107وتار

ڤیستیڤاڵی هەنار و خشتی سوور

11/4/2024 8:08:00 PM
ئەنوەر حسێن (بازگر)

خەڵكی هەڵەبجە، چ خۆشحاڵن بە "ڤیستیڤاڵی هەنار"، شتێكی سادە"، بەڵام هەڵەبجەییەكان، بێ سنوور خۆشحاڵ دەكات، چونكە چاوەڕوانی زۆریان نییە لە حكومەت و حیزبەكان و تەنانەت پارێزگار و قائیمقام و یەكە ئیدارییەكان، بەهۆی ئەو ئەزموونە بێ وەڵامەی لەم لایەنانەیان دیوە.
هەموو لايەك بۆ وتاری ساڵانە (16/3) لەناو میدیا و گوتارەكانیان زۆر زیادەڕۆیی دەكەن بۆ ستایشی قوربانیانی هەڵەبجە، بەڵام بەكرداری هەڵەبجە مۆركی پارێزگاربوون و ئاوەدانی زۆری پێوە نابیندرێت.
ئەم ڕۆژانە چوومە هەڵەبجە، خەڵكم دواند، وتیان؛ بەرپرسەكانی ئەمشارە زۆرینەیان ماڵیان لێرە نییە و هەر نيوەڕۆ دەڕۆنەوە بۆ سلێمانى لە دەرد و ئازارەكانی ئێمە تێناگەن.
كادیرێكی یەكگرتووی ئیسلامی وتی؛ پێمان ناخۆشە بارزان هەڵەبجەيى- كاندیدی (ی.ن.ك) بەڕێوەبەری پۆلیس دەچێتە پەرلەمان و شارەكە جێدەهێڵێت، وتی چونكە ماڵی لێرەیە.
لەگەڵ ئێش و ئازاری ئێمەیە، جیاوازی نێوان یەكێتی و یەكگرتوو و پارتی ناكات.
دووكاندارێك وتی: "كاكە گیان، دوو بابەت بنووسە، دوو قسەی خێر بكە بۆ ئەم شارە، بە كاك قوباد بڵێ ئەم دەورەيە چوار لێپرسراوی فرە خاسمان لەم شارە بۆ دابنێ، كە ماڵیان لێرە بێت!".
گوناهە بڵێین، هیچ نەكراوە، بەڵام پشكی شێری سیمای ئاوەدانی ئەم شارە، هەر لە دەروازەی شارەكەوە دەست و پەنجەی سیمای ڕەفیق حەریری هەڵەبجە دەبینیت.
وتیان؛ ئەوە كارگەی ڕۆنی ڕاسانە، كارگەى بەرهەمە شيرەمەنييەكان، ئەوە (قوتابخانەی ئەحمەد موختار جاف) بە (خشتی سوور) ئەوە (خوێندنگای سەرەتایی گۆران) بە (خشتی سوور) ئەوە (كتێبخانەی گشتی حاجی محەمەد بامۆكی) بە (خشتی سوور) ئەوە فڵان و فیسار پڕۆژە.
ئاسۆ حاجی محەمەد بامۆكی، بزنسمانی هەڵەبجەیی، سەرمایەداری خۆشەویستی هەڵەبجەییەكان، ڕەمزی ئاوەدانی ئەم شارە خێرلە خۆنەدیوە.
لە هەر كەسم پرسی؛ یەكێتی و پارتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ...، وتیان؛ دەبێت پەیكەری بۆ دروستبكەین، هەڵەبجە و ئاسۆ بامۆكی دوالیزمن، ئەوە ڕەفیق حەریری هەڵەبجەیە.
هەڵەبجەييەكان تەنها لەسەر يەك كەس و يەك بابەت ڕێكن، ناكۆكيان نييە، ئەويش خزمەتەكانى ئاسۆ بامۆكييە.
كەواتا ئەركی حكومەت و یەكێتی-یە، هەم خۆی دەستی ئاوەدانی لێ هەڵبكات، هەم پشتی ئاسۆ بامۆكی بگرێت بۆ پڕۆژەكانی و هاوكاری بكات.
لەم وەرزەدا كە دەچیتە هەڵەبجە، دوو شت سەرنجت ڕادەكێشێت (ڤیستیڤاڵی هەناری خەڵك و سیمای خشتی سووری پڕۆژەكانی ئاسۆ بامۆكی).
لە شارەكە گلەیی ئەوەشم كرد، وتم هەقە بامۆكی شوێنێك بەناوی (تاهیر بەگى جاف)ی شاعیر بكاتەوە.
هاوڕێكەم وتی؛ بينووسە؛ هەرچەندە تۆ خۆت (تاهیر بەگ)ت خۆشتر دەوێت، بەڵام دڵنیام ئاسۆ بامۆكی-ش بە گوێت دەكات، (هەر بەڕاستی تاهیر بەگ، شاعیری هەست ناسك و گەنجی خێر لەخۆ نەدیوو، نموونەی بەرزی شیعری كوردی و ئەفرێنەری هەڵەبجە و هەورامان و كوردستانە...).

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن