وتار

پێگه‌یشتنى سیاسى

12/8/2022 5:10:00 PM 124 جار خوێندراوەتەوە
فازڵ میرانی

ئازاربه‌خشه‌ كه‌ ده‌بینى سه‌د ساڵ به‌سه‌ر حوكمڕانى له‌ عیراقى ئێستادا تێپه‌ڕى و ئاستى پێگه‌یشتنى سیاسى داده‌به‌زێت له‌لاى عه‌قڵى حوكمڕان، دواى گه‌شه‌كردنى پێش 1958 ـ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوایه‌، جه‌نجاڵى كێشه‌ دروستكراوه‌كان و به‌رهه‌مه‌ تاڵه‌كانى رووینه‌ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م واقیعه‌ و ئه‌و رابردووه‌ نادروست و ئیفلیجه‌ به‌رهه‌م بهێنێت. 

ئازار به‌خشه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى پێش ئێمه‌ و به‌ گران له‌ سه‌ر ئێمه‌ راوه‌ستا و قورسه‌ به‌سه‌ر نه‌وه‌ى داهاتوو كه‌ عه‌قڵى حوكمڕان تووشى رێبازى پشتگوێ خستن و تێنه‌گه‌یشتن له‌ دروستكردنى بڕیارى دروست و ره‌وا بێت له‌ راستكردنه‌وه‌ى رێڕه‌وى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ده‌سته‌ڵات و جه‌ماوه‌ر به‌ شێوه‌یێك و ناوه‌ڕۆكێك له‌و رابردوو و ئێستایه‌ دوور كه‌وێته‌وه‌ كه‌ به‌ گوتارى به‌تاڵكراو له‌ هه‌ر ناوه‌ڕۆكێكى سوودمه‌ند په‌رده‌پۆش كرابێت. 

هیچ بەربەستێكى فیكرى نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى عه‌قڵى حوكمڕان رێڕه‌وى چه‌وت راستبكاته‌وەو بییگۆڕێت‌ بۆ راست، ئه‌گه‌رنا هه‌بوون و هۆكاره‌كانى مانه‌وه‌ى سوودیان چى ده‌بێت؟ به‌ڵكو ئه‌و مێژووه‌ سوودى چییه‌ كه‌ به‌كارى دێنێت بۆ به‌ شه‌رعیكردنى گه‌یشتنى به‌ ده‌سته‌ڵات؟.

پێگه‌یشتنى سیاسى موعجیزه‌ نییه‌، به‌ڵكو دواكه‌وتنى جێگاى سه‌رسوڕمان و پرسیاره‌، یان ده‌ستنیشانكردنى به‌دینه‌هاتنى كافییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ هانده‌رێك بۆ هه‌ر بۆچوونێكى فیكرى و پراكتیكى بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ رێگر له‌ پێش هه‌ر تاكێك یان گروپێكى پێنه‌گه‌ییشتوو كه‌ بییه‌وێ بۆچوونى خۆى به‌سه‌رماندا بسه‌پێنێت، ئه‌م (به‌سه‌رماندا)یه‌ گشتگیره‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه رۆڵێك ده‌گێڕن كه‌ به‌ تێگه‌یشتن له‌ سیاسه‌ت وه‌سف ده‌كرێت و هه‌روه‌ها ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ى كه‌ ده‌ره‌نجامى نه‌بوون یاخود دواكه‌وتنى ده‌ستكه‌وته‌كانى پێگه‌یشتنى سیاسى ده‌بینێت و دروێنه‌ى ده‌كات.‌ 

هه‌موو شؤرشه‌كان و به‌رهه‌ڵستكارییه‌كانمان و كاره‌كانمان له‌ كوردستان ره‌نگدانه‌وه‌ى مافه‌ خوراوه‌كانمانه‌ كه‌ پێنه‌گه‌یشتنى سیاسى لێى زه‌وتكردبووین. 

بێسووده‌ و مه‌نتیقیش نییه‌ كه‌ عه‌قڵى حوكمڕان دواكه‌وتوویى خۆى چ به‌ ئه‌نقه‌ست یانیش له‌ نه‌زانینه‌وه‌ له‌ پێنه‌گه‌یشتنى سیاسى به‌ راگه‌یاندى ئاراسته‌كراو یان زه‌قكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى پێشینان، قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م چیڕۆكه‌ بێزاركه‌ره‌و قبووڵ نییه‌.

كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان پێشتر و ئێستاش به‌ وریایى و ئاگاوه‌ كارده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ نه‌هێشتنى ئاسه‌وارى مه‌ركه‌زییه‌تى دواكه‌وتوو، به‌ پێشكه‌وتویى كارده‌كه‌ین دوور له‌ فیكرێك كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى ته‌نها به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى ئاستى ئه‌و خراپییه‌ى كه‌ عیراقى ته‌نیوه.‌

 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن