14وتار

واقیعی ناوخۆیی لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان

8/17/2026 12:22:00 PM
فازڵ میرانی


بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، بەتایبەتی هێزە ئەمریکییەکان وەک کاریگەرترین
و گەورەترین پێکهاتەیان، بابەتێکە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت و لە هەمان کاتدا
بووەتە بیانوو بۆ هەندێک هێز. هەڵسەنگاندنی هێزە نێودەوڵەتییەکانی ناو
هاوپەیمانێتییەکە بەو ئاراستەیەیە کە بوونیان گەرەنتی کەرەستەی دوو پرسە،
سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەی گۆڕانکاری و بەردەوامبوونی، لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی
هاوپەیمانان . بەڵام هەڵوێستی فەرمی ناوخۆیی لە نێوان دوو جەمسەردا
دەخولێتەوە، پێویستییەکی واقیعی بۆ بوونیان وەک هێزێک کە ئەو ئەرکانە ڕادەپەڕێنن کە
لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاستیاندا دەستەوەستانن، و لە لایەکی ترەوە بەرگەگرتنی
فشاری هێزە ڕادیکاڵەکان کە لە ڕووی میدیایی و هەندێک جار لە مەیدانیشدا هێرش دەکەنە
سەر ئەم بوونە.

واقیعەکە خۆی ڕووداوەکەی دروست کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و
هاوپەیمانەکانی لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕژێمیان ڕووخاند، ئەگەر ئەوە نەبوایە هەندێک هێز
هەرگیز نەدەگەیشتنە دەسەڵات، و ئەو هێزە نوێیانەش نەدەبوژانەوە کە بەم خێراییە ببنە
خاوەن بڕیار لە ناوخۆدا. ڕەنگە کار و کاردانەوەی ئەم هێزانە تەنها پەردەپۆشێک بێت
بۆ هێزگەلێک کە نایانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ هاوپەیمانان بپچڕێت، ئەوەش بەهۆی
بەرژەوەندیی ڕوون، پێگەی پەرلەمانی و حکومی، و ترسی ئەمنییان لەسەر ژیانی خۆیان.

ئەزموونی سەرپەرشتیکردنی ڕۆژئاوا بۆ پڕۆژەی عێراق سەرکەوتوو نەبوو، ئەمەش نەک بەهۆی
هاوپەیمانانەوە، بەڵکو بەهۆی ئەو پشێوی و جۆری بیرکردنەوەی هێزگەلێکەوە بوو کە
ڕەنگە بڕوایان نەدەکرد ڕۆژێک بگەنە دەسەڵات، یان تێگەیشتنیان بۆ گۆڕانکارییەکانی
زەمەن نەبوو کە چۆن ڕژێمێکی پێشووی پێچایەوە و لەلایەن هێزگەلێکی جدییەوە کۆتایی
پێهێنا و ئەمانی کردە میراتگر. لێرەدا تاقیکردنەوەیەکی جەوهەری هاتە ئاراوە کە کەمن
ئەوانەی تێیدا سەرکەوتوو بوون و زۆرینەش شکستیان هێنا، تاقیکردنەوەکە ڕوون بوو،
سەرکەوتنیش تێیدا قورس نەبوو بۆ کەسێک کە بڕیارەکەی هۆشیارانە بێت و لە مانای
حوکمڕانی بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیی عێراقییەکان تێبگات.

ئەو ئەنجامە بێهیوایانەی بەدەستهاتوون، لە عێراقییەکان شاراوە نین. بارودۆخی ئەمنی
و سیاسی بەهۆی لێوانلێوبوونی لە بەرژەوەندییە تەسکەکان، تێکچووە. بۆ زیاترکردنی
ئازاری عێراقییەکان، میدیای ئاڕاستەکراو بووەتە زمانحاڵێکی بەکرێگیراو بۆ ئەوانی تر
و وەهم و بەڵێنی بێ بنەما دەفرۆشێتەوە. ئەوەی بەدیهات تەنها نوقمکردنی وڵات بوو لە
قەرز و باری دارایی بەهۆی پلانە شێواوەکان کە لە نێوان دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و
پلانی دواکەوتوودا دەخولانەوە. ئەمەش بووە هۆی ئاوسانی دامەزراوەکان و دروستکردنی
دوو جۆر لە گەل، گەلی دەسەڵات کە شوێنکەوتووەکانیانن، و گەلی عێراق بە هەموو
پێکهاتەکانییەوە کە ڕووبەڕووی هەژاری و بێبەشی بوونەتەوە و دەبێت خۆیان و
نەوەکانیان باجی قەرزگەلێک بدەن کە بەشێک نەبوون لە بڕیاری وەرگرتنی، مەگەر تەنها
بەهۆی کەمیی هۆشیاری لە کاتی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەری گونجاو.

