24وتار

نەخشە کۆمەڵایەتی و جیۆپۆلیتیکییەکان

3/30/2026 2:28:00 PM
فازڵ میرانی

یەکێک لە گرنگترین پێداویستییەکانی کارکردن لە ژیاندا نەخشەیە؛ نەخشە و داتا و زانیارییە پەتییە نوێکراوەکان، یان تەنانەت ئەو نەخشە جیاوازانەی کە تاک لە یادەوەرییدا بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی هەڵیان دەگرێت، چونکە جووڵە هەیە و تەنانەت بۆ قسەکردن و هەڵوێستەکانیش نەخشەی ئەگەرەکان هەن.

هیچ سیستەمێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر ژینگەی دەوروبەری خۆی بە وردی نەخوێنێتەوە، چ لە ناوخۆدا وەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتن لە بیروباوەڕەکانی کۆمەڵگە و سەرچاوەکانی داهاتی، چ پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگە و دەرەوە، یان کۆمەڵگە و دەسەڵات. بە هەمان شێوە، هیچ سیستەمێک سەرکەوتنی ڕاستەقینە (بەو پێوەرانەی کە مەبەستە) بەدەست ناهێنێت ئەگەر لە نەخشەی جوگرافییەکەی و کاریگەریی ئەو نەخشەیە لەسەر سیاسەتەکانی تێنەگات، و بە پێچەوانەشەوە؛ واتە کاریگەریی سیاسەت لەسەر جوگرافیا، جا چ جوگرافیای پەتی بێت یان ئەو تێکەڵاوییە کۆمەڵایەتییەی کە لە سنوورە سیاسییە سەروەرییەکان تێدەپەڕێت (بەهۆی سروشت، مێژوو و ئێستاوە). هەر کەم‌تەر خەمییەک  لەمەدا دەبێتە کێماسییەک بۆ دەزگای سیاسی کە  کە نەیتوانیوە ڕۆڵە نووسراوە یاسایی و تیۆرییەکەی خۆی بگۆڕێت بۆ ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرجەستە لەسەر زەوی.

لە نموونەی عێراقدا، لە ناوخۆدا نەخشەیەکی کۆمەڵایەتی فرەڕەنگ هەیە؛ ڕەنگی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی. ئەم ڕەنگانە بەپێی ڕەزامەندی یان ناڕەزایەتی پێکهاتەکان لەسەر مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵیان، کەم و زیادیان کردووە. لە هەمان کاتدا، ئەم هەمەجۆرییە ناوخۆییە هەمیشە بەستراوەتەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کە لە هەموو لایەکەوە سنوورەکانی وڵاتی تێپەڕاندووە؛ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا و بەرەو سەرەوە بۆ تورکیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئێران، لە باشوورەوە بۆ کوێت و سعودیە و لە ڕۆژاواشەوە بۆ ئوردن. ئەمانە پەیوەندی مێژوویین کە لەوانەیە بەهۆی سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکانەوە کزیان کردبێت، بەڵام هەرگیز نەبڕاون، چونکە کۆمەڵگە قەوارەیەکی زیندووە و لە دەسەڵاتی سیاسی کۆنترە.

لە لایەکی ترەوە، تێگەیشتن لە ئامرازەکانی چالاککردنی هێزە سروشتییەکانی سەرچاوە جوگرافییەکان و تێگەیشتن لە کێش و قورساییان لە بڕیاردا گرنگە. پێویستە حیساب بۆ ئەو فاکتەرە دەسەڵاتدارانە بکرێت کە کۆنترۆڵی جوگرافیای نیشتمانی دەکەن؛ چیاکان، بیابانەکان، دەشت و دۆڵەکان، ئاوەکان (جا هاوبەش بن یان لە دراوسێوە بێن، یان سەرچاوە و ڕێڕەو و ڕێژنیان لە ناوخۆ یان دەرەوە بێت). هەروەها تێگەیشتن لە ئاووهەوا و کەشوهەوا و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە، و چۆنیەتی بەشداری دەسەڵات لە وەبەرهێنان یان دەستەمۆکردنیاندا.

دروستی و سەلامەتی بڕیارەکانی دەسەڵات لەوەدایە کە لە تێگەیشتنێکی قووڵەوە سەرچاوە بگرن بۆ جێبەجێکردن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی نیشتمانی یان بەشداریکردن لە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. مەترسییەکەش لەوەدایە کە بڕیارەکان لەسەر بنەمای ئارەزووی کەسی، یان زانیاریی کۆن و هەڵە و بێکەڵک دەربچن .

📌وەرگێڕانی: سەردار پێنجوێنی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن