نرخی مریشک دابەزی
04:31 - 12/09/2026
زەمەن_هەواڵ
بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆ و ڕاگرتنی هەناردەوە ماوەی یەک هەفتەیە نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە.
خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەڵێن: پێشتر بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما لە ترسی نەخۆشی و لەناوچوونی مریشک لە کێڵگەکانی عێراق بەرهەمهێنان کەم بوو، بۆیە مریشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرا، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی پلەکانی گەرما، کێڵگەکانی عێراق بەرهەمی خۆیان دەخەنە بازاڕەوە و مریشکی کوردستان ناکڕن.
خاوەنی دوکانێکی مریشک فرۆشی بە '' زەمەن''ی ڕاگەیاند: ، ماوەی یەک هەفتەیە نرخەکان دابەزیون، لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا یەک کیلۆ مریشک بە هەزار و ٩٠٠ بۆ هەزار و ٩٥٠ دینار دەفرۆشرێت، لە لایەن فرۆشیارانیشەوە بە دوو هەزار و ٥٠ دینار دەدرێت بە هاووڵاتییان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا مریشک بۆ شارەکانی خوارووی عێراق و وڵاتی سووریا هەناردە ناکرێت.