زۆربەی ناوچەکانی وڵات لە ڕووی جوگرافی و مەزهەبییەوە دوو جەنگیان بەخۆوە بینی کە
ئەگەر کزیش بووبنەوە، ئاگرەکەیان لە ژێر خۆڵەمێشێکی لەرزۆکدایە جەنگی تائیفی و
جەنگی بەکرێگرتنی ناوچەکان بۆ یەکلاکردنەوەی حسابات. پاشان گەورەترین کارەسات کە
لێرەدا وەک سێیەم کوورەی ئاگر ناوبراوە ئەوە بوو کە وڵات بووە شوێنی هێرشکردنە
سەر دەوڵەتانی تر، دوای ئەوەی هێزە ناوخۆییەکان تێوەگلان لە جەنگی وڵاتانی تردا.

خەسارەتێکی گەورە هەیە کە تەنها ئەو کەسانە هەستی پێدەکەن کە ناچنە ژێر باری وەهم،
ئەویش لەدەستدانی هۆشیارییە لە لای زۆربەی سیاسییەکان و خەڵکدا سەبارەت بەو
گەندەڵیە تەشەنەسەندووەی کە بووەتە خاڵی لاوازی گەورە لە بڕیارە سیاسییەکان ئەگەر
بزانن سیاسەت چییە، لە کایەکانی ئابووری، پلاندانان، ئەمن و خزمەتگوزارییەکاندا.

هیچ دەوڵەتێک خاوەن سەروەرییەکی ڕاستەقینە نابێت کاتێک ببێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ
تێکدانی ئاسایش جارێک بە دەستی کارەکتەری ناوخۆیی کە دەسەڵات نە دەتوانێت
لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات و نە ناویان بهێنێت، و جارێکی تریش بەهۆی وابەستەیی فەرمی
و نافەرمی بۆ بڕیاری دەوڵەتێکی تر کە بەرژەوەندیی خۆی لەسەر حیسابی دەوڵەتە پاشکۆکە
دەوێت.

ئێستا، ئەگەر هاوپەیمانان بکشێنەوە  کە بووەتە بیانوو بۆ زۆرێک کە بوونی ئەوان بە
هۆکار دەزانن بۆ هێشتنەوەی چەکەکانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و دژی سیستەم
ئایا کشانەوە دەبێتە هۆی داماڵینی چەک؟ هەرگیز. چەک ئامرازێکی فشار بووە و
دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و زیادکردنیان.

بە تێگەیشتن لە کاریگەریی ئەزموونی دەوڵەتانی دراوسێ کە هەندێک هێز تێیاندا بازیان
داوە بۆ سەر کورسیی دەسەڵات، و ئەوەی ئەمە دەیگەیەنێت لە جێبەجێکردنی دروشمی
بەرتیل یان مردن، گۆڕینی عێراق بۆ نموونەیەک لەو وڵاتانە، خودی وێرانکارییە.

ئەگەر هاوپەیمانان تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگرییان لە تەقینەوەیەکی گەورەتر کردبێت لەو
ڕۆژەی ڕژێمیان ڕووخاند، ئەوا ئەو ئاڵۆزییانەی کە ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، ئاماژەن بۆ
درز و لێکترازانی گەورەتر ئەگەر عێراق بەتەنها جێبهێڵرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکی
بەڕێوەبردنی وڵاتە دابەشبووەکەی. دامەزراوەکانی تەنها ژمارەیەک فەرمانبەرن کە
سەرگەرمی مووچەن، کەرەستەکانیان لەگەڵ فشارە دەرونیەکان ناگونجێت، و بڕیارەکانیشیان
شوێن ئایدۆلۆژیاگەلێک دەکەون کە لەگەڵ بنەماکانی دەستووردا ناکۆکن.

وەرگێڕانی سەردار پێنجوێنی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن