11وتار

داناغاز یان گروپی قەیوان و هەڵەبجە

12/15/2025 12:31:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

-مناڵێک پاسکیلەکەی خۆی کردە دیاری بۆ مناڵانی چەمچەماڵ

-ژنيکی کرێچی تەنها (45,000) دینار لە جزدانەکیدا بوو پێشکەشی لێقەوماوانی کرد.

-شێخ فاخیر شێخ تەیب پیاوی ئەركە قورسەكان، خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان (1) ملیار و سەد ملیۆن دیناری كردە دیاری.

-ئاسۆ بامۆكی پیاوی ئاوەدانی شاری كیمیاباران و خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە (400) ملیۆن دیناری كردە دیاری.

ئەزانن بۆچی چەمچەماڵ و گەرمیانیەکان گەورەترین قوربانی دەستی بەعسیەکان بوون و ئەنفال و جینۆساید كران لە دەیەی هەشتاکاندا؟ چونکە گەورەترین هێزی ئینسانی بوون بۆ ڕووبەڕووبونەوە و شکاندنی بەعس، بۆیە بەو دڕندەییە وەڵامی دانەوە.

بەڵام چەند ڕۆژێکە بە هۆی دیاردەیەکی سروشتیەوە خەڵکی چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە تووشی کارەساتێک بوون و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشیش بوون بە ژێر قوڕولیتەوە.

قوڕولیتەی ئەو بە ناو سەرمایەدارنە و ئەو مسولأنەی بە هۆی پرۆژەی نابەرپرسانە و باخە نا قانونیەکانیانەوە ڕێڕەوی ئاویان گۆڕیوە، دەستكاری ماستەر پلانی شارەكەیان كردوە لە بەر بەرژەوندی خۆیان.

چەمچەماڵ-یەک دەڵێ؛ (هاوین تینویەتی دەمانخنکێنی و زستانیش لافاو دەمانخنکێنی)

ئەم قسەیە فەلسەفەیە، هاوینان لە بێ ئاوی خەڵکی چەمچەماڵ و شۆڕش بێ حاڵن و زستانیش  بەو دەردە دەچن؟

کەچی دەبێ خەڵکی کۆمەکیان بکەن.

دەبێ شێخ فاخيری خاوەنی گروپی کۆمپانەکانی قەیوان (1) ملیار و سەد ملیۆن بدات وەکو خۆی دەڵێ: ئەوە بۆ خوایە و ئەرکی منی سەرمایەدارە لە کاتی تەنگاندا پشتیوانی خەڵكی کورستان بم، ئەو هەمیشە لە ئەرکی خێرخوازی و پشتیوانی کەمدەرامەتەكان بە جەرگە.

ئاسۆ بامۆكی (400) ملیۆنی داوە و دەڵێ؛ وەكو هەڵەبجە دڵم بۆ چەمچەماڵ دەسوتێت.

بەڵام ئەی حکومەت ئیشی چیە؟

ئەی (کۆمپانیای داناغاز) کە داهاتی مانگانەی دەیان ملیۆن دۆلارە بۆ نایەت (50) میلۆن دۆلار بدات؟ كە خێر و بێرەكەی هەمووی بۆ ئەوە؟

شارێکی وەک چەمچەماڵ کە لە ڕێگای  غازی کۆرمۆرەوە کارەبای هەموو کوردستان ئەدات، کارەبای (%15)ی عێراق دابیندەکات و غازی (LPG) زۆربەی ماڵان و دامەزراوەكانی دابیندەکات (کە ئەوە جێگای ستایش و دەستخۆشیە) بەڵام خۆ دەبێ (%10) داهاتی زۆر و زەوەندەکەی بۆ خەڵكی ئەم شارە بێت و سەربەرز بژین، نەك تەنها بۆن و دوكەڵەكەی.

بۆچی دەبی میدیا نابەرپرەسەکان دیمەنی ژنان و منداڵان، گریان و شكاندنیان هێندە ڕیکلامی پێوە بکەن، كە خزمەتی خەڵكی لێقەوماو كاری حكومەتە نەك میدیا.

لە جیاتی ئەوە دەبێ خزمەتیان بکەن و ئاوەدانکرنەوی ئەوشارە پێش هەموو کەس بخەنە ئەستۆی دانا غاز و حكومەت. دەبێ حکومەت و بەرپرسەكان تەنها بۆ یادی ئەنفال نەچنە ئەو شارە؟

(2)
كوا تابلۆكەی ڕامبرانت؟

كوا تابلۆكانی قازی محەمەد، شێخ مەحمود و چوار ئەفسەرەكە؟!

وڵاتی سربیا لە سەردەمی سلۆبۆدان ملیۆسۆڤیچ دا و لەشەڕی ناوخۆی نێوان سربیا و موسڵمانەكانی بۆسنە، لەلایەن هاوپەیمانی ناتۆ-وە ئابڵوقە درابوو، بەدرێژایی (88) ڕۆژ لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانی ناتۆ-وە كۆشكەكانی بۆردومانكرا و بوە هۆی قەتڵ و عام و وێرانكاریەكی زۆر (جگە لە كۆشكێكی ملیۆسۆڤیچ كە بۆردومان نەكرا و مەبەستیان نەبوو بۆردومانی ئەو كۆشكە بكەن) كە خودی ملیۆسۆڤیچ لەوێدا بوە (دەزانن بۆچی...؟؟!)

(لە كۆتایی ئەم نووسینەدا، هۆكارە نا ئینسانی و جینایەتكارانەیتان پێ دەڵێم)...

ئەم كارەی ناتۆ لەژێر ناوی دیفاع لە موسڵمانەكانی بۆسنە و هەرسك و كۆسۆڤۆ ڕێگای دا توخمە تاوانكارەكان لەناوەوە، بەردەوام بن و زۆر بن.

چونكە ناتۆ نرخ و قیمەتی تابلۆیەكی ڕامبرانت-ی نیگاركێشی هۆڵەندی زۆر لا گرنگتر بوو، لەبەرئەوەی تابلۆی ڕامبرانت بوو.
*   *   *

نوێكردنەوەی ڕێڕەوی دەروازەی شەقامی مەولەوی سلێمانی، كارێكی زۆر باشو و نایاب بوو، بەڵام تابلۆكەی (سەرۆككۆمار قازی محەمەد) چی لێهات؟ خۆ هیچ زەرەری لە كەس نەدابوو؛ بەڵكو هەستی ئینسانی شۆڕشگێر و پەیوەندی ڕۆژهەڵات و باشوری نیشاندەدا.

كە سلێمانی، قازی محەمەد و سەرۆككۆمارەكەی وەكو سیمبوڵ و ڕەمزی كورد و نیشتیمانی نیشاندەدا و لە ئێخەی شاری دابوو.

خەڵكی كە بەو شەقامەدا تێپەڕ دەبن، هەست بە نامۆییەك دەكەن، هەست بە كەمییەك دەكەن.

دەپرسن؛ ئەم تابلۆیە، ئەم ڕەسمە، ئەم وێنەیەی (قازی محەمەد) چی لێهات؟!
*   *   *

پەیكەرێكی سپی چوار ئەفسەری شۆڕشگێری كورد كە بە (چوار ئەفسەرەكە ناسراون) دەمێك ساڵ بوو لەبەردەرگای باخی گشتی ساڵانێكی زۆر خۆی نمایش دەكرد، كە خانەوادەكەیی و خەڵكی سلێمانی و كوردستانیش پێی خۆشحاڵ بوون، كە ڕێز لە تێكۆشەر و سەركردەكانیان دەگیرێت.

بەڵام لە پڕدا لابرا و ونبوو، بۆچی و كێ لایبرد؟
*   *   *

حاڵەتی سێهەم و باسی ئەسڵ ئەوەیە؛ دەیانەوێت سەرای سلێمانی (سەرای ئازادی و مەیدانی ئەیلولی ڕەش...) بڕوخێندرێت و بە فۆڕمێكی مۆدێرن دروستبكرێتەوە. ئەوە كارێكی باشە؟ جێگەی دەستخۆشییە.

بەڵام ئەی چایچییەكانی ئەو سنورە بۆ كوێ بچن؟ ئەی كتێب فرۆشەكانی ئەو سنورە چیان بەسەر دێت؟ ئەی ئەو گەنج و پیرانەی ڕۆژانە لەوێ بە نامۆیی و نیگەرانییەوە دەڕواننە شار بۆ كوێ بچن؟

ئەی پەیكەر، ڕەسم و هەیكەلی وێنەكەی شێخ مەحمودی نەمر، چی لێدێت؟
*   *   *

با لە كۆتاییدا -پێتان بڵێم بۆچی ناتۆ- كۆشكەكەی ملیۆسۆڤیچ-ی بۆردومان نەكرد (چونكە تابلۆیەكی ڕامبرانت لەو كۆشكە دا بوو، ناتۆ نەیدەویست بفەوتێت، بسوتێت، چونكە پارەی دەكرد وەكو سەرمایەی ئەورووپی سەیریان دەكرد، دەكرێت لەو (88) ڕۆژەدا هەزاران كەس كوژرابن، بەڵام نرخی تابلۆكەیان، لاگرانتر بوو لە خوێنی هەزاران موسڵمانی سربی و بۆسنی غەدرلێكراو.

بۆیە تكایە وێنە، ڕەسم و پەیكەرەكانی (قازی، چوار ئەفسەرەكە و شێخ مەحمود) بگەڕێنەوە شوێنی خۆی...!؟

 (3)
د.بەرهەم ساڵح بۆ سكرتێری (نەتەوە یەكگرتوەكان-UN)

د.بەرهەم ساڵح وەكو كورد بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری پەنابەران، جیا لەوەی یەكەم پۆستی كوردە لە ئاستێكی وا گەورەدا، دەرچوونی بەرهەم ساڵح-ە لە سنوری سیاسی هەرێم و عێراق زیاتر لە ناوچەیی و پەڕینەوە بۆ جیهانی گڵۆباڵی سیاسەت و دیبلۆماسی و پەیوەندی، ڕەنگە د.بەرهەم جیا لەوانە چاوی لە پۆستێكی گڵۆباڵ و ئینتەرناسیۆناڵ و جیهانی وەك سكرتێری نەتەوە یەكگرتوەكان-یش بێت، كارەكەش هێندە قورس نییە، گەر لەم ئەزموونەدا سەركەوتوو بێت.

لە ئاستی ناوخۆیشدا جیا لە بەڕێز مەسعود بارزانی، یەكێتی بە ڕەسمی پشتیوانی خۆی دەرنەبڕیوە و پیرۆزبایی لێنەكردوە، دیارنییە هۆكارەكەی چییە، لە كاتێكدا بەرهەم ساڵح هێشتا ڕاینەگەیاندوە كە یەكێتی نەماوە، هێشتا چانسی ئەوە ماوە پیرۆزبایی لێبكرێت.

(4) 
پاش پاشەكشە (پەكەكە-دۆلاری سپی) وەرناگرن

لە كاتێكدا (پەكەكە) گەریلاكانی لە (باكور، زاپ، گارا، مەتینا، ئاڤەشین، تونێلەكانی سنور) بە خاتری پڕۆسەی ئاشتی پاشەكشە پێدەكات، زۆرینەیانی گواستونەتەوە بۆ (هەرێمی ئاسۆس، قەڵادزی، شارباژێڕ، پێنجوێن، هەورامان، ئامێدی و ...).

بەڵام بابەتەكە ئەوەیە، لەو شوێنانە (پەكەكە) گومرگی كاسبكارانی سەر ئەو سنورانە دەكات (ئەوانەی مامەڵەی مەڕوماڵات؛ كارەبایی، خواردن...) دەكەن، بەڵام ئەوەی عەجیب و غەریب و ناهەقییە، گومرگی بێ پسوڵە و زۆرەملێ. لەوەش هەزەلیتر (دۆلاری سپی وەرناگرن، دەبێ شین بێ، هەزار دیناری وەرناگرن دەبێ 25 یان دە هەزاری بێ) ئەگەر كاسبكارێكیش هەڵەیەك بكات لەجیاتی (15 هەزار دینار 75,000 دینار غەرامەی زیاتری دەكەن). كاسبكارەكان دەڵین (خۆش شۆڕش و پڕۆسەی ئاشتی) ئەوە لە كاتێكدایە پاسەوانی سنوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ دەنگن.

 (5)
دادگایی كەیسی ئۆتۆمبێلە علوجەكان

ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان یان علوج، بێ دایك و باوك، مەلیكە، شاهێن (بەزمانی شەقام) بونەتە مایەی نائارامی، پشێویی و بەرەڵایی، جیا لە ڕەفتاری ناشیرین، لێخوڕینی خێرا، لێدان لە كامێرا، فول لێدان و هەراسانكردنی شۆفێرانی تر بەتایبەتی ژنان.

ناسینەوەشیان جیا لە ژمارەكانیان، مۆدێلەكانیان و فڕكە فڕكیان ئاسانە بەوەی (فول لێدان، قۆڵ دەرهێنان، تیژڕەوی، گۆرانی ئارام شەیدا و شیروان عەبدوڵڵا بە دەنگی بەرز، لە سادەترین سیفاتی ئەم شۆفێرانەیە).

هەموو ئەمانەش حساب نەكردنە بۆ یاسا و پۆلیسی هاتوچۆ، سەرەتا لەلایەن ئاسایشەوە، بەهیچ جۆرێك ڕێگایان پێ نەدەدرا بێنە ناوشار (كە هەنگاوێكی زۆر باش و جێگەی تقدیر بوو) بەڵام دواتر خەڵكانی تر بە نایاسایی دەخالەتیان كرد.

جارێ دەبێ ئەو (چەند كەسەی) كە ئەم ئۆتۆمبێلانەیان داخڵی كوردستان و سلێمانی كرد بۆ چەند ملیۆن دۆلارێك، پێش هەموو كەس دادگایی بكرێن (كە چەند بەرپرسی حیزبی و حكومی) بوون، ئەم كارە نایاساییەیان كرد، دواتر دەبێ یان ڕێگایان پێ نەدرێت بێنە سەرشەقام، یان فۆڕمێكی قانونیان پێ بدرێت، ئەگەرچی بەشێكی كەسایەتی خاوەنی ئەم ئۆتۆمبێلانە یاساش ناتوانێ چاكیان بكات، چونكە حەزیان لە بێ نەزمی و بەرەڵایی، پشێویی و فەوزایە.

(6)
فەوزای ماتۆڕەكانی طلبات (تەڵەبات)

لە شارەكانی كوردستان (دیلیڤەری) یان گەیاندنی خواردن بە ماتۆڕ، بۆتە دیاردە و قەرەباڵخیەكی بێ سەروبەرە، شێوازێك لە بەرەڵایی دروستكردوە.

ئەم ماتۆڕانە، كە هەندێكیان مۆڵەتیان نییە بۆ كۆمپانیای (طلبات-تەڵەبات) كاردەكەن لە ئۆتۆمبێلە علوج و بێ سەرەتاكان خراپترن.

هیچ كات پابەندی هاتوچۆی شەقام نابن، لە كوێ كون و كەلەبەرێك هەبێت لە ڕاستەوە بۆ چەپ و بەپێچەوانەوە دێنە سەر شەقامەكان و بەخێرایەكی زۆر بە لایتی فول و بێ قانونی، بە حساب كاسبی دەكەن.

جارێ پێش ئەوان دەبێ كۆمپانیای (طلبات) لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت بۆ ئەم هەڵسوكەوتە نامەدەنیانەی ماتۆڕ و بریكارەكان و كارەكانی، دواتر دەبێ پۆلیس و هاتووچۆ ئەم بەرەڵاییە ڕابگرن، چونكە جگە لە بێ نەزمی تا ئێستا دەیان گەنجیان گیانیان لە دەستداوە و سەدان حاڵەتی پێكدادان و كارەساتیان دروستكردوە و دیمەنی شاریشیان ناشرین كردوە.

بێگومان چ ماتۆڕەكان چ ئۆتۆمبێلەكان، مافی كاسبی و گوزەرانیان هەیە، بەڵام نەك لەسەر حسابی خەڵكی و تێكدانی شەقام...


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن