42 کوردستان

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەسەر وەرگرتنی پارەی ڕێگاوبان هاتە دەنگ

02:11 - 02/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەرجەم  ئەو لێدوانانەی ڕەتکردەوە کە بەناوی وەزیری ئاوەدانکردنەوەوە بڵاودەکرێنەوە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و لێدوانانەی رەتکردەوە کە بە ناوی وەزیری ئاوەدانکردنەوەوە سەبارەت بە "وەرگرتنی پارەی رێگاوبان" بڵاوکراونەتەوە؛ هاوکات هۆشداری دەدات کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پەیج و میدیایانە دەگرنە بەر کە هەواڵی چەواشەکارانەیان بڵاوکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە بەشێک لە میدیاکان و پەیجەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لێدوانێکی هەڵبەستراو بە ناوی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڵاوکراوەتەوە دەربارەی پرسی وەرگرتنی پارەی رێگاوبان.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جەخت دەکاتەوە: "لە رێی ئەم روونکردنەوەیەوە رایدەگەیەنین؛ ئەوەی بڵاوکراوەتەوە سەرلەبەری ناڕاست و دروستکراوە و مەبەست لێی چەواشەکارییە."

لە روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دووپاتی کردووەتەوە کە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت لە پێناو خستنەڕووی راستییەکان، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر سەرجەم ئەو دەزگایانەی راگەیاندن و پەیجانە بگرێتە بەر کە دەستیان هەبووە لە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییە ناڕاست و هەڵبەستراوانەدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن