاوكەوتنی بەیانیان و قرچەی شكانی بەفرەبەسەرم لە بیرە. سەدانجار بە شیواندا پەڕیومەتەوەو لەژێر بەفرەوە، خووڕەی ئاو بانگی كردووم. بەیانیان چلوورە بەفری گوێ سوانان وەك شمشێری ئاویین شۆڕەوەبووم بینیوە و جاریش هەبووە بەربۆتەوە ناو پشتەملم و لەگەڵ تریق و هووڕی منداڵانەم، تواوەتەوە.. ئەو گەڵایانەم لەبەرچاون، كە تا كۆمانەوە، نازی بەفریان دەكێشا و لەپڕ بەفر لەسەریان دەخزییە خوارەوە و گەڵاكانیش خۆیان ڕاستئەكردەوە و قیت دەبوونەوە..شوێنپێی پیشیلە و ئاژەڵی كێوی، وەك ماچی نەرم بەسەر بەفرەوە جێدەمان و ئێمە پەیگیریمان دەكردن ئاخۆ بۆ كوێ چوون.. كاتێك ڕێگا بەرەو مزگەوت و ماڵان و كانێ ژنان، بێڵنە دەكرا، ئێمە لەناو هەزاربەهەزاری ئەشكەوتە بەفردا چاوشاركێمان دەكرد و لە ڕێگەماندا بۆ مزگەوت، حینجەمان بیری خۆمان دەخستەوە، نەبا داری مامۆستا بمانگەزێت: ئەلف سەر ئا، لام زەنە ئەل..


تێبینی: ئەم وتارە لە گەرمای پاردا نووسراوە، گەرمای ئەمساڵ زیادەكاریی و پێداچوونەوەی خستەسەر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