94وتار

ڕاوى تارمايى

9/28/2024 9:29:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

كوشتنی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا لوبنان، گرنگترین هەواڵی میدیاكانی جیهانە لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئەوەش بەدوای ئیسماعیل هەنییە و قاسم سولەیمانی، سێ لێدانی گەورەیە لە پێگە و نفوزی ناوچەكانی (میحوەر).
ئیسرائیل بۆ وادەكات؟
بەدوای ڕووداوەكانی (7)ی ئۆكتۆبەری شەڕی نێوان حەماس و تەل ئەڤیڤ لە غەززە، نەتانیاهۆ-ی سەرەك وەزیران بڕیاریدا شەڕ ڕانەگرێت تا بەدیهێنانی ئامانجەكانی، غەززەی وێرانكرد و كەسی یەكەمی حەماسی لە ناو دڵی بەهێزترین دۆستی خۆی (تاران) لە پرخەی خەودا تیرۆركرد.
بەوەوە نەوەستا، هێرشی بۆسەر سەفارەتی ئێران لە سووریا و كوشتنی سەدان بەرپرسی ئەمنی و عەسكەری (حیزبوڵڵا، حەماس، جیهاد، لە سووریا، فەڵەستین و لوبنان).
دواترینیش تەقاندنەوەی هەزاران ئامێری پەیوەندی (پەيجەر و ئۆكيتۆكى) حیزبوڵڵا بوو، كە بوو بە هۆى كوشتن و برینداربوونی سێ هەزار كەس.
شەوی ڕابردووش كوشتنی بەهێزترین كارەكتەری شیعی-ئێرانى-لوبنانى، كە گەورەترین مەترسی بوو لەسەر ئیسرائیل.
نەسروڵڵا-حیزبوڵڵا، حكومەتی ئەمنی و عەسكەری سێبەری بەیرووت بوون، نەك حیزبێكی ئاسایی. ئەوان سێبەری تاران بوون لە لوبنان و هەڕەشەی گەورەبوون لە سنووری ئیسرائیل.
ئەوەی كە ئیسرائیل بۆ وادەكات! چەند فاكتەر هەن:
یەكەم: دۆست و میحوەرەكانی ئێران بەتایبەتی ڕووسیا، سەرقاڵی شەڕی ئۆكرانیایە و چاوپۆشی لە هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات.
دوەم: واشنتۆن و یەكێتی ئەورووپا، ناڕاستەوخۆ، سیاسی و ئەمنی، هەواڵگری، ماددی، سەربازی پشتیوانی تەل ئەڤیڤن، بەڵام دەڵێن؛ "نەتانیاهۆ-مان پێ ڕاناگیرێت..."، بەڵام ئەوە هەقیقەتی بابەتەكە نییە و شەڕی ئەوان دەكات لەگەڵ تاران.
سێیەم: تەل ئەڤیڤ تێگەیشتوە و سیگناڵەكانی تارانی خوێندوەتەوە كە بەهیچ جۆرێك نایەوێت بچێتە شەڕی ڕاستەخۆی ئیسرائیلەوە، چونكە ڕادەكێشرێت بۆ شەڕی بەرنامە بۆ داڕێژراوی چەند ساڵەی ئەمریكا و ئەورووپا. ئیسرائیل كاتێ لەوە تێگەیشت كە ئێران لە كوشتنی هەنییە لە ماڵەكەی خۆی نەهاتە جواب، ئەوە دەزانێت كە لە باشووری لوبنان پێناچێت لەسەر نەسروڵلا وەڵامێكى هەبێت، وە ڕەنگە هێرشەكانيشى لە باشوورى لوبنان هاوشێوەى وێرانكردنى غەززە بێت و پەلامارى ناوبەناوى حەشدى شەعبى بدات و لە سوريا-ش شەڕانى تر دەركەوێت.
چوارەم: ئەم هێرش و تيرۆرانەى تەل ئەڤيڤ لەم ساتەدا هاوكاتە لەگەڵ دەستبەكاربوونى پزيشكيانى ميانڕەوى ڕيفۆرمخواز، كە لە هەوڵى لابردنى گەمارۆكانى سەر وڵاتەكەى و باشتركردنى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەمريكا و ئەورووپادايە، بەمەبەستى دەربازبوونى تارانە لە قەيرانەكان.
مێژووی تیرۆری سەركردەی سیاسی، پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنووسی لوبنان، مێژووی خوێناوی دورودرێژى هەيە.
(16/3/1977) تیرۆركردنی كەمال جۆنبوڵات، (3/8/1977) تیرۆری سەید موسا سەدر لە لیبیا، (14/9/1982) تیرۆركردنی بەشیر جەمیل، (1/7/1987) تیرۆركردنی ڕەشید كەرامی سەرەك وەزیران، تیرۆری سەمیر قەسیر، جۆرج حاوی، وەلید عیدۆ پەرلەمانتار، بیار ئەمین جەميل وەزیر، ئەنتوان غانم پەرلەمانتار، (2005) تیرۆركردنی (ڕەفیق حەریری...).
واتا بەیروت، هەمیشە مەیدانی شەڕ و تەراتێنی نێوان (ئیسرائیل، تاران، دیمەشق، فەڕەنسا، ئەمریكا) بوە، بەڵام دەركەوتنی حیزبوڵلا لە (1982) بە دروشمی (یەكبوونی ئیسلامی، دوژمنایەتی ئیسرائیل، بەهێزكردنی جیهادی شیعەكان، دوژمنایەتی خۆرئاوا و ئەمریكا، لە پاڵ هاوپەیمانەكانی (بزوتنەوەى ئەمەلى شیعی، حوسییەكان، حەماس، حەشدی شەعبی و بەرەی پۆلیساریۆ،...)).
نەسروڵڵا وەكو كەسایەتییەكی شیعی دەورونەخشی زۆری هەبوو لە بەهێزكردنی پێگە و نفوزی تاران لە لوبنان، هەربۆیە دەیووت؛ "من تەنها سەر بۆ خوا و خامنەئی دادەنەوێنم و هیچ كەسی تر".
ئەمە وایكرد حیزبوڵڵا- بودجەی ساڵانەی یەك ملیار دۆلارى هەبێت و ببێتە خاوەنی زیاتر لە (20.000) سەرباز و خاوەنی (50.000) موشەكی گەورە و بچووك و هەراسانكردنى ئيسرائيل و باسكى بەهێزى هيلالى شيعى.
بە كوشتنی نەسروڵڵا، نەتانیاهۆ بۆتە پاڵەوانی جەنگی گروپە دژ بەرەكانى و مێژووى گەنجێتی خۆی بۆ جولەكەكان نوێكردەوە كە دەیووت؛ "هەر كەس لە هەر كوێی دونیا بێت، دژی جولەكە و ئیسرائیل بێت، لێی خۆش نابم".
بە كوشتنی نەسروڵڵا، سەردەمێكی نوێ لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و ململانێكانی تەل ئەڤیڤ و هاوپەيمانەكانى، میحوەر و هاوپەيمانەكانى پێكدێت و ڕەنگە دواین ئامانجی دەستنیشانكراوى داهاتووى ئيسرائيل وەكو سەركەوتنێكى تر، لەسەر مێزی موساد تاوتوێ بكرێت.
ئەم ڕووداوە خێرايانە لە ناوچەكە پێدەچێت بە ئاڵوگۆڕى گەورە پێ بنێتە ساڵى نوێ، گرنگ ئەوەيە كورد لە كوێى ئەم ڕووداوانە دايە، كە دەتوانێ بەشێك بێت لە هاوكێشەكان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن