هاوپەیمانی كوردستانی ئێران (هەسەكە) و مەترسی بلۆكبەندی ڕۆژهەڵات
2/26/2026 2:49:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)
*هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران (هەسەكە) ڕۆژی (22/2/2026) لەنێوان پێنج حیزب و سازمانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، حدكا، خەبات، (پژاك)، (پاك)) وەكو بلۆكی یەكەم خۆی ڕاگەیاند.
*بلۆكی دووەم، لە بەرامبەردا دوو حیزبی سەرەكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (كۆمەڵە- حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، كۆمەڵەی شۆڕشگێر) بایكۆتیان كرد و دوو ڕاگەیاندنی جیایان بڵاوكردەوە.
* ئەو نزیكبوونەوەیە باشە، گەلی كورد لەو هەلومەرجەدا خۆشحاڵ دەكات! بەڵام هێزەكانی ڕۆژهەڵات چەندین ئەزموونی سەرنەكەوتووی دووبارەیان هەیە، لە بابەتی "هاوپەیمانی نێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێر و حیزبی دیموكرات" كە دواتر هەڵوەشایەوە.
*"ناوەندی كاری هاوبەشی حیزبەكانی كوردستانی ئێران"، لەنێوان دوو كۆمەڵە، دوو دیموكرات و خەبات، ئەگەر چی (سازمانی خەبات) بەڕەخنەی توندەوە زوو چوە دەرەوە، هەڵوەشایەوە. دواییان "ناوەندی دیالۆگی (7) حیزب" كە بەمشێوەیە هەڵوەشایەوە، ئایا چارەنووسی ئەم هاوپەیمانییە لەوانی تر باشتر دەبێت؟
*حیزبی دیموكرات، ئەندازیاری كارەكەیە، بۆیە پەلەی بوو لە دروستكردنی، تا ڕیسەكەی لێ نەكەنەوە بە خوری، پێشی ناخۆش نەبوو، ئەو دوو (كۆمەڵە)ی تێدا نەبوو، ئێستا هێزی سەرەكی ناو (هەسەكە) خۆیەتی.
*لەڕووی مێژووییەوە جیا (پاك)، (حدكا) بەردەوام مخالیفی (كۆمەڵە، پژاك، خەبات) بوە، پێشتر هیچ كام لەو سێ هێزە (حدكا)یان قبوڵ نەبوە، بەڵام ئێستا كەوایە دەبێت بەدوای فاكتەرەكانی پشت نزیكبوونەوەیان بگەڕێین...!؟
*(كۆمەڵەی زەحمەتكێشان)، بەهۆی گرفت لەگەڵ كۆمەڵەی شۆڕشگێر پاڵیداوەتە (حدكا)، (پژاك) نەیاری سەرسەختی (حدكا) لە ڕێگای پەیامی (پ.ك.ك) و توركیاوە، چۆتە ناو (هەسەكە)، (خەبات) پاش دانیشتنە نهێنییەكانی نێوان (مستەفا هیجری) لە دوو حەوتووی ڕابردوو لە پاریس، لەگەڵ (سازمانی مجاهدینی خەلقی ئێران ) و دانیشتنەكانی پێشووی نێوان نوێنەرانی (حدكا و مجاهدین) لە پاریس، هاتۆتە ناو (هەسەكە).
*بە واتایەكی تر هێزێكی سەرەكی پشت پەردەی ڕێككەوتنەكە -كە كارێكی باشە- دەكرێت هێزێكی باشور بێت، چونكە پێگە و هەژموونی زۆری لەناو ڕۆژهەڵات و هێزەكانی هەیە، بەپێچەوانەی هێزی تر كە ئەو كاریگەرییەی نەماوە، وەزیری ناوخۆ – كە پیاوی باش و دۆستی ڕۆژهەڵاتییەكانە-، بە بەیاننامە هەڕەشەیان لێ دەكات و بە دڵ-یش، پشتیوانیان لێ دەكات...!
*توركیا نەیشاردوەتەوە، (پژاك) بە بەشێك لە (پ.ك.ك) دەزانێ، بۆیە ماوەیەكە خەریكی دانوستان و یەكتر بینین و خودی (پ.ك.ك) ئاگادارە و بێ ڕەزامەندی قەندیل و ئیمڕاڵی، (پژاك) ناچێتە ناو (هەسەكە).
* لە ماوەی ڕابردوودا، وەفدێكی ئێرانی هاتونەتە هەرێم و داوای بەرتەسكردنەوەی كار و چالاكی (پژاك)یانكردوە لە سنوورەكانی باشور و ڕۆژهەڵات، كە دیارە ئاگاداری ئەو پەیوەندییەی توركیا هەن.
* لەم هاوپەیمانییەی (هەسەكە)، گەر سەیری وێنە گەورەكە بكەیت، جارێكی تر دابەشبوونی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ (جنووب و شیمال) بە واتایەكی تر هێزەكانی ناو ئەم هاوپەیمانییە جگە لە كۆمەڵە، هێزی (شیمال)ی ڕۆژهەڵاتن، هێزەكان بایكۆتی ئەم ڕیككەوتنە (هەرسێ كۆمەڵە)كەی تر (عەلیزادە، موهتەدی، مازوجی) پایە و هێزی (جنوب)ین، واتا ئەم هاوپەیمانێتییە گەر چانسێكی یەكگرتنی هێزەكانی هەبێت، ئەوەندەش دەبێتە هۆكاری لێكجایی، دوو بلۆك و دابەشكردنی كوردستان لە ڕووداوەكانی داهاتوودا.
*دەبێ (هەسەكە) ئەوە بزانێت، هێزی سیاسی زۆرتر هەن لە ڕۆژهەڵات كە مخالیفن، دەكرێت لە پاڵ هەردوو (كۆمەڵە)كەی تر، بلۆكێكی تر بن و بەمەش ڕۆژهەڵات وەكو ڕابردوو دەبێتە دوو بلۆكی (شیمالی و جنوبی).
*گرفتی سەرەكی لەم نێوەدا ئەوەیە؛ (كۆمەڵە-حیزبی كۆمۆنیست و كۆمەڵەی شۆڕشگێر) كە بایكۆتی كارەكەیانكردوە، گەر بیانەوێت ڕیككەوتن ئیمزا بكەن، گرفتی فكری و تەشكیلاتی زۆریان هەیە، ئەوەش تاكە كارتێكە كە (حدكا) هەم خۆشحاڵ دەكات و هەم لێی دەترسێ.
*ئایا (هەسەكە) ئەجێندایەكە یان هەلومەرجێكی بابەتی دروستیكردوە، گەر شەڕی ئەمەریكا و ئێران ڕووینەدا – كە پێدەچێت لەسەر ئەو بنەمایە دروستبووبێت- ئایا چارەنووسی (هەسەكە) چی لێ دێت؟ گەر پێچەوانەكەشی بوو، (هەسەكە) دەتوانێ ڕۆڵی بەرەی كوردستانی عێراق بگێڕێت، یان لێی هەڵدەوەشێتەوە؟
*كۆتایی دەبێ بڵێم؛ ئەم هاوپەیمانییە (هەسەكە)، كارەكتەرە سەرەكییەكانی پشتەوەی (سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران (پ.ك.ك، حدكا) و چەند هێز و لایەنی ترن، لانیكەم بۆ ئەم هەلومەرجە خەڵكی كوردستان پێی دڵخۆشن.
پیرۆزە ئەم هەنگاوە (هەسەكە)...!