خۆهەڵوەشاندنەوە
5/12/2025 9:57:00 PM
رێبوار سیوەیلی
لە ڕووخساری خۆهەڵوەشێنەرەوەدا شكست و ستەم و زۆر، ناچاریی و تێكشكان و سەركزی و داڕمان دەبینمەوە. خۆهەڵوەشێنەرەوە باش دەزانێت، تازە نە لە ڕوانگەیدا بۆخۆی و نە لەڕوانگەی ئێمەدا بۆ ئەو، وەك خۆی نامێنێتەوە و هیچ شتێك و هیچ دۆخێك و هیچ پێگەیەك ڕووخسار و سەربەرزیی و متمانەی پێش خۆهەڵوەشاندنەوەكەی؛ بۆ ناگێڕێتەوە.
خۆهەڵوەشاندنەوە لە بنەمادا واتای ئەوەیە: لە بنەمادا (خۆ)یەك لە ئارادا نەبووە. ئەوەی خۆی هەڵدەوێشێنێتەوە لە دەرەوەی قەڵەمڕەوی هەر (خۆ)یەكە، چونكە سرووشتی (خۆ)، خۆهەڵوەشاندنەوە نییە، بەڵكو خۆ دروستكردنە.
خۆهەڵوەشاندنەوە، خۆوێرانكردن و خۆ كردنەوەیە بە هیچ و ڕەتكردنەوەی خودە. ئەوەی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لە جەوهەردا هیچ بنەمایەكی خودبوونی تێدا نەبووە، بۆیە خۆهەڵوەشاندنەوەكەشی ناكاتە ئەوەی خۆی هەڵوەشاندبێتەوە، چونكە ئەگەر خۆیەكی هەبووبێت، ناتوانێت خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. وزەی خود و خۆ وزەی بیناكردن و خۆدروستكردنە، نەك خۆهەڵوەشاندنەوە. تەنیا مەگەر ئەو خۆیە كە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لە جەوهەردا خۆیەكی هەڵوەشاوە بووبێت.
خۆ لە بنەمادا نییە، بەڵكو دەبێت و خۆی دروست دەكات. خۆ، كەماڵی بوون و ئامادەییە لە ڕەوتی ژیان و خەباتێكدا كە خود تیایدا خۆی دەكاتە ئەوەی كە دەبێت ببێت و ئەوەش تەنیا خودی خۆیەتی. ئەوەش كە خودی خۆیەتی هەرگیز خۆی هەڵناوەشێنێتەوە، چونكە ئاگایی ئەو بە خۆی لەوەدایە كە ببێتە خودێكی كامڵ..
خۆهەڵوەشاندنەوە، ڕەتكردنەوە و پشتكردنە لە كەماڵێك، كە مرۆڤی خاوەن كێشە و ئامانج هەوڵی بۆ دەدات، چونكە دەزانێت بە پشتكردنە خۆهەڵوەشاندنەوە دەبێتە ئەوەی كە پێویستە هەبێت. خۆهەڵوەشێنەرەوە، خۆیەكی لە بنەمادا هەڵوەشاوە و هەرگیز ناخۆ بووە، بۆیە خۆهەڵوەشاندنەوەشی وەك ڕێگە و شێوازێكی درۆزنانەی ناساندنی ئەو خۆیە دەخاتە ڕوو، كە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
خۆهەڵوەشێنەرەوە، خۆیەكە هەرگیز نەیوستووە خۆی بێت. هەرگیز خۆی و نەتەوەكەی خۆی بۆ هەڵنەبژێردراوە. هەرگیز ئامانجی ئەوە نەبوە ببێتە ئەوەی كە دەبێت هەبێت. هەرگیز مەراق و ڕۆح و عیرفانی بوونە خودی خۆی نەبووە. هەرگیز یاخیی و سەركەش و لەیاسا بەدەر نەبووە، بۆیە كاتێك مەرجی خۆهەڵوەشاندنەوەی بۆ دادەنرێت، یەكسەر دەستی دەچێتە خۆیە ساختەكەی و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئێمە ئەمڕۆ لە هەركات زیاتر لە بەردەم ئەم خۆیە درۆزنانەیەداین، كە زۆرترین بانگەشەكەری خودە ساختە و دەمكدارەكانی كردوونەتە جاڕدەری خۆهەڵوەشاندنەوەكەی و خودە ساختەكەی لە نێو "نامە و برووسكە و دەستخۆشیی ساختەی خۆیە درۆزنەكانی وەك خۆی"، نغرۆ كردووە.
هەرگیز چەپڵە بۆ خودێكی درۆزن لێنادرێت، خۆ، خۆی ئەوەندە بەلاوە سووك و كۆیلەیە، كە خۆی هەڵبوەشێنیتەوە. خۆهەڵوەشێنەرەوە، خۆی دەخاتە زبڵدانی مێژووی خودێكەوە كە كێشەی گەورە و پرسیاری گەورەی هەیە لە دنیایەكدا كە ستەم و فاشیزم و دیكتاتۆرییەت بەڕێوەی دەبات.
خۆهەڵوەشاندنەوە تەسلیمبوونە بە لۆژیكی جیهانێكی ستەمكار، كە هەمووان لە هەوڵی ئەوەدان ستەمكاری لەسەر حسابی ستەملێكراوان بەردەوام بێت. بەڵام لۆژیكی ستەملێكراو، بەدوای بەردەوامبوون بەرەو ئەو ئامانجەدا دەڕوات كە لە كۆتاییدا دەیكاتە خودی خۆی. خودێكی ڕەسەن.