لەبارەی وشەی (چالێنج)ـەوە لە هەڵمەتی نەمامناشتنی دەستەبژێری كوردستاندا
8/22/2019 11:53:00 AM
1240 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار سیوەیلی
لەبارەی وشەی (چالێنج)ـەوە
لە هەڵمەتی نەمامناشتنی دەستەبژێری كوردستاندا..
1. ئەم
وشەیە چالێنج، بە ئینگلیزی: (Challenge)،
بە عەرەبی (التحدی) و بە فارسی (چالش) و بە دانماركی (Udfordring) و.. بە خەیاڵمدا نایەت لە كوردییدا جگە
لە وشەی (ڕاسپاردن)، (هاندان)، (هێنانەمەیدان، یان مەیدانخوازی)، وشەیەكی باشترمان
هەبێت. من بۆخۆم لە وشەی ئاڵینگاریی تێناگەم، كە گوایە بەهەمان مانا بەكار دەهێنرێت.
بۆ نموونە دەكرا بگوترێت: فڵانكەس ڕادەسپێرم بۆ ناشتنی درەختێك، یان فڵانكەس ڕایسپاردووم
بۆ ناشتنی نەمامێك.. وشەی ڕاسپاردن ناچێتە بواری فەرمانپێكردنەوە، ڕاسپاردن زیاتر
متمانە بەخشینە بە كەسێك، كە كارەكەی لە دەست دێت، نەك فەرمانپێكردنی.. هاندانیش بە
هەمان شێوە: من كەسێك بۆ كارێك هاندەدەم چونكە دەزانم باشەی تێدایە. مەیدانخواز و
هێنانەمەیدانیش ئەوە دەگەیەنن كە دەمانەوێت كەسێك، كارێك ئەنجام بدات تا ببێـە سەرمەشق
بۆ ئەوانیتر.. یاخود هەر وشەگەلێكی دیكەی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە، كە ڕەنگە خوێنەرانی
ئەم كورتە وتارە بەبیریاندا بێت.
2. بەڵام
بۆچی لە جیاتی ئەم وشە كوردییە خاوێنە، وشەی چالێنج بۆ ئەو چالاكییە بەكارهێنرا؟
چالاكییەكە لەسەرەتاوە چالاكییەكی دەستەبژێریانە بوو. هەرچەندە دارچاندن هەمیشە
چالاكییەكی جوتیارانە,ھەرەوەزیانە و باخەوانانەی كوردەواریی بووە، كەچی لەم چالاكییە
ژینگەپارێزانەیەدا، وەك چالاكییەكی دەستەبژێر مامەڵەی لەگەڵ كرا. كێشەم لەسەر خودی
چالاكییەكە نییە، كە لە خۆیدا باشە، بەڵام دەمەوێت بیر لە چۆنێتی ئەنجامدانی بكەمەوە.
بەتایبەتیش كە بۆچی لەگەڵ خۆیدا زمانێكی نوێیشی هێنایە ئاراوە؟
3. ڕەنگە
سەرەتای خۆجیاكردنەوەكە لەوێوە هاتبێت، كە پێمانوابێت هەڵمەتی دارچاندن و سەوزكردن،
شتێكی نوێیە. لە كاتێكدا ئەوەی یادوەریی لەسەر وڵاتی خۆی هەبێت، دەبیت بزانێت، كە
ئەوەتەی كوردەكان لەسەر ئەم خاكە دەژین، دارچاندن یەكێك بووە لە چالاكییە هەرە سەرەكییەكانیان،
ئەمەش لە پێناوی مانەوەدا. دار یەكێكە لە كۆنترین هاوڕێكانی مرۆڤی ئەم وڵاتە، كە نەیهشتووە
لە برسان بمرێت و بە زۆر شێواز پێكهێنەری شوناسەكەیەتی. ژینگەپارێزی چالاكییەكی كۆنی
ئەم میللەتەیە و شتێك نییە لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی و بەرزبوونەوەی پیسبوونی ژینگە و
وێرانكردنییدا، وەكئەوەی لە سیستەمی سەرمایەدارییدا گەشەی كردووە، هاتبێتە نێو دنیای
ئێمەوە. هەر بۆیەشە ئاستێكی ڕۆشنبیریی مۆدێرن نییە، كە ئێمە لە ئەورووپاییەكانەوە،
بەسەر دەستەیی زمانی ئینگلیزی فێری بووبین، تا ئەگەر وشەی چالێنجی بۆ بەكار نەهێنین،
وا لێكبدرێتەوە كارێكی گرنگمان نەكردووە! ئێمە لە بواری ژینگەپارێزییدا، بەهۆی
دووركەوتنەوەمان لە سرووشتەوە و فێربوونی مشەخۆریی، ئاگایی سرووشتپارێزیشمان لەدەستداوە،
كە ئاگایی سەدان نەوەی پێش خۆمان بوو.
4. وشەكە
لەو بەكارهێنانەیەدا، نەك جەخت لەسەر دەستەبژێربوونی چالاكییەكە ناكاتەوە، بگرە جەختیش
لەسەر خۆجیاكردنەوەی ئەم نوخبەیە دەكاتەوە بە بەكارهێنانی وشەیەكی ئینگلیزی، وەك خۆهەڵاوێردن
لە زمانی كوردی. وشەی چالێنج لەم بەكارهێنانە دەستەبژێرانەیەدا، مانایەكی ئۆرستۆكراتیانەش
بەخۆیەوە دەگرێت، مانایەكی دیوەخانیانە و خاوەنشكۆییانە! بەپێی ئەم بەكارهێنانەی
وشەی چالێنج، خاوەن شكۆكان، بەدەسەڵاتەكان، بڕیاردەرەكان و خاوەن پۆست و پێگەكان و
تەنانەت ناودارانیش، دەیانەوێت بە وەرگرتنی ئەمانەتی ڕاسپاردن لە سەرووی خۆیانەوە،
یان لە هاوپێگەی خۆیانەوە، یاخود لە هاوكارانی خۆیانەوە، بە ناشتنی دارێك، یان نەمامێك،
هاوسۆزیی خۆیان بۆ ژینگە و سرووشت دەرببڕن. هەرچەندە بەشێكی زۆریشیان لەو شوێنانە
دار و نەمامیان چاند، كە لە ڕووی ژینگەییەوە گونجاو نەبوو. چونكە یا چیمەن بوو، یان
خودی شوێنەكە، دارودرەختی زۆر لێبوون، لە كاتێكدا ئەم ڕاسپاردنە، هاندانە (چالێنجییە)
پێماندەڵێت: دەبێت لەو شوێنە دار بنێژین كە ڕووتەنە! بۆیە هەر ئالێرەدا چالاكییەكە
وەك چالاكییەكی ئەریستۆكراتیانە دەمێنێتەوەو نابێتە چالاكییەكی ژینگەپارێزانە. بەشداریكردنەكەش
بۆ سەوزكردنی وڵات، دەبێتە بەشدارییەكی هێمایی و ڕەمزی، نەك كردەیی و واقیعی.
5. دەستەبژێر
مافی ئەوەی هەیە بەشداریی لە چالاكییەكی ئەوتۆدا بكات، كە سووودی گشتیی تێدایە، یان
بەشداریكردنەكە وا دەكەوێتەوە تا ببێتە سەرمەشق بۆ عاممەی ڕەشۆكی میللەت.. ئەوەش زۆر
باشە: گەورە ئاو بڕێژێ و گچكە پێی لێخات. بەڵام ئایا دەستەبژێری ئێستەی كۆمەڵگەی ئێمە،
لەم دۆخەدا ئەوەندە متمانەی خەڵكییان بەدەستهێناوە، كە ببینە سەرمەشق و چاویان لێبكەن؟
ڕوانگە كۆمەڵناسی و فەلسەفیی و مرۆڤناسییەكان، پێماندەڵێن: ئەو كاتە خەڵك چاولێكەریی
دەكەن و كەسانێك دەبنە سەرمەشقیان، كە مرۆڤ لە ژیانی واقیعی خۆیدا هەم كاتی هەبێت
و هەم كێشەی نەبێت. سەرمەشقبوون لە حەوشەی فەرمانگە فەرمییەكانەوە دروستناكرێت، بەڵكو
پێویستە دەستەبژێر بێتەوە نێو واقیع و لەوێدا ئەو هاوسەنگییەكە لەگەڵ عاممە
دروستبكاتەوە، كە بۆتە مەودای جیابوونەوە لە نێوانیاندا.
6. كێشەی
پیسبوونی ژینگە و مەترسییەكانی لە هەرێمی كوردستاندا، هەتا ئێستاش دوو سەرچاوەی هەیە:
یەكەمیان ئەو میراتی ژینگەپیسكەرەی لە بەعسییەكانەوە بۆمان ماوەتەوە و ئەمەش بە
دابڕانیی یەكەمی مرۆڤی ئێمە لە سرووشت، كۆتایبی پێهات. دوومیان نەبوونی سیاسەتێكی
ژینگەپارێزانە لە بەرنامەی حكومەتی هەرێم و هاوشان بەوەش، شارنشینكردنی خەڵكی گوندەكان
لەلایەن حزبەكانەوە، بەهۆی مووچەبڕینەوە بۆیان. ئەمەش بە دابڕانی دووەمی مرۆڤی
كورد لە سرووشت كۆتایی پێهات. بۆیە كاتێك ئێمە بەدەست ئەم دەردانەوە بناڵێنین، هەر
چالاكییەكی ژینگەپارێزانە بۆ سەوزكردنی وڵاتەكەمان، كارێكی جێی دەستخۆشییە و پێویستیشە
ئەم چالاكییە دەستەبژێرییەش بەردەوام بێت. بەڵام مەرج نییە لە پێناوی دار ڕوواندندا،
زمان بشێوێنین، تەنیا بۆ ئەوەی وشەی بیانی بەكار بهێنن. ئیتر من قسە لەسەر ئەوەش
ناكەم، كە دەبوو لەم (چالێنج)ەدا جۆری درەختێش دەستنیشان بكرایە تا لە ئێستاوە خەمخۆرییمان
بۆ نەوەی داهاتوو ئاشكرا بێت! كورد لەوەشدا نەیتوانی یەكگرتوو بێت و لەسەر ناشتنی
چەند درەختێكی پێویست و بە بەرهەم و جوان، ڕێكبكەوێت..
7. ڕەگوڕیشەی
زمان لە ژیانی مرۆیی ئێمەدا زۆر تازەترە لە ڕەگوڕیشەی درەختەكان. پێش ئەوەی زمان لێرە
بێت و ڕەگوڕیشەی خۆی دابڕێژێت، درەختەكان لێرەبوون و ڕەگوڕیشەی خۆیان بەخاكدا چەقاندبوو.
بەڵام هەرچەند دەتوانین لە جیاتی درەختێك هەزار درەخت بەماوەیەكی كەم بنێژینەوە، كەچی
ناشتنەوەی وشەیەك دوایئەوی بۆ وشەیەكی بیانی هەڵیدەكەنین، ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە.
هیچ درەختێكیش لە وڵاتەكەدا نەمێنێت، مرۆڤ پێویستیی بە زمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت
بڵێت: درەختەكان سوتان، نەمان و لەناوچوون..
8. بفەرموون:
فڵانكەس ڕادەسپێرم، هانیدەدەم، داوای لێدەكەم درەختێك بنێژێت، مەفەرموون چالێنج دەكەم!
ئاخر چالێنجتان بخۆم، ئەوە كوردیی نییە..
21/8/2019
لە پەیجی نوسەر وەرگیراوە