140وتار

جوانکردن، یان تێکدانى شارى سلێمانى؟

5/29/2024 6:31:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

شاخ و گردەکانى ئەزمەڕ و گۆیژە، دروستکردنى شارێک لە باڵەخانە، ڤێللا و سەوزایى لەلایەن کۆمپانیاى قەیوانەوە، بۆتە باس و بابەتى میدیایى ڕۆژ، پارادۆکسێکى لە نێوان دوو بۆچووندا دروستکردوە.
جارێ، با ئەوە بڵێم ئەم شاخ و گردانە، جارێک پارەیەکى خەیاڵى لە ڕێکخراوى فاوى جیهانى بۆ سەوزکردنى وەرگیرا، بە سەوزى پارەکەى خورا.
ئێستا کە پرۆژەیەکى جوانى لێ بونیاد دەنێرێت:
یەکەم: شارەوانى کە خۆى ناتوانێ دوو سنەوبەرى لێ بنێژێت و ڕێگایەکى بۆ ڕاکێشێت، ئاگادارە و بەبێ بەرامبەریش نەیانداوە بە قەیوان.
دووهەم: گەر واى دابنێین، خەڵکانى دەست کورت  و هەژار، هەقیانە نیگەران بن لەوەى دەستیان پێ ڕاناگات و لێى بەهرەمەند بن، بەڵام خەڵکانێک و سەرمایەدارێک لە پشت ئەو فەوزا میدیاییەوە هەن، کە دژی قەیوانن، دەبێ بەردێ فڕێ نەدەنە کانییەکەوە، کە پێشتر ئاویان لێ خواردۆتەوە.  
سێیەم: گەر خەڵکانى ژینگەدۆست، خەمى ئەزمەڕ و شارەکەیانە، خۆ پێشتر و ئێستاش بە دەستە ڕاست و چەپى پڕۆژەکانى قەیوانەوە، هەموو سەرقاڵى پرۆژە و شاخ هەڵکۆڵینن، هەندێکیان زۆر سوودمەند بوون و زێرابێکیشیان دەرنەکردوە وەکو خزمەتگوزارى بۆ شار، لە بەرامبەر ئەو هەموو پرۆژەیەى پێیاندراوە.
ئێ قەیوان، شەقام دروستدەکات، وابڕیارە تونێلێک لێبدات لە قەیوانەوە بۆ ئەمدیوو و ئەودیوو، ئاوى بۆ ڕابکێشێت، ئێ دەیان پرۆژەى ترى کردوە و وا بڕیارە شەقامى سەد مەتریش بەشێکى تەواو بکات، (کە بە هۆى پێنەدانى پارە، کارەکانى سست دەڕوات).
باشە، با واى دابنێین لە سلێمانى پڕۆژەکانى قەیوان و شێخ فاخرى لێ دەردەکەین، پرۆژەکانى فاروق گروپ و فاروقى مەلا مستەفاى لێ دەردەکەین، پرۆژەکانى گروپى کۆمپانیاى هەڵەبجە و ئاسۆ حاجى محەمەد بامۆکى لێ دەردەکەین، پرۆژەکانى نەجمەدین پێنجوێنی، ئەحمەد ئیسماعیل، کاک والى، نەوزادى نورى بەگ و شێخ عەلى باڵامبۆ لێ دەردەکەین.
ئەم سەرمایەدارانە لە شار دەکەینە دەرەوە و پرۆژەکانیان لێ قبوڵ ناکەین، باشە سلێمانى چى لێ دەمێنێتەوە؟
با ئەوەش بڵێم "هەموو ئەو پرۆژانەى دراوە بەو سەرمایەدارە نیشتمانییانە، حکومەتى هەرێم، لە سلێمانى، دهۆک و هەولێر، یان پارەیان لێ وەرگرتوون، یان لە بەرامبەردا پرۆژەیان پێ دروستکردوون".
هەر ئێستا لە سلێمانى چەند پرد و بەرزە پرد دروستدەکرێت، هەموویان ئەو سەرمایەدارانە دروستیان دەکەن، حکومەت و بەرپرسانیش دواى دێن بۆ شۆ، (قردێلەکەى دەبڕن).
ڕەخنە و دڵسۆزى بۆ شار و ژینگەى دروست، قبوڵە، بەڵام هاندان و دژایەتى، ناتوانێت ئامانجى دڵسۆزانە بپێکێت.
قسەیەک هەیە دەڵێت "سەرمایەدار و بازرگانەکانى سلێمانى ڕادەکەن بۆ هەولێر، هى هەولێر ڕادەکەن بۆ بەغداد، هى بەغدادیش ڕادەکەن بۆ دوبەى"، ئەمە نوکتە نییە، هەقیقەتە.
بۆیە واز لەو سەرمایەدارانە بهێنن، ڕاویان مەنێن، کە پێشتر سەردەمانێك هێزتان بردونەتە سەر، فشارتان خستۆتە سەر مناڵەکانیان، سەردەمانێك باج و سەرانەشتان لێ ساندوون، بە ناحەق شەریکیشیان بوون و هەندێکجار گێچەڵیشتان پێکردوون.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن