670وتار

خانەی ڕاپەڕاندن و ئەرکی نوێ

9/10/2019 3:42:00 PM
بابەكر دڕەیی

لەم چەند رۆژەی داهاتوودا هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدرێت و بزووتنەوەکە دەبێتە خاوەنی ڕێبەریەکی تازەهەڵبژێراو کە  بڕیارو پەسەندکراوەکانی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بێ کەم و زیاد جێبەجێ دەکات.

پاش کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، ئێمە کەوتینە قۆناغێکی سەختەوە: قۆناغێک کە هەر حزب و دەوڵەتێک دوای کۆچی ڕێبەرێکی کاریزمایی و دەگمەن پیای تێدەپەڕێت... کاک نەوشیروان بۆ گۆڕان وەک درەختێکی مەزن بوو.. سێبەرەکەی هەمووانی دەگرتەوەو ئۆکسجینی پێویستی بەهەمووان دەبەخشی‌و، بە یەکسانی ئیرادەو دیدی ڕۆشن و ستراتیژو، لەسەرووی هەموو ئەوانەوە ڕۆشنایی‌و خۆشەویستیەکی ڕاستگۆیانەی دەبەخشییە هاوڕێ و میوانەکانی و وەک مرۆڤ دیاردەیەکی بێوێنەو بێهاوتا بوو کە بەداخەوە هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

دوای کۆچی ئەو، لیژنەی ڕاوێژ هەبوو کە زۆرینەی هەڵسوڕاوە سەرەکییەکانی لە خۆیدا کۆدەکردەوە. ئەم لیژنەیە ئەرکێکی قورسی کەوتە سەرشان کە چۆنچۆنی بەتاڵی شوێنی ڕابەری کۆچکردوو پڕبکاتەوە؟ گفتوگۆی زۆر کران، سەرەنجام و دوای پێداگری جدی ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوان، بڕیاردرا کە خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێکخەری گشتی، بەپێی دەستوور پێکبێ و بزووتنەوەکەمان لە بێ سەری ڕزگاری ببێ.

خانەی ڕاپەڕاندنی دوای کۆچی کاک نەوشیروان دەزگایەک بوو کە ئەرکی سەنگین و مێژوویی کەوتە سەرشان لەوانە:

ڕاگرتن و هێشتنەوەی بزووتنەوەکە بە یەکگرتوویی،


ڕاوەستان بەرامبەر کێشە سیاسییە زۆرەکانی وڵات لەبابەتی ڕیفراندۆم و شەڕی داعش و دیسان پاراستنی گۆڕان لە دابەشبوون و جیابوونەوە،


بەشداربوون لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و هەوڵدان بۆ ڕێگری لە کەوتن و لاوازبوون.


خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەوڵی دا کە ئەو ئەرکانەی خۆی بەپێی تواناو تێگەیشتنی لە ڕووداوەکان چارەسەر بکات. هەوڵەکانی خانە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆری دەنگدەران و هەڵسوڕاوان بووەوە، بەڵام سەرباری کۆی ڕەخنەکان یەک سەرکەوتنی گرنگ و شایان بۆ خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان تۆمار دەکرێت ئەویش ئەوەیە کە توانی بەهێمنی و بە سیاسەتێکی پڕ لە ئەزموونەوە، بزووتنەوەکە لە دابەشبوون بپارێزێ و بەرگەی ڕەخنەکان بگرێ و هەرگیز نەکەوێتە داوی کاردانەوەو شەڕی میدیایی لەگەڵ هیچ لایەن و گروپێک.


خانەی ڕاپەڕاندنی ئێستامان توانی گۆڕان لە قۆناغی ترسناکی دوای کۆچی نەوشیروان مستەفاوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی ئامادەسازیی بۆ هەستانەوەو ڕێکخستنەوەی جوڵانەوەکەو دیاریکردنەوەی لێپرسراوانی ژوورەکان شەڕی داهاتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و حکومەتە لۆکاڵیەکان.


ئەوان ڕۆڵی خۆیان بە ڕێزەوە وازی کردووەو ئەوەی لە تواناو وزەیان بووە سەرفیان کردووە.


ئەرکی خانەی ڕاپەڕاندنی نوێی گۆڕان ئەوەیە، کە ئەو دەزگا گرنگەی بەناوی بزووتنەی گۆڕان وەک میراتێکی سیاسی ئامادە لە نەوشیروان مستەفاو هاوڕێکانی پێش خۆیانەوە وەری دەگرن، بخەنەگەڕ بۆ:


بەدەستهێنانەوەی دەنگی خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنەوەی پەرلەمانیی گۆڕان.


هەوڵدانی جدی بۆ چاکسازیی و خۆشکردنی ژیانی خەڵک و قایمکردنی دەزگاو دامەزراوەکان.


پڕکردنەوەی شوێنی بەتاڵی دەزگاکانی خودی گۆڕان و بنیاتنانی تەماسێکی ڕۆژانەو پڕ لە خۆشەویستی لەگەڵ خەڵک بەگشتیی و دەنگدەرانی گۆڕان بەتایبەتی.


چاوەڕێین لەم ڕۆژانەی دادێن خانەیەک بۆ بزووتنەوەکەمان هەڵبژێردرێ، کە  پارێزگاری لە میراتی سیاسی هاوڕێکانی پێش خۆی بکات و لە ئاستی ئەوەشدابێ کە بە بەرچاوڕوونیەوە هەنگاوەکانی بنێ و بزانێ ئەم گەلە چی پێویستەو خواستە ئەسڵیەکانی چین و چۆن بۆی دەستەبەر دەکات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن