بۆچی بەم ڕێکەوتنە قەڵسن؟
5/4/2021 3:38:00 PM
بابەكر دڕەیی
یەک: ڕاستی ڕوداوەکە وەک خۆی
ئەوەی ڕویدا هەنگاوێکی
زۆر سادە و ڕۆتینی کاری سیاسیە کە لە هەمو دنیادا و لە سەروەختی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان
ڕوو دەدات: لێرەش، لەو وڵاتەی هەموان بە
قسە داوای تەبایی و برایەتی تیا ئەکەن، دو حزب کە بریتین لە گۆڕان و یەکێتی، بە پێی
ڕێکەوتنێک، بەشداری هەلبژاردنی پەرلەمانی بەغدا دەکەن.
دو: ئەم رێکەوتنە قازانجەکانی ئاشکران:
1. پەیوەندی نێوان گۆران و یەکێتی سەرلەنوێ،
دوای ساردیەکی چەن ساڵی، گەرم دەکاتەوە و بواری بەرەوپێشچون و زیندوکردنەوەی رێکەوتنی
دەباشان دەرەخسێنێ.
2. رێدەگرێ لە هاشوهوشی پۆپۆلیستی و هاتوهاواری
بێبنەمای میدیا نابەرپرسەکان و ئەوانەی خوازیاری ماسی گرتنن لە ئاوی قوڕاودا،
3. دەمی هەمو ئەوانە دەبەستێ قسەی خراپ و جوێنیان
بە گۆران ئەدا گوایە، دوای بەشداری کابینەی نۆهەم، سەربەخۆیی لەدەستداوەو چۆتە ژێر
ڕکێفی پارتیەوە و ناتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ.
4. کەشێکی ئارام و پڕ متمانە بە پرۆسەی هەلبژاردن
دەبەخشێ و وادەکات دەنگدەرانی سەرجەم پارتەکان
بە دڵنیایی زۆرترەوە بەشداری پرۆسەی هەلبژاردن بکەن و بە ئەندازەی جاران لە تەزویر
نەترسن.
5. فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی بەغدا، هەر لە ئێستەوە زەمینەی کاری پێکەوەیی بۆ فەراهەم دەبێ بەو حوکمەی زۆرینەیان لەسەرەتاوە
بەشداری پرۆسەیەکی هاوبەش بون.
6. ئەم
رێکەوتنە لە باریدا هەیە متمانەی هەردولا بە ئەندازەیەک قایم بکات کە بۆ کاری
داهاتو لە پەرلەمانی کوردستان و دەرەوەی پەرلەمانیش لە بابەتی یەکخستنی پێشمەرگە و
نەهێشتنی گەندەڵی و کۆنترۆلی سنورەکان و هتد هاوکارو لێکتێگەیشتنی زیاتر بێتە
ئاراوە.
سێ: کۆی کاردانەوەکان جێی سەرنج بون : چ ناوخۆی یەکێتی
و گۆران، چ پارتە سیاسیەکانی تر بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە.
ئەوەی لە لیستی
ناڕازیانی ڕێکەوتنی گۆڕان_ یەکێتی دا ئازاری زۆرترە، بەلای منەوە هەڵوێستەکانی ناو خودی یەکێتین چونکە ڕەخنەگرە ناوخۆییەکانی گۆڕان، سەرباری هەنێ سەرنجی عەقڵانی ، دیسانیش
خۆشحاڵیان بە پێکهاتنەکە دەربڕی.
ئەوەش
کە ئایا نوسینەکانی ڕێبوار کەریم وەلی لەسەر پارتی حسابن یان دەزگایەکی تری دەرەکی، جێی گفتوگۆیە و ناکرێ ئەو زمان و تۆنەی ڕێبوار بە زمانی حزبێکی گەورەی وەک پارتی دابنرێت لە کاتێکا گۆڕان بۆ بەشداری لە هەڵگرتنی باری سەنگینی کابینەی
نۆدا قورسترین باجی لێسەنراوە و دو فراکسۆنی پەرلەمانی خستە قەیران و سەدان هەلسوروای لێ تۆران و دورکەوتنەوە...
کاک مەلا بختیار
لە کورتیلە رەخنەکانیدا بە زمانێکی گاڵتەجاڕیەوە ڕێکەوتنەکەی ناوناوە "کۆلاج"،
گوایە فۆرمالیتەیەو ڕیشەدار نیە و هیچی لێسەوز نابێ.
هەروەها بەرێزیان
(هەرلە هەمان نوسیندا! ) پێشنیار دەکات کە
یەکێتی و گۆڕان باشترە یەک بگرنەوە!
واتە بە لای ئەم
ئەندامە بەڕێزەی" ئەنجومەنی باڵای دیاریکردنی بەرژەوەندی یەکێتی"
یەوە ئەو هەنگاوەی
هاوسەرۆکانی یەکێتی ناویانە بۆ پێکهاتن لەگەڵ گۆڕان شتێکی هاکەزاییەو قوڵ نیە و بە
ئامۆژگاری بەرێزیان بێت باشترە گۆران و یەکێتی یەکبگرنەوە.. یان بەو مانایەی من لەو
نوسینە هیرۆگلیفیانە تێیئەگەم، چاکترە گۆڕان تەسلیم بێتەوەو ئیتر لە" ئەنجومەنی
باڵا" وە فەرمانی تەعیناتی بۆ دەرچێت و ببێتە بکەری فەرمانەکانی بەرێزیان.. (
هەلبەت گەر فەرمانێکیان پێبدرێت..)
بەشێکی تر لە
خوشک و برایانی کۆن و تازەی یەکێتی، راستەوخۆ یان لە ڕێگەی پەیج و میدیای سێبەرەوە،
ڕایان گەیاند کە ئەوان ئاگاداری ئەم ڕێکەوتنە نەبون!
ئێستە پرسیارەکە بۆ خەلکی کوردستان بە گشتی و ئێمەی خوازیاری گۆرانکاری
لەم وڵاتە ئەوەیە: ئایا ڕێکەوتنی دو پارتی
سیاسی( کە هەنێک کەس پێیان وایە لایەکیان ئەسڵەن روحیشی تیا نەماوە... ) بۆ هەلبژاردنی
پەرلەمانی بەغداو وەستان بەرامبەر شۆڤێنیزم و شیعەی توندرەو کارێکی باشە یان خراپ؟
ئێمە وەک هەلسوراوی سیاسی و چاودێر نازانین و ناتوانین
بزانین کێ لە ناو یەکێتی پرسی پێکراوە یان پێی نەکراوە، بەڵام بە وتارەکانی کاک مەلا بختیارو بڵاوکردنەوی وتاری ڕێبوار
کەریم وەلی لە هەنێ پەیجی سەربە یەکێتی کە سوکایەتی بە گۆڕان دەکات، تێدەگەین کە
ناحەزانی ئاشتی و برایەتی و پێشخستنی سلێمانی و پشتگیری سەرکردە هەڵبژێراوەکانی یەکێتیش
لە ناو یەکێتیدا قسەیان ماوەو گەر بۆیان بکرێ ئەوەی بنیاتنراوە و بڕیارە بۆ چاکەی
خەڵک بنیات بنرێ تێک و پێکی ئەدەنەوە.
والسلام علی من
اتبع الهدی.