882وتار

به‌خشین وه‌ک رێگایه‌ک بۆ گۆڕینی نیشتیمان

2/26/2019 2:53:00 PM
بابەكر دڕەیی

"تواناو زیره‌کی له ‌هه‌موو گۆشه‌یه‌کی ئه‌مریکاو جیهاندا به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان دابه‌شبوون، به‌ڵام ده‌رفه‌ت و وه‌به‌رهێنان و رێکخراوه‌ چالاکه‌کان به‌وجۆره‌ نین"  بیڵ کلنتۆن 
ئه‌و وتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ سه‌ره‌تای کتێبێکی گرنگی بیڵ کلنتۆنن، که‌ به‌ڕێز بارام سوبحی کردویه‌تی کوردی... ئه‌زموونی زۆرینه‌ی سه‌رکرده‌ باشه‌کان و مرۆڤه‌ گه‌وره‌کانی جیهان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ که‌ "به‌خشین" پره‌نسیپێکی بنه‌ڕه‌تیه‌ بۆ خۆشکردنی ژیانی تاک و کۆمه‌ڵگاکان . 


له ‌وڵاتانی پێشکه‌وتوودا ئه‌زموونی به‌خشین له‌وه‌ ترازاوه‌ که‌ ته‌نها له‌رێگای رێکخراوه‌ مرۆڤدۆستیه‌کانه‌وه‌ ئەنجامبدرێت یان به واتایه‌کی تر "دامه‌زراوه‌ و رێکخراوو په‌یمانگاکان پێی هه‌ڵسن، به‌ڵکو له‌ئاستی "تاک"یشدا بوه‌ته‌ نه‌ریتێکی چه‌سپاوو ساڵانه‌ سه‌دان که‌س، چ که‌سانی سه‌رمایه‌دار و مرۆڤی‌ خێرخواز یاخود که‌سانی ئه‌کادیمی و پسپۆڕ، ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی مرۆڤانه‌ دارایی خۆیان ده‌به‌خشن" . به‌م واتایه‌ مه‌رج نیه‌ به‌خشین ته‌نها پارەو سامان بێت، به‌ڵکو ده‌کرێ له‌ رێگای به‌خشینی کات یاخود زانیاری یاخود شمه‌ک و پێداویستی ژیانی که‌سانی تره‌وه‌ بێت.. 


هه‌روه‌ک کلنتۆن وتویه‌تی " راسته‌ هه‌مووان خاوه‌نی ماڵ و سامانێکی یه‌کسان نین، به‌ڵام هه‌مووان به‌یه‌کسانی له ‌رۆژێکدا خاوه‌نی بیست و چوار کاتژمێرین، له‌هه‌ندێ کاتدا به‌خشینی کات له ‌به‌خشینی ماڵ و دارایی به‌نرختره‌ و جێگه‌ی ره‌زامه‌ندیه‌ ..." به‌داخه‌وه‌ له ‌کوردستان به‌خشین به‌شێوه‌یه‌کی گشتی و له‌ گشت ئاسته‌کاندا نه‌بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و جێگای سه‌رنج.. راسته‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا کۆمپانیاکان هاوکاری زۆر کەس و هونه‌رمه‌ندیان کردووه‌و جێ ده‌ستیان دیاره‌، له‌ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیشدا سه‌ردانی نه‌خۆش و کاری خۆبه‌خش له ‌فه‌رمانگه‌کاندا تا ئه‌ندازه‌یه‌ک هه‌ستی پێده‌کرێت، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه‌ش هێشتا کۆمه‌ڵگای کوردستان زۆری ماوه‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ له ‌هه‌ستی مرۆڤانه‌ که‌ پێمان وابێ ده‌توانین له‌ رێگای به‌خشینی کات و پاره‌ و سامان و شمه‌ک و پسپۆڕیه‌وه‌ ده‌توانێ زیاتر هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه‌ بنێت . 


ئێمه‌ له ‌کوردستان مرۆڤی به‌خشنده‌مان زۆرن، مرۆڤگه‌لێک سه‌رباری به‌خشینی زۆریان له‌ کات و سه‌رمایه‌ و شمه‌ک و عشق، به‌داخه‌وه‌ هێشتاش ده‌زگا ره‌سمییه‌کانی ده‌وڵه‌ت لایان لێنه‌کردونه‌ته‌وه‌و رێزی شایسته‌یان لێنه‌گرتوون . سه‌دان که‌سی سیاسیمان هه‌ن که‌ زۆرینه‌ی ته‌مه‌نیان به‌خشی بۆ خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگانه‌ و به‌پاکی مانه‌وه‌و تێکه‌ڵ به‌ سیستمی گه‌نده‌ڵی و مافیایی نه‌بوون، به‌داخه‌وه‌ که‌س قەدری نەزانین و ده‌ستخۆشی لێ نه‌کردوون . سه‌دان ده‌وڵه‌مه‌ندو خێرخواز هه‌یه‌ که‌ سه‌رمایه‌یه‌کی زۆری خۆیان به‌ئاشکراو نائاشکرا به‌خشیوه‌ته‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت یاخود نه‌خۆشخانه‌و کاری هونه‌ری به‌ڵام حکومه‌ت هه‌رگیز باکی به‌ خێرخوازی ئه‌وان نه‌بووه‌ . 


گه‌ر بمانه‌وێت له‌م هه‌رێمه‌دا له‌رێگای به‌خشینه‌وه‌ وڵاته‌که‌مان به‌ره‌و گۆڕان و مرۆڤدۆستی و خۆشه‌ویستی به‌رین، پێویستمان به‌ ده‌زگایه‌کی ره‌سمی هه‌یه‌ که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی بکرێ و ساڵانه‌ چه‌ند کاندیدێک له‌ که‌سایەتی و ده‌زگا جیاوازه‌کان خه‌ڵاتی مه‌عنه‌وی بکات و له‌و رێگایه‌وه‌ به‌ کۆی کۆمه‌ڵگا بڵێ که‌: حکومه‌تی کوردستان پشتگیری به‌خشین ده‌کات و ده‌ستی ئه‌وانه‌ ده‌گوشێ که‌ کات و سه‌رمایه‌ و زانست و عشقی خۆیان ده‌به‌خشنه‌ ئەو مرۆڤانەی تر که‌ پێویستیان پێیه‌تی .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن