30وتار

چارەنووسی پەكەكە و قەندیل پاش كۆنگرەی (12)؟

5/27/2025 9:52:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

بەشی یەكەم - نیو سەدە خەبات
پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) لە ڕۆژانی (5-7/5/2025) لە كۆنگرەی (12)ی خۆیدا، كۆتایی بە شۆڕش و خەباتی چەكداری و گەریلایی هێنا و خۆی هەڵوەشاندەوە و بڕیارە ناوی ڕەسمی حیزبەكەش (KCK-PKK) لە خۆی داماڵێ.
تەوقەكردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ دەم پارتی و دیداری ئۆجەلان پاش (43) مانگ گۆشەگیری و سەردانی وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و سەردانە چەندین جارەكانی ئاردۆگان، باخچەلی، هاكان فیدان و كالین بە نهێنی بۆ ئیمراڵی، بەناچاری ئۆجەلانی خستە ژێر فشارەوە تا لە (27/2/2025) خۆی دەرخات و باس لە هەڵوەشانەوەی پەكەكە و چەك دانان بكات و دواتریش پەكەكە لە پلینیۆمێكدا بە تەم و مژاوی ڕاگەیاندنێكی دا و لەوكاتەوە بەردەوام دەوڵەتی توركیا، جەخت لەوە دەكەنەوە، كە دەبێ پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
(ئەو هەموو لێدوانانەی ئاردۆگان، باخچەلی و هاكان) ئاماژەبوون بۆ ئامادەگی ئۆجەلان بۆ ئەو خواستانەی ئەوان و هەوڵيانداوە لە ڕێگای خودی ئۆجەلانەوە كۆتایى بە پەكەكە بهێنن.
(پەكەكە) بە نابەدڵی و لەژێر گوشاری زۆری (ئۆجەلان، دەم پارتی، ئاردۆگان و ئەمریكا) كۆنگرەی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە، بەبێ ئەوەی پرس بە دۆستەكانیان و بەهێز و حیزبە سێبەرەكانی خۆشیان بكەن، بۆ ئەم پرسە گرنگە و تەنانەت بۆچوونی (KNK)شیان وەرنەگرت كە بۆ هەموو پرسێكی پەیوەست بە پەكەكە سەدان كۆنفڕانس و دیدار و كۆنگرەیان سازدەدا. ئەوەش هەر لەژێر فشاری ئۆجەلاندا بوە.

پەكەكەى بێ تێزی (ماركسیست-لینینیست) و (دەوڵەت-نەتەوە)
ئێستا پەكەكە وەكو هێزێكی (بێ تێزی ماركسیست-لینینیست) بێ تێزی (دەوڵەت-نەتەوە) بێ مارش و مانێفێستی (باكور، باشور، ڕۆژهەڵات، ئاپۆ سەرۆكی وڵات) بێ تێزی دەوڵەتی سەربەخۆی چوارپارچەی كوردستان، ژیان دەكات، لە شوێن ئەو پرس و مانێفێستە دا (وەكو هێزێكی یەكپارچەی باكور) تێزی (خۆسەری دیموكراسی) مافی كلتوری-ڕێكخراوەیی مەدەنی و ئازاد، هێزێكی بێ چەك و تاساو دەست بە خۆسازكردن دەكات، بۆ كۆتایهاتن بە شۆڕش، بەم پرسە توركیا هەندێك لە ئامانجەكانی بەدیدێنێت یان كار بۆ ئەو ئامانجانە دەكات بەوەی:
- كارتی فشار و ئەگەری دروستبوونی هەرێمێكی فیدراڵی یان خاوەن دەستكەوت لە ڕۆژئاوای كوردستان پەكدەخات، واتا یەكەم قوربانی پڕۆسەی بەناو ئاشتی نێوان توركیا و پەكەكە، ڕۆژئاوای كوردستانە.
- خۆداماڵین لە چەك و ڕادەستكردنی چەكەكانیان بەلایەنی سێیەم كە زۆرتر عێراق و یەكێتی و پارتی بەو كارە هەڵدەستن لە چەند ناوچەی وەك (ڕانیە بادینان، كۆیە، كانی ماسی...) بەچەند قۆناغ كە خۆی لە (4000-5000) پارچە چەكی (3500-4000) گەریلا دەبینێتەوە.
- ڕێگانەدان بەو سەركردە و كادیرانەی پەكەكە بە گەڕانەوەیان بۆناو توركیا كە لەناو لیستی تیرۆری توركیا دا، ژمارەیان (116) كەسە كە بە ناوی (جەمیل بایك) دەستپێدەكات و بە (فاتمە نارچین) كۆتایی دێت، وابڕیارە بگوێزرێنەوە بۆ وڵاتی ئەلبانیا یان وڵاتی سێیەم.
- كۆتایهاتن بەكاری سیاسی و چالاكی حیزبی و ڕێكخراوەیی (32) سازمان و حیزب و ڕێكخراوە سیاسی و سەربازی دروستكراوی (پەكەكە) لە هەرچوار پارچەی كوردستان و ئەورووپا، كە وابەستەی فەلسەفەی ئاپۆییزم بوون.
- كۆتایهاتن بە كامپی چالاكی مەخمور و پێگە و نفوزی پەكەكە لە شەنگال، (یەبەشە).
- پەكەكە وەكو كارتی فشاری چەند دەیەیە لەژێر هەژموونی ئێران ڕۆڵ دەگێڕیت بۆ هاوسەنگی هاوكێشە سیاسییەكان.
- هێنانە خوارەوەی پەكەكە لە قەڵای شۆڕش و جێگە و پێگەی حەتمی و حەیاتی لە ژیانی خۆیدا، بەڵام (ئەگەر ئینشقاق) ڕووبدات یان ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی هێزێكی تردابێت ئایدیۆلۆژیایەكی جیاوازتر لە پەكەكە.
- كۆتایهاتن بە خەونی گەیشتنی پۆستی سەرۆككۆماری جەهەپە لە ڕێگای كۆتایهێنانی كورد و دەم پارتی.

پەكەكەى پێش و دواى (5)ى ئايار
بەم شێوەیە لێرە بەدواوە (پەكەكە)ی پێش (5)ی ئایار، پەكەكەی دوای ئەو مێژوە نییە، ئەگەرچی هەرگیز هەموو پەكەكە بەو بڕیارانەی كۆنگرەی دوانزە و بڕیارانەی ئۆجەلان ڕازی نابن و لەم كاتەدا دوو ئەگەر واردە:
یەكەم: باڵێكی (پەكەكە) بەتایبەتی باڵی ڕادیكاڵ سەر بە ڕووسیا بەشێكی تر لە فەرماندەی سیاسی و نیزامییەكان، درێژە بە خەباتی چەكداری دەدەن، لەژێر ناوی (كەجەكە-KCK) و تەسلیمی ئەو بڕیارانە نابن و بەمكارە توركیا و ئۆجەلان بە ئامانجەكانیان ناگەن.
دووەم: گەر زۆرینەی پەكەكە-ش بڕیارەكە قبوڵ بكەن، حیزبێكی تر وەكو ئەڵتەرناتیڤ لە قەندیل دروست دەبێت و درێژە بە شۆڕش و خەباتی چەكداری دەدات، لەژێر هەژموون و تێزی خۆسەری دیموكراسی، فەلسەفە و ڕابەرایەتی ئاپۆییزم دێتە دەر و ئێران سەپۆرتی سەرەكی دەبێت و بەشێك لە سەركردایەتی و گەریلاكانی پێشووی پەكەكە پێوەی پەیوەست دەبن.
واتا لە هەردوو حاڵەتدا توركیا ناتوانێت بە هەموو ئامانجەكانى بگات و ئۆجەلانیش ناتوانێ هەموو پەكەكە بە بڕیارەكانی ڕازی بكات.
ئێستا و دوای پەیامەكانی كۆنگرەی (12) ئۆجەلان لەوە تێگەیشت، ئەمكارە بەبێ گەرەنتی و حضوری لایەنی سێیەم و (UN) بانگەوازی چەكدانان كارێكی هەڵەبوو، چونكە سەركردایەتی حیزبەكە تووشی گرفتی ناوخۆیی و ئینشقاق دەبێت و لە ناوخۆی توركیاش لەلایەن گەلی كوردەوە هیچ پێشوازییەكی لێ نەكراو هاوڵاتیانی توركیش دژی بوون، بەمكارە توركیا، ئۆجەلان و پەكەكە، ئیمراڵی و قەندیل قودسیەت و پیرۆزی نێوان زیندان و شۆڕشی شكاند، كە یەكێك لە ئامانجە گەورەكانی بوو.

دوو ڕەهەندى بەردەم پەكەكە
چونكە ئێستا پەكەكە دوو ڕێگای لەبەردەمدایە:
- یان چەكدانان، خۆ تەسلیم كردنەوە، كۆتایی شۆڕش و خەباتی چەكداری پەكەكە، قبوڵی هەموو بانگەوازەكانی ئۆجەلان.
- یان ڕەتكردنەوەی بۆچوونەكانی ئۆجەلان ئەو هەنگاوانە و درێژەدان بە خەباتی چەكداری، كە ئەوەش شكاندنی قسەكانی پێغەمبەری ڕووحی و كارێزماتیكەكەیانە، ئەوەش بۆ ئۆجەلان زۆر قورس تەواو دەبێت، بەڵام لەهەردوو حاڵەتەكەدا توركیا براوەیە و بەشێك لە ئامانجەكانی دێنە دی، چونكە ساڵی (1998) بە دەرپەڕاندنی ئۆجەلان لە سووریا هەنگاوێكی گەورەی نا، بە دەستگیركردنی لە كینیا لە (2ی شوباتی 1999) هەنگاوێكی گەورەتری نا، بەڵام بۆی دەركەوت، ئەم كارە پەكەكە تەواو ناكات، بەڵكو پاش (26) ساڵ زیندانی ئۆجەلان لە ژووری (F) لە زیندانی ئیمراڵی كاریان لەسەر كردوە، كە هەر لە ڕێگای خۆیەوە لەژێر ناوی پرۆسەی ئاشتی، ئەجێنداو پلانەكەیان بە ئامانج بگەیەنن، بەوەی ڕەمزی شۆڕش، ڕەمزی زیندان، ڕەمزی قەندیل و باوكی ڕووحی شۆڕشی باكور و قەندیل، مانێفێستوی ئاپۆییزم هەر خۆی ئەجێنداكە تەواو بكات.
جیا لەوانە ئەنكەرە لە قۆناغی تازەی حوكمی (AKP) كاری گەورەی ئەنجامدا و بە پلانێكی درێژخایەن زۆرینەی نەیار و دوژمنەكانی كۆتایی پێ هێنا.
- كۆتایی بە هەژموونی ئەرگەنەكۆن هێنا.
- كۆتایی بە مەترسی كودەتای عەسكەر هێنا.
- كۆتایی بە مەترسی فەتحوڵڵا گوللەن و دەوڵەتی قوڵ لەناو سوپا و دەوڵەت هێنا.
- مەترسی هاوپەیمانی (CHP) و دەم پارتی كوردی بۆ هەڵبژاردنی (2028) كۆتایی پێ هێنا لەدوای خستنە زیندانی (ئەكرەم ئیمام ئوغڵو)
- دواین مەترسیش لەبەردەم (AKP) دا، پەكەكە بوو، كە هەنگاوێكی هێندە گەورەی نا، هیچ كام لە هێزە تۆتالیتارەكانی پەنجا ساڵ پێش خۆی، نەیانتوانی ئەو كارە بكەن لەڕێگای شەڕ و ئۆپەڕاسیۆنەكانەوە.
واتا توركیا بەمكارەی گەورەترین نەیاری ناوخۆیی، گەورەترین مەترسی سەر توركیای كپ كرد، یان بێ هێز كرد (نەك لەناوی بردبێت).
پارچەكانی كوردستان و دەرچوون لەژێر مانێفێستوی ئاپۆییزم
پاش ڕاگەیاندنی كۆنگرەی (12) هێزە سێبەرەكانی پەكەكە لە پارچەكانی كوردستان، تووشی شۆك بوون، بەڵام چاوەڕوانی بارودۆخەكەیان كرد.

ڕۆژئاوای كوردستان:
- ڕۆژئاوای كوردستان؛ كە پێكدێت لە دوو باڵی جیا (هێزەكانی سوریای دیموكرات) وەكو هێزی دیفاكتۆ، كە ئێستا نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات هەر زوو وتیان؛ كارەكە باشە، بەڵام پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە چەك دانانێین، مەزڵوم عەبدی پێشوازی لە كارەكە كرد، بەڵام پێناچێت بە مەسەلەی چەكدانان ڕازی بێت، بەتایبەتی كە ئەمریكا ئەمكارەی دەوێت، فەڕەنسا و ئینگلیزەكان پێشوازی لە خۆرئاوای كوردستانی بێ پەكەكە و ئۆجەلان دەكەن بۆ قۆناغی داهاتوو، -بەڵام ڕێك بە پێچەوانەوە ئیسرائیل، عێراق، ئێران و ڕووسیا لەم هەڵوێستە تازانەی عەبدی و (هەسەدە) نیگەرانن لە نەمانی وابەستەگی بە پەكەكەوە- (دواتر لە شوێنێكی تر بە درێژی باسی كاریگەری ڕووسیا، ئێران، عێراق، ئەرمینیا و یۆنان، قوبرس، بولگاریا...) لە پرسی پەكەكە و توركیا دەكەم، كە نیگەرانن لە بانگەوازەكەی ئۆجەلان و چەكدانانی پەكەكە و نەمانی پەیوەستەگی ڕۆژئاواو و عەبدی بە ئۆجەلان و پەكەكە.
بەڵام لایەنی دووەم لە ڕۆژئاوا كە پێكدێت لە (پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD)، (یەكینەكانی پاراستنی ژنان -YPJ)، (یەكینەكانی پاراستنی گەل -YPG) هێزە سێبەرەكانی تری ڕۆژئاوای كوردستانی پەكەكە، كە حیزبی سیاسی جیان، بەڵام ئاپۆیین، لەگەڵ پڕۆسەكەن و مخالیفی بۆچوونەكانی عەبدی و  هەسەدەن
ڕۆژهەڵاتی كوردستان:
- پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)، كە كاتی خۆی بە هۆكارێكی عاتفی عوسمان ئۆجەلان لە (4/4/2004) دروستیكرد بۆ كوردەكانی ئێران لە دژی كۆمەڵە و دیموكرات و (35%)ی هێزی گەریلای پەكەكە پێكدێنێت و لە پەیوەست بەم پرسەوە ڕۆژی (20/5/2025) ئەمیر كەریمی هاوسەرۆكی پژاك ڕیگەیاند؛ ئێمە چەك دانانێین، لە پاڵیدا (كۆدار-كۆمەڵگای دیموكراتی ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-KODAR) و (یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە)-YRK) و (كۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-KCR) و (پارتی ژنانی ئازادی كوردستان (PAJK) كە هەموویان وابەستەگیان بە كۆدارەوە هەیە و گروپی ئاپۆچی ڕۆژهەڵات دەناسرێن.
ئەو هەڵوێستەی هاوسەرۆكەكەیان، یەكسان نییە بەوەی لە ئاكامدا پژاك چی دەكات، چونكە پەكەكە باوەڕی وابوو، گەر پەكەكە چەك دابنێت، دەتوانێت هێزەكانی تێكەڵی پژاك بكات و لەگەڵ توركیا لە سیناریۆی بەكارهێنان پژاك دژی ئێران سود وەرگرێت، وەكو چۆن لە سوریا لە ژێر ناوی سوپای نیشتیمانی سوریا ئەوكارەی دژی ڕژێمی سوریا كرد.
بەڵام هەم ئێران هێندە بێ ئاگا نییە، هەم بەشێك لە ڕابەرانی پژاك ئەوە قبوڵ ناكەن دەبێ ئەوەش بڵێم تەنها لەیەك هەفتەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆنگرەی (12)ی پەكەكە زیاتر لە (400) گەریلای پەكەكە لە سنووری قەندیل و هەرێمی مەدیا هاتوونەتە سنووری سەردەشت و بانە لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ناوچەكانی گمۆ و ئالانی ئەم دیوو جێگەیان گرتوە، كە سەر بە هەرێمی (ئاسۆس)ی پەكەكەیە و زۆرتر لە لایەن پژاكەوە ئیدارە دەدرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن