621وتار

مانەوە لە ڕیزی زیندوەکان..

6/4/2020 4:19:00 PM
بابەكر دڕەیی

(1)
زۆر کەس سەبارەت بە پەتای کۆڤید 19 و کاریگەریە تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی شتیان نوسی، زاناکان و بیرمەندەکان، سیاسەتوانان و پزیشکان تا دەگاتە کەسانی ئاسایی، هەموان لە یەک ئاقاردا یەکدەنگ بون کە ئەم نەخۆشیە پەتایەکی جیهانیە و کاریگەری قوڵ لەسەر ئێستەو داهاتومان دادەنێ.
پێم گونجاو بو لێرەدا منیش بەشداربم و، گەر بتوانم و دەرفەت هەبێ، بە چەند خاڵێک ڕای خۆم سەبارەت بەم پەتاو ڤایرۆسە ترسناکەو کاریگەریە دەسبەجێ و درێژمەوداکانی بنوسم  و هەر خاڵێک تەرخان بکەم بۆ بابەتێکی تایبەت.. لەوانەش:  ڤایرۆسی کۆرونا یاخود کۆفید ۱۹ و سەرچاوەکەی ، ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لە پێشگیری ڤایرۆس ، ئەگەرەکانی قەیرانی ئابوری ناوخۆیی وجیهانی، مایەپوچی سەرمایەداری بازاڕ  لە ئاستی گلۆبالی، حاڵ و ئەحواڵی نوخبەی سوپەر ــ توێژی جیهانی، دەرمان و تەمەندرێژی مرۆڤ، و چەندین بابەتی تری گردێدراو بەم قەیرانە گەورەیەی ڕوی کردۆتە توخمی مرۆڤ.

یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانەدا خێرایی و جدیەتێکی شایانی ڕێزی لەخۆی نیشاندا بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان... هەم حکومەتە لۆکاڵیەکان و هەم ناوەند، بە هارمۆنیەکی بێپێشینەوە بڕیاریان وەرگرت و هەوڵیاندا هاوڵاتیان تێبگەیەنن کە لەم قۆناغەدا  خۆپاراستن تەنها چارەسەرە بۆ بڵاونەبونەوەی کۆرۆنا. ماندوبونی ستافی تەندروستی و کارگێڕی لە شارەکانی کوردستاندا جێگەی ئەوپەڕی ڕێزەو ، خەڵکی کوردستان ئەم ماندوبونە ئەبینن و لەیادوەریاندا ئەمێنێتەوە..
هاوشان لەگەڵ ڕۆڵی حکومەت ، هوشیاری باڵای خەڵکی کوردستانیش خۆی نمایش کرد و هاوڵاتیان سەلماندیان کە لە کاتە قەیرانی و پێویستەکاندا دەتوانن دیسپلینێکی توندوتۆڵ ڕەچاوبکەن و خۆیان لە هەر ئەگەرێکی توشبون بپارێزن..ئەمەش بێگومان کاری حکومەتی ئاسانکردو بوە مایەی سەرکەوتنی تا ئێستامان.
هاتنی کۆڤید ۱۹ نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو سەرپاکی حکومەتەکانی جیهانی خستە ژێر مەحەکی تاقیکردنەوەی قورس. نەک حکومەتەکان و کابینەو وەزارەتەکان کەوتنە ژێر تاقیکردنەوەو  لێپرسراوەتی گیانی و مێژوییەوە بەڵکو "سیستم"  ە سیاسی و کارگێڕیەکان و تەنانەت ئایدیۆلۆژیەکانی پشتی ئەوانیش کەوتنەوە بەر زەڕەبینی ڕەخنەو دوبارەهەڵسەنگاندنەوە..
ئێستە لە ئاستی جیهانیدا هەمو مرۆڤەکان نیگەرانن ئاخۆ کێ دەتوانێ لە ڕیزی زیندوەکان بمێنێتەوەو  ئەو تەمەن و کاتەی سروشت پێی بەخشیوە یان پێی وایە سروشت پێی داوە بەدڵی خۆی سەرفبکات و بگوزەرێنێ.. ئەمەش مەسەلەیەکە کە بە درێژایی مێژووی چەن ملیون ساڵەی توخمی مرۆڤ ڕوینەداوە یاخود بەم ئاستە هوشیاریە دەستەجەمعیەوە ڕوینەداوە کە لە ئاستی گلۆبالیدا هەموان پێکەوە، لە چینەوە تا کالیفۆرنیا، لە باکوری سویدەوە تا باشوری ئەفریقا یەک خەم ویەک جۆر نیگەرانیمان هەبێت و چرکە بەچرکە ئاگامان لە دۆخی تەندروستی یەکدی بێت..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن