بەریز کاک د بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی و سەرنج
12/14/2025 12:35:00 PM
بابەكر دڕەیی
بە بۆنەی دیاریکردنی بەریز دکتۆر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران، بەدڵ پیرۆزبایی ئەکەم و هیوادارم وەک هەمیشە سەرکەوتوبێت و تۆمارێکی تری پڕ لە گەشی و جوانی بخاتە سەر پرۆفایلی پیشوتری خۆی.
خزمەت و دەستپیشخەریەکانی د بەرهەم لە سەردەمی سەرۆکایەتی حکومەتی هەریمی کوردستان و تەنانەت لە کابینەکانی بەغداشدا، گرنگ و بەرچاون و شایستەی باسکردن و قەدرزانینن .
بەڵام هەر لەم بۆنەیەدا بەباشم زانی چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو، بەو هیوایەی تیشک بخەمە سەر بابەتێک کە رەنگە هەموان لایان گرنگ نەبوبێت:
یەکەم: هەلبژاردنی د بەرهەم بۆ پۆستیکی جیهانی لەو ئاستە بەرزەدا دو مانای ڕوون ئەدات بەدەستەوە: ١) کاک دکتۆر بەرهەم کەسایەتیەکی لیهاتو و شایستەیە کە دەزگا هەرەباڵا
نێودەوڵەتیەکان لێی رادەبیین ئەرکی پێبسپرن؛
٢) کاک دکتۆر بەرهەم ئیتر لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان دورکەوتۆتەوەو، ڕۆڵی ئەو وەک فیگەرێکی بەهیزی سیاسی لەم چوارچیوە جوگرافیایەی پێی دەوتری هەریمی کوردستان کۆتایی هاتوە.
دوەم: دورکەوتنەوەی د بەرهەم ساڵح لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان( ڕاو سەرنجمان لەسەر پراتیکی سیاسی ئەو هەرچیەک بێت) بەو مانایەیە کە ئەم مەیدانە سیاسیە تا دێت بەتاڵ دەبێت کە کەسایەتی کاریگەرو پسپۆڕ و خاوەن قورسایی، بەو مانایەشە گۆرەپانەکە تا دێت قۆرخدەکرێت بۆ گروپێک یان دو گروپی سیاسی کە دەکرێ لە چوارچیوەی بنەماڵە یان حزبدا خۆیان ڕیکخستبێت و بوارنەدەن بە مانۆڕو جوڵەی هیچ کەسایەتیەکی تر کە لە خولگەی ئەواندا گەمە نەکات و بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆنی رەخنە و ریفۆرمخوازی لێبێت.
سێهەم : بەو مەفهومانەی لە سەرەوە باسکران، ڕواڵەتی بابەتەکە، واتە وەرگرتنی پۆست لە لایەن د بەرهەم ساڵح ەوە بۆ زۆر کەس بۆتە مایەی شادی و پیرۆزبایی، بەڵام لە حەقیقەتدا دەرچونی کەسێکی شایستە و هوشیار و کارزانی وەک د بەرهەم لە جوگرافیای سیاسی کوردستان مایەی غەم و نیگەرانیە نەک شادی و ئاهەنگێران بەحساب، لەسەر ئەو بنەما ناسیۆنایستیە بەتاڵەی گوایە کەسێکی « کورد» پۆستی جیهانی وەرگرتوە...
راستە پێشینان وتویانە « بۆنی دوژمنی مردو ناخۆش نیە» و هەر لەو روانگەشەوە، دابڕاندنی د بەرهەم لە هەرێمی کوردستان و سەندنەوەی ڕۆڵی سیاسی لێی، بیگومان بۆ زۆر کەس لە ناحەزو ڕکەبەرەکانی مایەی ئاهەنگ و خوشحاڵیە، بەڵام لە درێژماوەو تەنانەت بۆ ئیستای کوردستانیش، بەتاڵبونی جیگەی مرۆڤە شایستەو بەتواناکان لە بری ئەوەی مایەی شاگەشگە و هەلپەرکێ بیت، مستەهەقی خەمێکی قوڵە بۆ چارەنوسی دیموکراسی و ئازادی و ریفۆرمخوازی لە هەریمی کوردستان.