253وتار

ڕاوە بەراز و درۆنى تورکى

10/30/2023 4:54:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)



1
بێ دەنگبوونى ئەمەریکا لە هەرێم

واشنتۆن بەبێ دەنگبوونى لە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، لە پرسى موچە و نەوت .... دەکرێت بەو مانایە بێت، کە لە هەرێم نیگەرانە و چاوپۆشى لە مامەڵەکانى بەغدا دەکات، نیگەرانییەکانى ئەمەریکا لە هەرێم لە پرسى پێشمەرگە، دەخالەتى ئەنکەرە و تاران، پرسى نەوت و غاز دایە، کە لە هیچکام لەوانە نەیتوانى لایەنەکان ڕازیبکات و بەپێى خواست و بەرژەوەندییەکانى ئەو هەنگاو بنێن.
بەڵام چانسى هەرێم لەوەدایە، بارودۆخى ئەمەریکا لە عێراق باش نییە، بە دەست حەشدى شەعبى و گروپە چەکدارەکانەوە و هێرشەکانى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو پلانەشى لێشێواند کە بە نیاز بوو هێرش بکاتە سەر گروپە چەکدارییەکانى سوریا، عێراق و لوبنان.
گەرمى شەڕەکانى نێوان حەماس و ئیسرائیل، هێندەى تر ئەمەریکاى سەرقاڵکرد.

2
غازى هەرێم

دۆسیەى غازى کۆرمۆر، پاش سێ ساڵ لە مامەڵە و ململانێى نێوان یەکێتى و پارتى، لە دواى شەڕى ئۆکرانیا، ڕەواجى زۆرى لەناو جیهانى بازرگانى و سیاسى پەیدا کرد، سەرۆکى حکومەت زوو سەردانى تورکیا و ئیماراتى کرد بۆ ساغکردنەوەى وەکو ئەڵتەرناتیڤى غازى ڕوسیا بۆ ئەوروپا، بەڵام هەر زوو ئەم پلانە توشى بەربەست بوەوە، بەوەى کە بەرهەمهێنان لە زۆنى سەوزدایە، وتیان؛ ڕێگا نادەین بە دەردى نەوتەکە بچێت، پاشان ڕوسیا و ئێرانیش هاتنە سەر خەت.
ناردنە دەرەوەشى لە تورکیاوە شکستیخوارد، ئێستاش وەکو داهاتێکى گەورەى ئابورى کوردستان سەیر دەکرێت و ڕەنگە فرۆشتنى لە ڕێگاى عێراقەوە، وەکو باشترین ئەڵتەرناتیڤ سەیر بکرێت، کە لەسەر مێزى گفتوگۆى ئەمەریکا، عێراق و یەکێتى دایە، ئێرانيش لە پشتى پەردەوە پێدەچێت بە ئاکام بگات.

3
ئاڵوگۆڕەکانى هەرێمى کوردستان

واشنتۆن، پاریس و لەندەن، بە دڵنەرمى، ئەنکەرە، بەغدا و تاران و تەنانەت یەکێتیش بیر لەوە دەکەنەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان گۆڕانکارى بەسەردا بێت و بیر لە ئەڵتەرناتیڤى نوێ و کار بۆ هێنانە پێشەوەى کەسانێک بکەن، کە ئەزموونى ڕابردوویان لە گەڵیدا هەیە، لایەنەکانى هەرێم و عێراق ڕەزامەندن لەسەر مامەڵە و بەڕێوەبردنى قەیرانەکان، بەڵام ئەوەى پرسیارە بۆیان، ئایا ئەم ئاڵوگۆڕە، کە ڕەنگە بکرێت پاش هەڵبژاردنەکان ئاسانە؟ ئایا توشى گرفتى ناوخۆیى و حیزبى نابێتەوە؟ ئایا دەخالەت نییە لە کاروبارى سیاسى و حیزبى ناو حکومەت و حیزبێک؟ ئایا مەترسى لێ ناکەوێتەوە؟ بە هەرحاڵ ئاڵوگۆڕێك لە هەرێم و حكومەتدا ڕوودەدات، بەڵام بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە پەيوەندى بە هەڵبژاردنەوەكانەوە هەيە، كە ڕەنگە دوابخرێت.

4
حەماس و ئیسرائیل

شەڕى بەردەوامى حەماس و ئیسرائیل، ڕووداوێکى چاوەڕوانکراوى سیاسى و سەربازى بوو، بە تایبەتى وەکو شکست بۆ ئیسرائیل و موساد، کە وەکو دوو دەزگاى یۆتۆپى بەهێز سەیر دەکران، بەڵام دەرکەوت، بزوتنەوەیەکى ئیسلامى بە بیروباوەڕە، دەتوانێت هەم سنورى عەسکەرى، هەواڵگرى و ئەمنییەکان بشکێنێت، هەم هیچ زانیارییەکى ناوخۆیى دزە نەکاتە دەرەوەى.
ئەم شکان و شکستە ئیسرائیلى توشى شۆک و بەربەریەتى بێ وێنە کردۆتەوە، تا دەستیداوەتە کوشتنى خەڵکى بێ دیفاع بەناوى حەماسەوە.
پرۆسەکە ئیمکانى نییە بێ مۆسکۆ و تاران ئەنجامدرا بێت، بە ئامانجى هەڵوەشاندنەوەى پلانى واشنتۆن بۆ لێدانى هێزە دۆستەکانى ئێران و فشار لەسەرى لە بەرامبەر پشتیوانى لە شەڕى ئۆکرانیا.
بەڵام پلانى مۆسکۆ بە ئامانجى تێوەگلانى ئەمەریکا لە شەڕێک لەگەڵ ئێران، هاوشێوەى شەڕى خۆى لەگەڵ ئۆکرانیا، کە پێناچێت ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەو شەڕە بکەن.
ململانێى واشنتۆن و تاران لە دەرەوەى سنورەکان، شەڕى بە وەکالەت دەکەن، بەڵام تاران دەتوانێ یارییەکى بەهێز بکات و نەیارەکان مەشغوڵ بکات بۆ بەرهەمهێنانى چەکى ناوەکى و دڕۆن، لەسەر جوگرافیاى واقیعیش، بە هەر هەموو وڵاتانى عەرەبى بە قەدەر تاران ڕۆشن قسە ناکەن، لە پشتیوانى حەماس و فەڵەستین.


5
ڕاوە بەراز و دڕۆنى تورکى

ئەنقەرە بۆ شەڕى (پەکەکە) و (هەسەدە)، کۆتاییهاتنيان بە یەکجارى، تۆڕێکى هەواڵگرى، جاسوسى، ئەمنى و چاودێرى تەکنەلۆژیاى گەورەى دروستکردوە لە ئاسمانى هەرێمى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان و سنورەکانى خۆى، واتا لە (تورکیا بۆ ئێران، لە تورکیا بۆ سوریا)، هەموو ئاسمانى خستۆتە سەر تۆڕێکى (شەبەکەیى) چاودێرى ورد بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و بەردەوام دەیان فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان، بە ئاسمانى ئەم سێ وڵاتەوەن.
تەنانەت هێندە چاودێرییەکەى ورد کردۆتەوە، زۆرجار لە جوڵەى بەرازەکانى ئەو ناوچە شاخاوییانە ئاگادارە و دەیانکاتە قوربانى و لەسەر کوشتنى گەریلاش حسابى دەکات.
سێ ساڵە چاوەڕوانى گڵۆپى سەوزى ئەمەریکایە بۆ هاوکاریکردنى بۆ هێرشى زەمینى بۆ سەر قەندیل تاوەکو پڵنگەکانى تامیل کۆتایى بە (پەکەکە) بێنێـن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوە.

6
کشانەوەى ئەمەریکا و چارەنووسى هەرێم

گەر بەیانییەک لە خەو هەڵساین و ئەمەریکا بڕیاریدابێت هێزەکانى خۆى لە عێراق و کوردستان بکشێنێتەوە چى ڕوودەدات؟ هاتنى ئێران و تورکیا بۆ کوشتنى نەیارەکانیان؟ هاتنى داعش و جینایەتى نوێ و پەلاماردانى کوردستان لەلایەن حەشدى شەعبییەوە، واتا هاوشێوەى سیناریۆى گەڕانەوەى تاڵیبان بۆ ئەفغانستان، ئایا حکومەتى هەرێم بیرى لەوە کردۆتەوە؟ كە چ كارەساتێك ڕوودەدات و يەكەم قوربانيش هەرێمە.






سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن